'خوێندنی کوردی گەورەترین دەستکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە'

کۆمیتەی پەروەردەی کەجەکە ڕایگەیاند، خوێندنی کوردی گەورەترین دەستکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوایە و جێبەجێبوونی خەونی سەدان ساڵەیە و بانگی لە ئەنکەسە کرد کە دەست لە هەڵوێستەکانی لەدژی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا هەڵگرێت و داوای لێبۆردن بکات.

کەجەکە لەمبارەیەوە ڕاگەیەنراوێکی بە ناوی 'خاوەنداریکردن، پاراستن و پشتگیریکرن لە بەهاکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکی سەرەکی هەموو کوردێکی وڵاتپاریز و لایەنگری ئازادیە' بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"داگیرکەران سەدان ساڵە بۆ ئەوەی بتوانن گەلی کورد کەناوببەن، هێرشی جۆر بە جۆر لەبەرانبەر زمان، ناسنامە و کەلتوری ئێمە، کەلتوری کۆن و بەهاکانمان ئەنجام دەدەن. ئەشکەنجە، گرتن، کوشتن، سووتاندن، بە پشتی ئۆتۆمبێڵی سەربازی ڕاکیشان: لە کوشتنی ئێمەدا بە شێوەیەکی دڕندانە هیچ سنورێکیان نەناسیوە. لە هەر چوار بەشی وڵات لە شوێنی فەرمی و خوێندنگاکان، ڕێگەیان نەدا ئێمە تەنانەت لە ماڵەکانیشمان بە زمانی خۆمان قسە بکەین.

باجێکی زۆر بۆ زمانی دایک دراوە

بە هەزاران کچ، کوڕ، ژن و منداڵ، پیر و پەککەوتە بۆ ئەوەی خاوەنداری لە هەبوون و کەلتوری خۆیان بکەن، لە عەفرین، سەرێکانی و قامشلۆ، جزیر، نوسەیبین، لە مەهابد و سنە، لە ڕانیە و سلێمانی و لە سوور بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کران. گەنجەکانمان لە وڵاتانی بیانی بە دەستی نەژادپەرستە داگیرکەرەکان بە تاوانی ' کوردن و بە کوردی قسە دەکەن' کوژران. چەندین جار کورد بەهۆی ئەوەی گۆڕانی کوردی چڕیوە کوژراون و بوونەتە بابەتی ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکان.

بەڵام ئەمڕۆ دۆست – دوژمن هەموو کەسێک باش دەزانێت، ئیدی کوردێک لە بەرانبەریان هەیە کە داوای مافی خۆی دەکات، بۆ بەدەستهێنانی ئازادیەکەی، ئامادەیە باجی بدات و دەرفەتی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی گەلەکەمان کە دەستی بەسەرداگیرابوو، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هەیە و شۆڕشی ڕۆژئاوا نمونەی بەرچاوە. لەبەرئەوە دوژمنەکانمان کە هەبوونیان بە نەبوونی ئێمە دەبینن، سەرەتا لە ڕۆژئاوا، لە هەموو جێگایەک دەستکەوتەکانمان دەکەنە ئامانج و لەسەر گۆڕەپان، شار، ناوچە و گوندەکانمان کە لە ئەنجامی باجی گەورە ڕزگارکراون، هێرش ئەنجام دەدەن.

'یەکڕیزی نەتەوەیی ئیدی پێویستیەکی هاشاهەڵنەگرە'

لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا پێویستە: هەموو لایەک خاوەن چ هێڵێکی سیاسی بن، هەموو کوردێکی وڵاتپارێز و دیموکراتەکان لەسەر بناغەی مافە نەتەوەییەکان و دیموکراتیک خاوەنداری لە هەڵوێستی نەتەوەیی بکەن. لەبەرئەوەی لە دۆخی ئەمڕۆدا یەکڕیزی نەتەوەیی ئیدی لە هەڵبژاردەیەک زیاتر، بۆ ئێمە پێویستیەکی هاشاهەڵنەگرە.

بەڵام، لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕاگەیەنراوی ئەنەکەسە لەبارەی خوێندنگاکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و گەڕانەوە بۆ سیستمی خوێندنی حکومەتی شان و هەڵوەشاندنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، بە ئاشکرایی بەو واتایە دێت کە لە دوژمن زیاتر دوژمنایەتی لەبەرانبەر بەها و دەستکەوتەکانی گەلی کورد گەلانی تری هەرێمەکە دەکرێت. هەمان ئەنەکەسە کە دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی فاشیتی تورک قسەی کرد و وتی، "بڕوانامەی خوێندنگاکانی هەرێمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە نێودەوڵەتیدا کاری پێناکرێت' و بەو شێوەیە خۆی بە خەمخۆری داهاتووی کورد پیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا: بێ زمان نە کورد و نە هیچ نەتەوەیەکی تر نابێتە خاوەن ناسنامە، هەبوون و داهاتوویەکی ئازاد.

'دوو ڕاستی لە داواکاری ئەنەکەسەدا ئاشکرا بوون'

دوو دەستەواژەی (دژە کورد) و (دژە دیموکراسی) کە هەموو ساتێک لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەکار دەهێنرا و بە هاوکاریکردنی حکومەتی شام تاوانبار دەکرا، ئەمڕۆ بە هەڵوێستی خۆی لە بەرانبەر پەروەردەی زمانی کوردی و پشتگیریکردن لە گەڕاندنەوەی سیستمی خوێندنی ڕژێمی سوریا دوو ڕاستین کە پێکەوە ئاشکرا بوون:

یەکەم: ئەنەکەسە کە بەهۆی ئەوەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە پڕۆسەی تێکۆشانی شۆڕشی ڕۆژئاوا نەبوو و هیچ باجێکی نەدا، بۆیەش خاوەنداریکردن لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا وەک ئەرکی خۆی نابینێت و ئامادەیە مامەڵە بەم دەستکەوتانە بکات.

دووەم: ئەنەکەسەش باش دەزانێت کە سەرەتا گەلی کورد، گەلان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هیچ شێوەیەک داواکاری گەڕاندنەوەی سیستمی خوێندنی ڕژێم و هەڵوەشاندنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ ناکەن. بەم ڕۆژەڤە بێواتایانە تا دەتوانێت پڕۆسەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی نەتەوەیی درێژ دەکات. ئاڵۆزی دەکات و لە ئەنجامدا پەیەنەکە بە تێکدانی کۆبوونەوەکان تاوانبار دەکات. بەم هۆیەشەوە ئاشکرایە کە ئەنەکەسە بەم هەڵوێستەی خۆی نە تەنها لەدژی شۆڕشی ڕۆژئاوایە، بەڵکو بەو ئەندازەیە لەدژی زمان و کەلتوری کوردی و بە پێشنیازی کراوەی نەتەوەپەرستی تورک و عەرەب و فارس دەیەوێت سیاسەتی قڕکردن و تواندنەوە بەردەوامە پێبدات.

'دژایەتیکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی، وتەبێژیکردنی دوژمنە'

ئەنەکەسە لە ڕاگەیەنراوەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە هەبوونی سیستمی هاوسەرکایەتی هەندێک لایەن تووڕە دەکات. ئەم قسانە بە ئاشکرایی وتەبێژیکردنی دوژمنە و بە زمانی دوژمن قسەکردنە لەگەڵ گەلی کورد. باشە کورد شۆڕشی کردووە کە دوژمن تووڕە نەبێت. سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە هەموو کایەکانی خەباتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر پێوانەی سەرەکی نوێنەرایەتی یەکسانی ڕەگەزیە و بەم شێوەیە هەوڵ دەدرێت ژنیش وەک پیاو بتوانێت بە شێوەیەکی یەکسان بەشداری لە هەموو کایەکانی ژیان و ئەرکی بەرێوەبەرایەتی ببێت. دوژمنایەتی ئەنەکەسە لەبەرانبەر ئەم پێوانەیەی دیموکراسی، لە لۆژیکدا دژایەتیکردنی یەکسانی ڕەگەزی و هێڵی ژنانی ئازادە.

'ئاشکرایە لە هاوکاریکردنی دوژمندا هیچ گۆڕانکاریەک ڕووینەداوە'

هەموو لایەک دەزانن کە لەگەڵ ئەوەی ئەنەکەسە دژایەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات و کردەوەکانی دوورە لە هەستی نەتەوایەتی و ئەخلاقی، بەڵام گەلەکەمان پێشوازی لەو ئەگەرە کرد کە  کۆبوونەوەکانی پەنەدەکە و ئەنەکەسە دەتوانێت لە دروستکردنی یەکێتی نەتەوەییدا، لە بەهێزکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا و گەڕانەوەی ئەنەکەسە بۆناو ڕێزی یەکێتیدا. بەڵام دیارە تا ئێستا هیچ گۆڕانکاریەک لە هەڵوێستی ئەنەکەسە بۆ هاوکاریکردنی دوژمن ڕووینەداوە.

'خەونی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوا خەونی سەدان ساڵەیە'

بۆیەش ئێمە وەک کۆمیتەی پەروەردەیی کەجەکە دووبارەی دەکەینەوە کە لە باخچەی ساوایان تا زانکۆ خوێندن بە زمانی کوردی بەنرخترین دەستکەوتی شۆڕشی ڕۆژئاوایە و جێبەجێکردنی خەونی سەدان ساڵەیە. لەبەرئەوەش ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تا حەلەب گەل لەبەرانبەر ئەنەکەسە دەستی بە چالاکی کردووە. لەسەر ئەم بناغەیە جارێکیتر بانگ لە هەموو کوردە وڵاتپاریزەکان، لایەنە ئازادیخوازەکان و ڕای گشتی دیموکراتی دەکەم کە لە بەرانبەر ئەو داواکاریانەی دوژمن هەڵوێستێکی بەهێز پیشان بدەەن. لە هەمان کاتدا بانگ لە ئەنەکەسە دەکەین کە بە زوترین کات دەست لە هەڵوێستی دژە دەستکەوتەکانی کورد هەڵگرێت، داوای لێبوردن لە دەیان هەزار شەهید کە بۆ ئازادی زمان گیانیان بەخت کردووە، لە خانەوادەی شەهیدان، لە تێکۆشانی هێڵی ژنی ئازاد و لە هەموو گەلی کورد بکات."

ف.ق