'دەبێت لە شوێنی خۆی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بکرێت'

٦٨ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد و داوایان کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێک رەوانەی ناوچەکە بکرێت.

٦٨ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا کە ئەندامانی گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپاشی تێدایە، نامەیەکیان ئاڕاستەی داڤید ساسۆلی سەرۆکی پەرلەمان کرد و داوایان لێکرد، بە مەبەستی سەلماندنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی مرۆڤایەتی، هاوکات بۆ لێکۆڵینەوە لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندێکی تایبەت بە پەرلەمانتاران و بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپای دروست بکرێت و دوای کۆتایی هاتنی قەدەغەی هاتوچۆ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەردانی ناوچە خۆسەریەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن.

لە نامەکەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپادا هاتووە:

"بەڕێز ساسۆلی

ئێمە وەکو پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئەوروپا بە چاوێکی گرنگ تەماشای راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی نێودەولەتیی سەربەخۆی کۆماری عەرەبی سوریا دەکەین کە لە ١٤ی ئابی ٢٠٢٠دا پێشکەشی کۆنسەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

ئەم راپۆرتە بە شێوەیەکی ئاشکرا، تیشک دەخاتە سەر پێشەلکردنی مافی مرۆڤ لە باکوری سوریا. ئەم پێشەلکاریانە لە لایەن 'لیوای سلێمان پاشا'، 'لیوای حەمزە' و 'لیوای سولتان موراد'ی سەر بە تورکیا ئەنجام دەدرێت. ئەو گروپانە جگە لە عەفرین-ئەلبات، ناوچەکانی گرێ سپی-سەرێکانیشیان کۆنترول کردووە.

قوربانیانی ئەو پێشەلکاریانە، لە دژی دەستدرێژی و رفاندنی مرۆڤ، کوشتن بە بێ دادگاییکردن و چەندین کردەوە و پێشەلکاری تر، سکاڵایان هەیە. قوربانیەکان کە زۆربەیان کوردن و بەشێکیان توانیویانە رزگاریان بێت لەو کۆمەڵکوژیانە، لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بوون.

ئێمە داواکارین، دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە پشتیوانیە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی بهێنێت بۆ ئەو گروپانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک مافی مرۆڤ پێشەل دەکەن. بانگەوازیش ئاڕاستەی سوپای تورک و گروپەکانی دەکەین کە کۆتایی بە داگیرکەریەکانیان لە باکوری سوریا بهێنن و لە ناوچەکە بکشێنەوە.

لەم چورچێوەیەدا داواکارین، لیژنەیەکی تایبەت لە ئەندامانی پەرلەمانتاران دروست بکرێت کە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵیان بژێرێت و دوای کۆتاییهاتن بە قەدەغەی هاتووچۆ بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەردانی ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکات.

ئامانجی رەوانەکردنی ئەو شاندە بۆ ناوچەکە ئەوەیە کە، لەسەر بارودۆخەکە زانیاری وردتر کۆبکەنەوە و لەگەڵ ناوەندە سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دیالۆگ ئەنجام بدات و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی تورکیا رایان کردووە. ئەم هەوڵە رێگە بۆ ئەوە دەکاتەوە کە راپۆرتەکانی کۆنسەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت و بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژیەکان دەستنیشان بکرێن و لە ژێر سایەی دادگای سزا نێودەوڵەتیەکان دادگایی بکرێن."

ز.ش