دەوڵەتی تورک بە بەرچاوی پەدەکە لە ناوچەکانی سەر بە زاخۆ دار دەبڕێتەوە

دەوڵەتی تورک لە دۆڵی ساخان و شەشداران-ی سەر بە زاخۆ لەژێر چاودێریی هێزەکانی پەدەکە و پاسەوانی سنووردا، بەردەوامە لە بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکە، دیمەنەکانیش دەریدەخەن کە ئاستی زیانەکانی ژینگەی ناوچەکە بەدەستی سوپای تورک گەیشتووەتە چ ئاستێک.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە خەڵکی ئەو ناوچانەوە دەستیکەوتووە، سوپای تورک بەدەستی جاشەکان و لە هەردوو دیوی باکوور و باشووری کوردستان چەندین تەن داری بڕیوە و تاڵانیان دەکات، بەشێوەیەک خەریکە بەتەواویی ناوچە سنوورییەکان ڕووت دەکرێن.

لە ئێستاشدا سوپای تورک لە هەردوو ناوچەی دۆڵی پساخان و شەش داران لە سنووری ئیدارەی زاخۆ بەردەوامە لە بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکە.

دانیشتووانی ناوچەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، کە هیچ هێزێک ڕێکار ناگرێتەبەر بەرامبەر بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەکە و هەتا ئێستاش سەدان بارهەڵگر دار براونەتە شاری شرناخ.

ناوچە سنوورییەکان لەلایەن هێزەکانی پاراستنی سنووری سەر بە حکومەتی عێراقەوە پارێزگارییان لێدەکرێت، ئەگەرچیی هێزەکە سەربە حکومەتی عێراقن، بەڵام فەرماندەکانیان کەسانی سەر بە پەدەکەن.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش ڕۆژنیوز لەزاری سەرچاوە هەرێمییەکانەوە ئاشکرایکرد، کە لە ناوچە شاخاوییەکانی هرورێ لە ناوچەی بەرواری، سوپای تورک بارەگایەکی نوێی سەربازیی دروست دەکات و بۆ ئەوەش ڕێگایەکی درێژیان بەناو دارستانەکانی ناوچەکەدا دروستکردووە.

سوپای تورک بە هاوبەشیی لەگەڵ بەرپرسانی پەدەکە هەزاران داری لەو ناوچانە بڕیوەتەوە و بازرگانییان پێوەدەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی بهێندرێت ئاشکرای کردبوو، کە دروستکردنی بارەگا سەربازییەکەی دەوڵەتی تورک و بڕینەوەی دارستانەکان لە سنووری هرورێ، بە هاوکاریی دلێر فەرزەندە زێباری، فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سنوور ئەنجامدەدرێت، کە فەرماندەیەکی سەر بە پەدەکەیە.

تاوەکو ئێستا لەسەر هیچ یەکێک لەو ڕووداوانە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی ژینگە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.
ف.ق