داواکاری گشتیی تورک دروستکردنی کێل بە 'تاوان' دەزانێت

داواکاری گشتیی کۆماری لە وان لە سکاڵاکەیەدا لە دژی ١٨ بەڕێوەبەری مەبیادەر "بەشداریکردنیان لە مەراسیمی پرسەی گەریلادا، بەخاکسپاردنی تەرمی گەریلا و دروستکردنی کێلی بە 'تاوان' ناوبردووە".

مانگی ئایاری ڕابردوو پۆلیسی لقی بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی وان هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری و پشتیوانی لە بنەماڵە و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان لە لانکەى شارستانیەتدا (مەبیا – دەر / MEBYA-DER) گوڵستان ئۆنڤەر، بەڕێوەبەر عەزیزە ئۆنەر، جەودەت بیلەکچی، جەیدا دیندار، مەحمود دیندار، جیهاد ئاکسو، ئەمینە شایباک، خەلیل کاراکۆچ، حەلیمە سوسلو، عیسا دەمیراگاچ، کامەران چیفتچی، موحسین دەمیر، نەبی کاچاک، نوحی کاچکا، نوحی ئالیجی، ساواش ئەنجو، سورەیا ئازباگ وشەوکەت کاپڵان-یان دەستگیرکردبوو.

لە دوای دەستگیرکردنی ١٨ کەس هەر یەک لە عەزیزە ئۆنەر، گوڵستان ئۆنڤەر، جەیدا دیندار، جیهاد ئاکسو، خەلیل کاراکۆچ، کامەران چیفتچی،  کاموران چیفتچی، مەحمود دیندار، سیراجەدین بایهار و شەوکەت بایهار بەتۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخستنی  تیرۆریستیی چەکدار دا" بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا و ڕەوانەی زیندانیان کردن.

داواکاری گشتیی کۆماریی دەوڵەتی تورک لە وان دوای ٧ مانگ سکاڵانامەى خۆی لە دژی ئەو کەسانە ئامادە کرد و رایگەیاند، مەبیادەر درێژکراوەی کۆمەڵەى پشتیوانى لە بنەماڵەى بێسەروشوێنکراوانی میزۆپۆتامیا (مەیادەر -Meya-Der)ە، کە ساڵی ٢٠١٦دا بە بڕیاری باری نائاسیی دەوڵەتی تورک داخرابوو.

بەپێی سکاڵاکەی داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک، دروستکردنی کێل و بەخاکسپاردنی تەرمی گەریلاکانی پەکەکەی بە 'کاری ڕێکخستن' پێناسەکردووە و  هەروەها سەردانی چادری سەرەخۆشی و پرسەی گەریلاکانی پەکەکەی بە 'تاوان' ناو بردووە. داواکاری گشتیی وان رۆیشتن بۆ پرسەى وەک "تاوانی بەشداری لە هاوفکری و چالاکی دا" پێناسە کردووە.

هەروەها لە سکاڵانامەکەى داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە وان دا هەواڵی ئاژانسەکەمان، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە دوای دەستگیرکردنی ئەو ١٨ کەسە و هەواڵەکانمان لەبارەی دەستگیرکردنیانەوە وەک تاوان لە دژی ئەو کەسانە بەکارهێناوە. داواکاری گشتیی کۆماری لە وان سەرنجی خستووەتە سەر هەواڵێکی ئاژانسەکەمان (ANF)، کە بە ناونیشانی "بەڕێوەبەرانی مەبیادەر دەستگیرکران" و بانگەشەی ئەوەیکرد، بەڕێوەبەرە هەڵبژێردراوەکان لە تورکیا، کە بە شێوەی یاسایی کار دەکەن "بەڕێوەبەرانی رێکخستنن".

داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە وان لەبارەی هەواڵەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەسەر دەستگیرکردنی ئەو کەسانە رایگەیاندووە، رێکخستن بە بڵاوکردنەوەى هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، پشتیوانیی لەو کەسانە کردووە.

ژ.ت