هەپەگە یادی شەهیدانی ئاریس فاریسی ئاڤاشین کردەوە

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) یادی پێنج گەریلای شەهیدی کردەوە، کە لە ناوچەى ئاڤاشین لەمانگی ئایاردا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە چەکی کیمیایی شەهید بوون.

هەپەگە رایگەیاند، لە نێوان ٦ و ٨ی ئایاردا لە ناوچەى ئاریس فاریس سێ رۆژ بەرخودانێکی مێژووی بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە داگیرکەران کوژران و لەبەر ئەوەى داگیرکەران نەیانتوانی بە هیچ ئەنجامێک بگەن، چەکی کیمیاییان بەکارهێنا.

چەکی کیمیاییان بەکارهێنا

لە راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە،، "لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەی ئاریس فاریس لە ئاڤاشین لە رۆژانی ٦ تاوەکو ٨ی ئایار، هێزەکانمان بە بەهێزی بەرخودان و بەرەنگارییان دەکرد. لەو بەرخودانە سێ رۆژییەدا بە رێباز و شێوازی جۆراوجۆر و دەوڵەمەند گورزی قورسیان لە داگیرکەران دا. دەستەیەک لە هاوڕێکانمان بڕیاریاندا لە سەنگەر و تونێلەکانی شەڕدا بمێننەوە و بە شێوەیەکی فیداییانە تاوەکو دوا هەناسەى خۆیان بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد. دەوڵەتی تورکی فاشیست و نامەرد، کە لە بەرامبەر ئیرادەی بەهێز و فیداییانەى گەریلاکانی ئازادیی کوردستاندا نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت جارێکیتر چەکی کیمیایی بەکارهێنا و هاوڕێکانمانی بە شێوەیەکی نامەردانە شەهید کرد. بە فەرماندەیی هاوڕێ ئامارا جودی، هاوڕێیانمان دیانا، ژین، روبار و ساریا لە سەنگەرەکانی شەڕدا لە ئاریس فاریس بە ئازایەتییەکی زۆر گەورەوە پێشەنگایەتییان کرد و شەهید بوون.

 زانیاری لەبارەی ناسنامەى گەریلا شەهیدەکانمان:

نازناو: ئامارا جودی

ناو و پاشناو: عایشە کاپار

شوێنی لە دایکبوون: ئەترۆش

ناوی دایک و باوک: تایبەت - ئەحمەد

کات و شوێنی شەهید بوون: ٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئاڤاشین

****

نازناو: دیانا ماریا

ناو و پاشناو: دیجلە عومەر ئەحمەد

شوێنی لە دایکبوون: دێرک

ناوی دایک و باوک: فەلەک - عومەر

کات و شوێنی شەهید بوون: ٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئاڤاشین

****

نازناو: ژین یڵماز

ناو و پاشناو: بەهار ناس

شوێنی لە دایکبوون: سێرت

ناوی دایک و باوک: زەینەب - یوسف

کات و شوێنی شەهید بوون: ٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئاڤاشین

****

نازناو: رووبار ماروفی

ناو و پاشناو: شەڕڤان ئۆزکان

شوێنی لە دایکبوون: جۆلەمێرگ

ناوی دایک و باوک: ساریا - عیسمەت

کات و شوێنی شەهید بوون: ٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئاڤاشین

****

نازناو: ساریا چیا

ناو و پاشناو: ساریا مەحمود

شوێنی لە دایکبوون: شام (دیمەشق)

ناوی دایک و باوک: جیهان - سەبری

کات و شوێنی شەهید بوون: ٨ی ئایاری ٢٠٢١ / ئاڤاشین

لە بەردەوامی راگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە:

"هاوڕێمان ئامارا جودی لە بنەماڵەیەکدا لە دایکبوو، کە بەهۆی گوشار و زوڵمەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و پاکتاوکارەوە، بەهۆی سوتاندنی گوندەکەیان ناچاربوون لە وڵاتی خۆی کۆچ بکات. خەڵکی بۆتانی بەرەنگار و خۆڕاگر پەڕینەوە بۆ باشووری کوردستان تاوەکو شوێنێک بدۆزنەوە، کە تیایدا نیشتەجێ ببن و بۆ ئەوەش ساڵەهای ساڵ لە هەوڵدا بوون. لەو هەوڵەیاندا لە کامپی ئەتروش و لەسەر رێگای ئاوارەیی و دورخراوەیەدا هاوڕێمان ئامارا جودی لە دایکبوو. هاوڕێمان، کە لە دۆخ و راستییەکی وەهادا دەستی بە ژیانکرد، لە رۆژی دەستپێکەوە زوڵم و زۆرداریی سەر گەلەکەمان و هەروەها راستیی دوژمن ناسی. خەڵکی بۆتانمان دواتر کامپی مەخموریان بونیاتنا و هەرگیز لە هەڵوێستی شکۆمەندانەى خۆیان و خۆڕاگرانە و بەرخودانیاندا سازشیان نەکرد. هاوڕێمان ئامارا جودیش بەو هەست و هۆشمەندییە وڵاتپارێزییەی خەڵکی بۆتمان گەورە بوو. بەوتێگەیشتنەوە خواستی زوو دەست بە تێکۆشان بکات و کوردستان ئازاد بکات و بگەڕێتەوە بۆ واری خۆی. هاوڕێمان ئامارا ئەوەى دەبینی، کە ئەوەش تەنها بە رووخان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتى تورکی فاشیست و پاکتاوکار بەدی دێت، بۆیە بەشداری ریزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان بوو. کاتێک گەیشتە چیاکانی کوردستان ئاستی هێڵی ژنی ئازاد و هێزی ژنان زۆر سەرنجی راکێشا. بڕوای بەوە هێنا، کە ژنێکی ئازاد دەتوانێت هەموو شتێک بکات و بەو شێوەیە دەستی بەتێکۆشان کرد. هەستی ژنبوون و کۆمیناڵبوون و پەیوەندیی هاوڕێیان سەرنجی ئەوی زیاتر و زیاتر رادەکێشا و هەموو کات هەوڵی دەدا خاوەنداری لەو بابەتانە بکات. بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بۆ قوڵکردنەوەى هێڵی ئازادیی ژن، بۆ خاوەنداریکردن لە رەنجی شەهیدان، لە زۆرێک لە هەرێمەکاندا لەسەر خواست و داوای خۆی، بە جۆش و حەماسەتێکی گەورەوە بەشداری کار و ئەرکەکان دەبوو. بە دڵە پاک و بێگەردەکەی، بە ئامانجی گەورەکەى و ئیرادە بەهێزەکەى بووە فەرماندەیەکی یەژاستار، کە رۆژ بە رۆژ دەبووە خاوەنی ئەزموون و شارەزایی زۆر. بۆ ئەوەى لێپرسینەوە لە تاوانەکانی دوژمنی پاکتاوکار بکرێت، بۆ ئەوەى تۆڵەى گەل بکرێتەوە و سەرکەوتن مسۆگەر بکرێت، لە بونیاتنانی گەریلای مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک دا بە رۆڵ و ئەرکێکی گەورە هەستا و لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس دا پێشەنگایەتیی کرد. هەرگیز لە هەڵوێست و بەشداربوون و بڕیارمەندبوونیدا سازشی نەدەکرد و وەک فەرماندەیەکی فیدایی پێشەنگی یەژاستار تا دوا هەناسەی قارەمانانە شەڕێ کرد و شەهید بوو.

هاوڕێمان دیانا ماریا لە شاری دێرکی وڵاتپارێزی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبوو. لە قەراخی رووباری دیجلەدا هەموو رۆژێک رووی لە چیای جودی دەکرد و بە بینیی ئەوانەوە گەورە بوو. چیاکانی کوردستان زۆر سەرنجی ئەوی رادەکێشان و جۆش و حەماسەتی ئەوەى تیادا بوو، کە رۆژێک خۆی بگەیەنێتە ئەو چیایانە و هێدی هێدی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانی ناسی. لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی ٢٠١٣ خۆی گەیاندە چیاکانی کوردستان و بە خواست و خۆبەخشییەکی زۆر گەورەوە بەشداری ئەو ژیانە بوو، کە تامەزرۆی بوو. بڕوای بەوە هێنابوو، کە واتای راستی و ژیانی گەریلا خۆشویستنی گەل، خۆشویستنی وڵات، خۆشویستنی هاوڕێیەتی، خۆشویستنی ژن و خۆشویستنی ئازادکردنی کۆمەڵگەیە و ئەوانەش لە ژیانی دیانای هاوڕێماندا زۆر بە گەشی و زەقی دەبینرا. لەو بڕوایەدا بوو ژیان تەنها بە خۆشەویستن دەتوانێت مانای هەبێت و ژیانی ئازاد تەنها بە خۆیشویستن دەتوانێت بئافرێنرێت. ژیانی گەریلایی و تێکۆشانی خۆی بەو بڕوایەیەوە لێکدەدایەوە و بە رەنجدان و فیداکارانە بەشدار بوو. ماوەیەکی زۆر لە حەفتانین کار و ئەرکەکانی بەڕێوەدەبرد و بووە خاوەن ئەزموونی گەورە و بووە فەرماندەیەکی شارەزای یەژاستار. بە ئەزموونەکانی خۆی لە هێڵی گەریلای مۆدێڕنیتەى دیموکراتیک دا و بۆ ئەوەى بە رێباز و تاکتیکەکانی سەردەمی نوێ بەشداری پراتیک ببێت، بەشداری پەروەردە و راهێنانی سەربازی و ئایدۆلۆژی بوو. وەک یەکێک لە قارەمانەکانی مێژووی بەرخودان ئاڤاشین هەرگیز لە بیر ناچێت و قارەمانانە تاوەکو دوا هەناسە شەڕیکرد و شەهید بوو.  

هاوڕێمان ژین یڵماز لە سێرت لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لە دایکبوو. لە ئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سوتاندن و خاپوورکردنی گوندەکانی کوردستان  و چۆڵکردنی کوردستان لە کورد، ناچار بوون روو لە گەورە شارەکانی تورکیا بکەن و لەوێ گەورە بوو، بەڵام ئەو کولتورەى لە دەورووبەرە وڵاتپارێزەکەیەوە وەریدەگرێت بە بەردەوامی بە دڵسۆزی بۆ وڵاتی خۆی کوردستان و بۆ گەلەکەى خۆی گەورە و پەوەردە کرا.  هاوڕێمان ژین کە بۆ ئازادی لە هەوڵێکی چڕوپڕدا بوو لە ساڵی ٢٠١٥ دا دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی "پلانی تێکشکاندن" لە دژی گەلی کورد، بەشداری ریزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان بوو و بەو شێوەیە بەهێزترین و کاریگەرانەترین وەڵامی بەو هێرشانەی دایەوە. لە باکووی کوردستان دەستی بە گەریلایی کرد و لە مەتینا بووە خاوەن ئەزموون  فەرماندەیەک، کە هەموان خۆشیان دەویست. هاوڕێمان ژین لە ئاکادیمیای سەربازیدا بە باشی لە هێڵی گەریلای سەردەمی نوێ تێگەیشت. بەو تێگەیشتن و رێنمایی و ئەزموونانەوە رۆیشت بۆ ناوچەى ئاڤاشین و بووە بەرەنگار و خۆڕاگرێکی بەهێز لە دژی داگیرکەران لەو ناوچەیەدا و رۆڵی چالاکانەى زۆر گرنگی گێڕا. نوێنەرایەتیی ئەو ئیرادەیەی خۆبەدەستەوەنەدانی ژنانی کوردی ئازاد و ناسنامەى شکۆمەندانەى ژنانی کوردی دەکرد، قارەمانانە تاوەکو دوا هەناسەى شەڕی کرد و شەهید بوو.

هاوڕێمان رووبار لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی عەشیرەتی ماروفی لە جۆلەمێرگ لە دایکبوو. بە کولتور و هۆشمەندیی کۆمەڵگەیی لە بنەماڵەکەی و دەورووبەرە وڵاتپارێزەکەیەوە گەورە و پەروەردە کرا. هەر لە تەمەنی منداڵیدا ئاشنا بوو بە زوڵمەکانی دەوڵەتى تورک. هاڕێمان رووبار گەیشتە ئەو بڕوایەیە، کە لە کوردستان تەنها مرۆڤ دەتوانێک وەک گەریلایەکی ئازاد بژی و بەو شێوەیە ژیانی ئازاد دەتوانرێت بونیات بنرێت. بەو تێگەیشتنەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو و دوای ئەوەى لە ناوچەکانی مەتینا و زاپ تێکۆشان و ئەرکەکانی خۆی راپەڕاند، رۆیشت بۆ ئاڤاشین. هاورێمان رووبار بە فیداکاری، رەنجدان و لێبوردانە بەشداری پراتیکی ئاڤاشین بوو و بووە فەرماندەیەک، کە لەلای هەموو هاوڕێیانی زۆر خۆیشەویست بوو. لە شەڕ و چالاکییەکانیدا لە ناوچەی ئاریس فاریسی ئاڤاشیندا بە ئازایەتی و پاڵەوانێتییەکی زۆر گەورە بەشداریی کرد و تا دوا هەناسە بە قارەمانی شەڕی کرد و شەهید بوو.

هاوڕێمان ساریا لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی کۆبانێ دا لە دایکبوو، کە ناوچەکەیان بە بەرخودانەکەى خۆی بووەتە ماڵی و لانەى مرۆڤایەتی. لە کاتی بەرخودانی کۆبانێ دا و لەو شەڕەدا، کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بەڕێوەیان برد، ئەو رۆڵەى کە پێی هەستان و ئەو قارەمانییەى لە خۆیان نیشانیاندا، خۆی لە نزیکەوە بینیی و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستکرد. لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ شەهیدانی کوردستان و دوای ئازادبوونی کۆبانی بڕیاریدا بەشداری ریزەکانی گەریلا ببێت و ساڵی ٢٠١٦ ئەو بڕیارەی خۆی هێنایەدی. خۆ گەیاندنە چیاکانی کوردستان، کە هەموو کات بۆ رێبەر ئاپۆ  خەون و تامەزرۆییەکە، بۆ هاوڕێ ساریاش بووە شوێنی حەماسەت و کانگای ورەیەکی زۆر گەورە. لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵیدا زۆر بەهێزتر بەشداری ژیانی مەیدانیی حیزب و هاوڕێیەتی ببێت. بڕوای بەوە هێنابوو، کە ژیانێکی راستی، ئازاد و مانادار و دڵخۆش تەنها بە گەریلا بەدی دێت و گەیشتە ئەو تێگەیشتنە، کە مرۆڤ لە ناو سیستم دا ناتوانێت ببێتە خاوەنی ژیانێکی ئازاد. بۆ ئەوەى ببێتە ژنێکی کوردی ئازاد و هاوڕێی راستەقینەى رێبەر ئاپۆ، هەوڵی دا خۆی پەروەردە بکات و خۆی لە ئایدۆلۆژیادا قوڵ بکاتەوە. وەک گەریلایەک خۆبەخشانە و بە خواست و بڕیاری خۆی و یەژاستار رۆیشت بۆ ئاڤاشین و لە کارە مەیدانییەکاندا پێشەنگایەتیی بۆ کار و ئەرکەکان دەکرد. بە ئازایەتی و بڕیار و پێداگرییە گەورەکانی بەشداری هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی هەڵۆکانی زاگرۆس بوو و وەک ژنێکی کوردی قارەمان بە ساڵان ترسی خستە دڵی دوژمنەوە و بە قارەمانی تاوەکو دوا هەناسەى لە دژی داگیرکەران شەڕی کرد و شەهید بوو.

سەرەخۆشی لە بنەماڵە هێژاکانی ئەو هاوڕێ شەهیدانەمان و هەموو گەلی وڵاتپارێزی کورد دەکەین. ئێمە هەموو کات لەسەر رێگا و هێڵ و ئامانج و یادی شەهیدان دەبین و بۆ تۆڵەیان ئێمە بەڵێنی گەورەترکردنی تێکۆشان دەدەین".

ژ.ت