"گەورەترین هۆکاری قەدەغەی سەر پەکەکە بۆ بازرگانیکردنە بە چەکەوە"

پارێزەری ئەڵمانی ڕۆڵاند مایستەر، لوکاس ئیتیل لە حزبی دی لینکە و سیریل بینیۆت وتەبێژی حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا، کە پشتگیریی کەمپەینی دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی "تیرۆر" دەکەن رایانگەیاند، هۆکاری سەرەکیی قەدەغەی سەر پەکەکە بازرگانیی چەکە.

کەمپەینی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی "تیرۆر" تاوەکو دەچێت لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیدا بەرفراوانتر دەبێت. پارێزەری ئەڵمانی رۆڵاند مایستەر، لوکاس ئیتیل لە حیزبی دی لینکەی ئەڵمانیا و وتەبێژی نێونەتەوەیی حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا سیریل بینیۆت لەبارەی کەمپەینەکەوە قسەیان بۆ میدیا هەواڵی ئەرمەنی ناسراو بە کانسۆ کرد.

پارێزەری ئەڵمانی مایستەر ڕایگەیاند، قەدەغەی سەر پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دەستیپێکرد و بەو هۆیەوە لە ئەڵمانیا گوشار و ستەم و  زۆردارییەکی زۆر لەسەر کورد دروست بوو. زۆرێک لە داواکارییەکانی کوردان بۆ بۆ پەنابەری قبوڵ نەکران و زۆرکەسیشیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکی ئەشکەنجەگەر کرانەوە.

مایستەر باسی لە "لیستی تیرۆری" یەکێتیی ئەوروپا کرد و وتی، پەکەکەش لەو لیستەدایە و وتیشی: "هیچ کەسێک هیچ مانایەک بەوە  نادات، کە بۆچی یاسا نێونەتەوەییەکان، بۆ نموونە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا کوردە تێکۆشەرەکانی خستووەتە ناو ئەو لیستەوە. پەکەکە و بەڕێز ئۆجالان لە عێراق، ئێران، سوریا، تورکیا و ناوچەکانی تر ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینن بۆ ئازادکردنی گەلان، بۆ ئەوەش زۆر گرنگە قەدەغەی سەر پەکەکە لاببرێت".

پارێزەری مایستەر لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لە بڕیارەکەی دادگای بەلجیکا لەسەر پەکەکە کرد و رایگەیاند، ئەڵمانیا رۆڵی زۆر گەورەی لەوەدا هەیە، کە پەکەکە لە ناو "لیستی تیرۆر" دایە و ڕاشیگەیاند، ئەڵمانیا هەزاران دۆسیەی لە دژی گەلی کورد کردووەتەوە.

پارێزەر مایستەر ئەوەشی وت، "بڕیاری دادگای بەلجیکا، کە دەڵێت، پەکەکە رێکخستنێکی تیرۆر نییە، بڕیارێکی لە جێدایە. بزووتنەوەی کورد یارمەتیی گەلی ئێزدی دەدات، کۆبانێی لە دەستی داعش ڕزگار کرد، پەکەکە تێکۆشانی ئازادییە".

مایستەر لە درێژەى وتەکانیدا وتیشی، "تێکۆشان لە دژی ڕژێمە دیکتاتۆرییە فاشیست و نەژادپەرست و داگیرکەرەکان تیرۆر نییە، بەڵکو تێکۆشانی ئازادییە. ئەوە گەورەترین ئارگۆمێنت و فاکتەری ئێمەیە لەم کەمپەینەدا. ئێمە لێرەوە بە ئاشکرا ئەوە دەبینین و دەزانین، کە پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نییە".

مایستەر لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لە دۆخی دەستبەسەرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "ئازادیی ئۆجالان مەرجێکە. ئۆجالان ئێستا دەیتوانی لە برۆکسل قسە بکات، دەیتوانی بانگەوازی بۆ یەکێتیی ئەوروپا هەبێت و بیکاتە بەردەنگ".

مایستەر ئەوەشی وت، پەکەکە بەهۆی قەدەغەکردنەوە لاواز نەبووە، بەڵکو بە هێز بووە و وتی: "گەلی کورد تاوەکو دەچێت بەهێزتر دەبێت. هەڵمەت و کەمپەینی گرنگ لە دژی ئەو لیستەی بە ناو تیرۆر دروست دەبەن و بەڕێوەدەچەن. دەبێت ئەو قەدەغەکارییە لاببرێت و دەبێت بگاتە ئاستێک، کە دیالۆگ ئەنجام بدرێت. ئەگەر بمانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا هەنگاوێک بەرەو پێش  بڕۆن، دەبێت پەکەکە لەو لیستە دەربهێنرێت. هەروەها دەبێت کارێک بکەین، کە ئۆجالان ئازاد بکرێت. وەک چۆن ئەوە بۆ ماندێلا لە ئەفریقای باشوور زۆر پێویست بوو، دەبێت ئەوەش بۆ ئۆجالان بکرێت".

لوکاس ئیتیل وتەبێژی هەرێمی ئالنی پارتی چەپ (دی لینکە)ی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیاری، ئەوەی بۆچی پەکەکە هێشتا لە لیستی تیرۆردایە، باسی لە هاوکاریی ستراتیژی ئەڵمانیا لەگەڵ دەوڵەتی تورک کرد، کە ئەو هاوکارییە لە مێژووەوە بەردەوامە و وتی، بەهۆی ئەو هاوکارییە ستراتیژییەوە هێشتا پەکەکە لە ئەڵمانیا قەدەغەیە و ئەڵمانیا هەموو کات لە دژی بزووتنەوە تێکۆشەرە ئازادیخوازەکان و ئازادی و سۆسیالیستەکان بووە.

ئیتیل وتیشی: "بۆ هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە گوشار دەخەینە سەر حکومەتەکەمان، بۆ ئەوەی دژی توندوتیژییەکانی تورکیا بوەستێتەوە و پشتیوانیی ئابووری لە تورکیا نەکات لە هەوڵداین و گوشاری قورس لە حکومەتەکەی خۆمان دەکەین. پەکەکە هێشتا قەدەغەیە، بەڵام بە پێی ڕابردوو ئێمە زۆر بەرەو پێشچووین و پێشکەوتنمان. حکومەتی ئەڵمانیا بە قەدەغەکردنی پەکەکە، لە بازرگانی چەک، کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ سوپای تورکدا هەیەتی، ملیارەها دۆلاری بەدەست هێناوە. یانی حکومەتی ئەڵمانیا بە قەدەغەى سەر پەکەکە پارەی دەست دەکەوێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، کە هێشتا پەکەکە لە لیستی ڕێکخستنە قەدەغەکراوەکاندا هێڵدراوەتەوە،  بۆ بەردەوامیدانە بە بازرگانیی چەک. ئێمە هیوادارین دەستپێشخەرییە چەپە ئەڵمانییەکان، لە دژی کۆمپانیای ڕاین میتاڵ چالاکی و  هەڵوێستی جدییان هەبێت. هەروەها لە دژی کۆمپانیا پاشکۆ و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان بە بازرگانیی چەکەوە هەڵوێستی جدییان هەبێت".

ئیتیل تیشکی خستە سەر گرنگیی کەمپەینەکە و وتی: "ئەگەر بەڕاستی ئەم کەمپەینە بگاتە ئامانج، ئەوا گوشارێکی گەورە لەسەر دەوڵەتەکان دروست دەکات ''.

سیریل بینیۆت وتەبێژی نێونەتەوەیی حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا و یەکێک لە پشتیوانانی کەمپەینی واژۆکردن بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی "تیرۆر" ڕایگەیاند، زۆر گرنگە بۆ ئاشتی و دیموکراسی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا دەربهێنرێت.

بینیۆت لەبارەی هەڵبژاردنی فەرەنسا، کە لە مانگی نیساندا بەڕێوەدەچێت وتی، گۆڕانکاریی راستەقینە بەرامبەر بە کورد و پەکەکە بە گۆڕانکاری لە حکومەت و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا دەبێت و وتیشی، دەیانەوێت هاوکاریی تێکۆشانی گەلی کورد بکەن. بینیۆت ئەوەشی وت: "ئێمە دژی ئەوەین، کە پەکەکە بە تیرۆر لە قاڵب بدرێت و پێناسە بکرێت. ئێمە باش دەزانین تیرۆریزم لە ڕاستیدا چیە. بۆ نمونە، لە پاریس و زۆر لە پایتەختەکان، تیرۆریستە ڕاستەقینەکانمان بینی. ئەوانەى لە دژی ئەو تیرۆریستە ڕاستەقینانە شەڕیان کرد و ئێمەیان پاراست هێزی کورد بوو".

بینیۆت ئەوەشی خستەڕوو پەکەکە بەهۆی بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیادا، هێشتا لە لیستی "تیرۆر" دایە.

بینیۆت وتی، لەبەر ئەوەی پەکەکە لە ناو لیستی "تیرۆردایە" خەڵکی ئەوروپا بە پێشداوەرییەوە لە پەکەکە نزیک دەبنەوە و وتی، دەبێت ئەو پێشداوەرییە بشکێنرێت. بینیۆت ڕایگەیاند، پەکەکە "ڕێکخستنێکی تیرۆریستی" نییە، بەڵکو بۆ مافەکانی مرۆڤ، دانیشتوانی مەدەنی تێدەکۆشێت و تاکە هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیادا، کە بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت و دەبێت ئەوەش بە جوانی ڕوون بکرێتەوە. بینیۆت ئەوەشی وت: "ئەم شێوازە یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانە بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا".

بینیۆت وتیشی: دەبێت بتوانن حکوومەتەکانیان رووبەڕووی کردەوەکانیان بکەنەوە و وتی: "ئەگەر دەڵێن پەکەکە ڕێکخستنێکی  تیرۆریستییە، دەبێت ئێمە بڵێین، تا چەند ساڵ لەوە پێش لە تێکۆشانی دژ بە داعش دا ئێوە چەند هاوکاریی پەکەکەتان کرد. پێویستە  پرسیاریان لێبکەین، کە بۆچی لەگەڵ ئەو جۆرە ڕێباز و هەڵسوکەوتەدا بوون و رووبەڕووی ئەو پرسیارەیان بکەینەوە. بەو شێوازانە دەتوانین لەو ئامانجەوە نزیک ببینەوە، کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت.

ئێمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا لەم بابەتەدا هەڵوێستێکی ڕوونمان هەیە و دەمانەوێت ئەم کەمپینە بەرفراوان بێت و گەشە بکات".

ژ.ت