دایكانی ئاشتی رۆژهەڵاتی كوردستان: با دایكان لەوە زیاتر جەرگ سووتاو نەبن

دایكانی ئاشتی رۆژهەڵاتی كوردستان بەبۆنەی دوازهەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی چوار شۆڕشگێڕی كورد لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە راگەیەندراوێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و رایانگەیاندوە؛ پرسی كورد، پرسێكی مێژووییە و بەسەركۆتكردن چارەسەر نابێت.

گروپێك لەدایكانی عەداڵەتخواز و دایكانی گیانبەختكردوانی رێگای ئازادیی كوردستان كە وەكو دایكانی ئاشتی دەناسرێن بەبۆنەی دووازدەهەمین ساڵرۆژی لەسێدارەدانی چوار تێكۆشەری كورد "فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان"، راگەیەندراوێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و سەرەڕای بەبیرهێنانەوە ئەو گیانبەختكردوانە رایانگەیاندوە؛ هیوا و ئاوات و داهاتوو هیچ كاتێك بەلەسێدارەدان لەناو ناچێت! وەرزی سەرما و سۆڵەی زەستان تێدەپەڕێت و ئەوەی لە رێگەیە، بەهاری دووبارە ژیانەوەی گەلانە.

دەقی راگەیەندراوەكەی دایكانی ئاشتی

"دڵی دایكان خوێن مەكەن!

جارێكی تر مانگی گۆڵانە و بۆنی شەهادەت دێت. لەم مانگەدا رژێمی داگیركەری ئیسلامیی ئێران چوار رۆڵەی تێكۆشەری كوردیان لە لووتكەی بێ عەداڵەتیدا لەسێدارەدا. شەهیدان "مامۆستا فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەكیلی و عەلی حەیدەریان" بەتاوانی تێكۆشان لەرێگای ژیانێكی ئازاد و بەبۆنیادنانی كۆمەڵگەیەكی یەكسان و بەرابەر لەچەند خۆلەكێكدا لە لووتكەی بێ عەداڵەتیدا لە تارێكی دا و لەبەرامبەر چاوی دنیاوە لەسێدارەیان دان.

 ناعەداڵەتی تا كەی؟ تا كەی زۆڵم و ستەم؟ ئەوانە بەو خەیاڵەوە كە كوردان لەناو دەچن! خەیاڵ دەكەن، كە كوردان بێدەنگ بوونە و بە ژیانی كۆڵەواری و كوێلایەتی رازی دەبەن! گریان و فرمیسكی رۆژانەمان تا كەی میوانی ماڵی دایكانی كورد بێ! مێژووی دووبارە بوو و مێژووی كورد چیرۆكی دارە پیرەیە! هیوا و ئاوات و داهاتوو هیچ كاتێك لەسێدارە نادرێن! وەرزی سەرما و بێ رۆحی زستان بەكۆتا دێت و ئەوەی دێت بەهاری دووبارە ژیانەوەی گەلانە.

وەكو دایكانی ئاشتی رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەرای بەبەبیرهێنانەوەی یادی شەهیدانی ئازادیخواز و بەتایبەتی شەهیدانی مانگی گۆڵان، داواكارین عەداڵەت و رێگە چارەیەكین بۆ پرسی گەلی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان. ئەم پرسە پرسێكی مێژووییە و بەسەركۆت و كۆشتن چارەسەر ناكرێت. پرسی ئازادی گەلێكە كە سەددان ساڵە بێ پچڕان لەتێكۆشاندایە.

جارێكی تر شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی بەرێزەوە بەبیردێنینەوە و زۆڵم و ستەم و ئەو وێرانیگەلەی لەكوردستاندا پێكدێن لەناو دەبەین".

ژ.ت