هێزە ئەمنییەکانی ئێران کاسبکارێکی کوردیان کوشت

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاسبکارێکیان کوشت.

کۆڵبەر نیوز بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی ئێران لە ٢٢ی ئاداردا لە نزیک شاری خورمئاوای پارێزگای لوڕستان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێک بە ناوی محەمد سدیق کردووە و لەو تەقەیەدا محەمەد سدیق خەڵکی سەقز کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

هەروەها لە ٢١ی ئاداردا لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە ئەنجامی هێرشی سەربازانی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرێک بە ناوی بێهروز مورادی لە ناوچەی سەلاس، ئەو کۆڵبەرەیان بە قورسی بریندار کردووە.

کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن و بریندار دەکرێن. هەموو ساڵێک دەیان کەس بەهۆی هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە دەکوژرێن.

سەرباری ئەو هێرشانە، خەڵک بەهۆی بێکاری و هەژارییەوە بە ناچاری کۆڵبەری دەکەن و لەو دۆخە قورسدا بۆ بژێویی ژیانیان مەترسیی تەقەى هێزە ئەمنییەکان و سەختی سروشت دەگرنە بەر.

ژ.ت