ڕێکخراوەکانی مافی کەمئەندامان نیگەرانن لە پشتگوێخستنی کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت

لە رۆژی جیهانی کەمئەنداماندا، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی کەمئەندامان، نیگەرانن لە بایەخنەدان و پەراوێزخستنی کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە.

یاسایی چاودێری كەسانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی عێراق ژمارە ٣٨ ی ساڵی ٢٠١٣ گرنگییەكی تایبەتی بە‌و توێژە داووە بەوەی وەك كارمەند لە كاروباری بەرێوەبردنی كارگیری بەشداریان پێ بكرێت و بخرێنەسەر كار لەو دەستەیەی كە بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراووە هەر وەك وەزارەتی ناوبراو دەڵێت. بە پێی یاساكەش دەبێت خاوەن پیداوویستییە تایبەتەكان لە ٥% لە كەرتی گشتی و ٣% لە كەرتی تایبەت بخرێنەسەركار.

دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە عێراق

ژمارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە عێراقدا دەگاتە ١.٥ ملیۆن كەس، ئەمانەش بە هۆكاری جۆراوجۆر تووشی ئەو دۆخە بوون وەك ( داگیركاری ئەمریكا، توندوتیژییە نەبڕاوەكانی ناوخۆی عێراق) كە زۆرینەیان لە توێژی گەنجان و منداڵانن.

لە عێراقدا نەخۆشخانەی پێوویست نین بۆ چارەسەر و گرنگیدان بەو توێژە ، ئەمە سەرباری ئەوەی حكومەت موچەیەكی مانگانەی شیاوی بۆ باربۆكردنیان دابینەكردووە هەر وەك لە زۆر لە دەوڵەتاندا هەیە.

بەووتەی چالاکوانانی بورای مافەكانی مرۆڤە کە دەلێن "زۆرینەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ئازاردەكێشن بەدەست كەمی پاڵپشتی و نەبونی پرۆگرامی تایبەت بە دووبارە گێرانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا لە بونیادنانەوەی پەیكەری دەروونییان، سەرباری بێبەشی زۆربەیان لە خوێندن چ لەسەر ئاستی بەرز یاخود قۆناغەكانی سەرەتایی ، لەمەشەوە بێبەش دەبن لە دامەزراندن و خستنەسەركار، ئەوان گرفتی ئابووری گەورەیان هەیە، چونكە زۆرینەیان بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن چارەسەری پێویست وەرگرن، خوێندنیشیان پێناكرێت و بێبەشیشن لە پڕۆژەكانی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ، بەمەش‌ دەبنە قوربانی فەرامۆشكردنی حكومەت و پاڵپشتی نێودەوڵەتی و كۆمەڵگایی. لەمەشەوە تووشی چەندە گرفت و هێدمەی دەروونی دەبن وەك لاتەریكی و دوورەپەرێزی و كپی و گۆشەگیری"..

دۆخی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان

بارودۆخی ئەو توێژە لە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق باشتر نییە، بە تایبەتیش لەم چەند ساڵەی دوایدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوت كرد و لەمەشیاندا كەمئەندامان زیانی زۆریان بەركەوت و ئیستاشی لەگەڵدا بێت لە دۆخێكی ناهەمواردا دەژین، کە مووچەی تاکی کەم ئەندام لە هەرێمی کوردستان تەنها (١٠٠) هەزار دیناری عێراقیە، لەئیستاشدا لە هەرێمی کوردستان ٩٠ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون.

بەهیچ شیوەیەک کار بە یاسایی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکرێت

فەرهاد محەمەد کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکە بۆ مافی خاوەن پێداویستی تایبەت کە خۆی کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و دەستێکی لەدەستداوە، لە رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت، سەبارەت بە کێشەو گرفتەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت، فەرهاد محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: " سەرەتا بەبۆنەی رۆژی جیهانی کەمئەندامانەوە پیرۆزبایی لە تەواوی کەمئەندامانی جیهان و عیراق و هەرێمی کوردستان دەکەم، ئێمە وەکو کەمئەندامان کێشەو گرفتمان زۆر بۆ نموونە لە بابەتی دامەزراندن لە دامودەزگاکانی حکومەت، ئێمە ئەندامی خاوەن پێداویستی تایبەتمان هەیە کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە یان دکتۆر و پەرستارە، بەپی یاسایی عیراقی پێویستە ٥٪ی کارمەندانی دامودزەگاکان کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بن وە لە کەرتی تایبەتیش بەپی یاسا پێویستە ٣٪ی کارمەندانی خاوەن پێداویستی تایبەت بن، بەڵام بەداخەوە بەهیچ شیوەیەک کار بەو یاسا ناکرێت."

هۆکاری زیادبوونی رێژەی کەمئەندام دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ووڵات

هەروەها فەرهاد محەمەد سەبارەت بە رێژەی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت وتی: "چینی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ڕابردوودا کەم بوون بەڵام لەئیستادا رۆژ لەدوای رۆژ بەشێوەیەکی بەرچاو چینی خاوەن پێداویستی تایبەت زیادی کردووە، ئەم زیادبوونەش لە رێژەی کەمئەندام دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی ووڵات کە بەردەوام جەنگ و تەقینەوە ڕوودەدات، جگە لە ڕوودانی ئۆتومبێل و هۆکاری دیکە، بەم شێوەیە ڕێژەی خاوەن پێداویستی تایبەت لەزیادبوونە، بۆیە پیویستە لەسەر حکومەت بەجدی کار بکات بۆ دابینکردنی ژیانێک بۆ ئەم چجینەی کۆمەڵگا."

ئەمەش ئاستەنگ بوو بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت

سەبارەت بەو ئاستەنگیانەی ڕوویان دەبنەوە، ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی داکۆک بۆ مافی کەمئەندامان، وتی: " ئەو ئاستنگیانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە وەکو خاوەن پێداویستی تایبەت ئەوەیە کە هیچ کەس و لایەنێک ئاگای لەم چینە نیە، ئێمە لەماوەی ڕابردوو چالاکیمان ئەنجامدا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان سەردانی چەندین بەڕێوبەرایەتیمان کرد کە بەشێکی زۆری بەڕیوبەرەکانی لە نهۆمی سەرەوەن کە ئەمەش ئاستەنگ بوو بۆ ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت تا بتوانین چاومان بەو بەڕێوبەرانە بکەوێت تا گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن."

پشتگوێ خرواین لەلایەن حکومەتەوە

سەبارەت بەکارەکانیان بۆ کەمکردنەوەی کێشەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، فەرهاد محەمەد وتی: " ئێمە هەوڵمانداوە لە رێگەی پزیشکانی پسپۆر و ئەنجامدانی پشکنین کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەکو ئەندام وەربگرین لە ڕێکخراوەکەمان، هەروەها لە ریگەی کردنەوەی خول و ئەنجامدانی ڕاهێنان هەوڵمانداوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تێکەڵ بە کۆمەڵگا بکەین تا وەکو تاکێکی ئاسایی ژیانی خۆی بسەربەرێت و شەرم نەکات لە کەمئەندامێتی خۆی. ئێمە هەوڵمانداوە کێشەکان بگەینینە لایەنی پەیوەندیدار بەڵام ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەت پشتگوێ خرواین لەلایەن حکومەتەوە و هیچ ئاوڕێک لە کێشەکانمان نادەنەوە."

حکومەت بەهیچ شێوەیەک هاوکارمان نەبووە

حەسەن عەلی ئەندامی کۆمەڵەی رۆژ بۆ کەسانی کەمئەندام، سەبارەت بە پەرواێز کردنی کەسانی کەم ئەندام لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە وتی: " بەداخەوە تائیستا لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ بایخ و گرنگیەک نەدراوە بە کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێدوایستی تایبەت، کە سادەترین نموونە لەسەر پەراویزکردنی کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت ئەوەیە کە حکومەت تەنانەت لە دابینکردنی شوێنیش هاوکارمان نەبووە، ئەو خانووەی کە ڕێکخراوەکەمان کاری تێدا دەکات، لەسەر ئەستۆی ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان ئەم خانووەمان بە کری گرتووە تا بتوانین تیدا کاربکەین بۆ پاراستنی مافەکانی کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت."

بۆیە نەمان توانیوە پەرە بەتواناکانی کەسانی کەمئەندام بدەین

هەروەها حەسەن عەلی ووتیشی: " داواکارین لە لایەنی پەیوەندیدار هاوکارییمان بکات بەتایبەتی لەدابین کردنی شوێن تا بتوانین کاروچالاکی تایبەت کە کەمئەندامان ئەنجام بدەین تیدا، ئێمە وەکو ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی کەمئەندامان چەندین بەشی هونەری وەکو شانۆکاری، وەرزشی، شیوەکاری و ێنەکێشانمان هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنەوە نەمان توانیوە پەرە بەتوانا هونەریەکانی کەسانی کەمئەندام بدەین."

پێویستە سیستەمی پەروەردە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت

سەبارەت بەهۆشیارکردنی کۆمەڵگا لەمامەلە کردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پێداویست تایبەت، ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی رۆژ بۆ کەسانی کەم ئەندام، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " پێویستە لە سیستمی خوێندنی وولات، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی قوتابخانەوە وانەیەک تەرخان بکرێت دەربارەی چۆنیەتی رێزگرتن لە تەواوی کۆمەڵگا بەگشتی و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەتایبەتی."

ئاستەنگیەکانی کەمئەندامان لەبەرچاوبگرن

هەروەها لەکۆتایدا سەبارەت لەبەرچاوگرتنی کێشەو زەحمەتییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ژیانی رۆژانە و چونیەتی ئاسانکردنەوەی ژیانیان، حەسەن عەلی پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی: " پیوستە لەسەر ئەو لایەنە ۆەیوەندیدارانەی حکومەت کە سەرپەرشتیاری و چاودیری پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەن، جەختبکەنەوە لەسەر ئەوەی کە لەکاتی دروستکردنی ڕێگەوبان، شۆستەکان و پردەکان ...هتد، ئاستەنگیەکانی کەمئەندامان لەبەرچاوبگرن و هاوکاربن لە دابین کردنی ڕێگەی گونجاو بۆ کەسانی خاوەن پێدوایستی تایبەت، هەروەها داواکارین لە دروستکردنی بیناو و شوێنە گشتیەکان پێدوایستیەکانی کەسانی کەم ئەندام لەبەرچاوبگیرێن."

ژ.ت