چالاکی چادر هەڵدان لەدژی گۆشەگیری لە قامشلۆ بەردەوامە

دانیشتوانی تل کۆچەر و چلئاخا سەردانی چادری دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان کرد کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە هەڵدراوە. لە چالاکیەکەدا باسی ئەوەکرا کە لە کەسایەتی رێبەری گەلی کورددا، گەل سزا دەدرێت.

دانیشتوانی ناوچەی تل کۆچەر و چلئاخا بەشداریان لە چالاکی هەڵدانەوەی چادری دژی گۆشەگیری کرد کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە لە پارکی ئاری قامشلۆ ئەنجام دەدرێت.

لە چالاکیەکەدا پێشەڕۆژ جەوهەری ئەندامی یەکێتی رۆشنبیرانی هەرێمی جزیر قسەی کرد و رایگەیاند، دەوڵەتانی دەسەڵاتدار لە هەرێمەکە نایانەوێت گۆڕانکاری دیموکراسی دروست ببێت و وتی، "لەبەرئەوەش زۆر کێشە لە سوریا و عێراق دروست دەبن و تا ئێستاش بەردەوامە. هەروەها لەبەرئەوەی نایانەوێت هیچ گۆڕانکاری بکەن، ئێستا گەلانی ناوچەکە ئێش و ئازار دەبینن."

جەوهەری باسی ئەوەی کرد کە ئەم هەموو ئێش و ئازارە بەرماوەی داگیرکەرانە و کەلتوری پێکەوە ژیانیان لەناو گەلاندا لەناو بردووە و وتی، " هزری عەبدوڵلا ئۆجالان لەسەر بناغەی کەلتوری پێکهاتەکانی هەرێمەکە دروست بوو."

جەوهەری دەشڵێت، هێزە پیلانگێڕەکان لە کەسایەتی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورددا، هەوڵ دەدەن گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادگایی بکەن.

دواتر نەواف خەدان ئەندامی ئەنجومەنی ناوچەی تەل کۆچەر قسەی کرد و رایگەیاند کە بە یەکدەنگی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکە  تیرۆری دەوڵەتی تورک لەسەر دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەن.

ئەمەل جەلود ئەندامی کۆنگرەی ستار لە تل کۆچەر قسەی کرد و گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی شەرمەزار کرد و داوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئۆجالان کرد.

چالاکی چادر هەڵدان تا ٢٨ی ئازار بەردەوام دەبێت.

ف.ق