کەنەکە بەبۆنەی کۆچی دوایی شەرەفەدین کایا ئەندامی دامەزرێنەری کەنەکە پەیامی بڵاوکردەوە

دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە بە بۆنەی کۆچی دوایی شەرەفەدین کایا ئەندامی دامەزڕێنەری کەنەکە، پەیامی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و وتی، " کەنەکە لەسەر ڕێچکەی کایا خەبات دەکات و حەسرەت و وەسیەتیی جێبەجێ دەکات."

پەیامی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

" هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز شەرەفەدین کایا ئەندامی دامەزرێنەری کەنەکەمان پێگەیشت و بەم هەواڵە زۆر غەمبار بووین. بەڕێز شەرەفەدین کایا، لە باکوری کوردستان لە شاری موش و هەموو کوردستان، لەنێو خەبات و سیاسەتی وڵاتپارێزیدا جێی گرت. لەنێو پارت و سیاسەتی کوردستاندا خاوەن پێگەیەکی دیار بوو. لە سەردەمی کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلولدا پارێزەرێکی وڵاتپارێز بوو و خاوەنداری لە زیندانیانی سیاسی کرد. بەهۆی خەبات و هەڵوێستی وڵاتپارێزی بووە ئامانجی ڕژێمی فاشیست و دەستگیرکرا و تووشی ئەشکەنجەی زۆر بوو.

دوای ئازادکردنی لە زیندان، بەهۆی هێرش و فشاری دەوڵەتی تورک بە ناچاری رووی کردە ئەوروپا. لە ئەوروپاش خەباتی خۆی لەبەرانبەر داگیرکەران بەردەوامی پێدا و جێگەی خۆی لەنێو خەباتی ئازادی گەلی کوردستاندا کردەوە. بەڕێز شەرەفەدین کایا، لە دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات (پەکەدەوە) خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ بوو. لە خەباتی یەكێتی نەتەوەییدا خاوەن پێگەیەکی دیار بوو. بەشداری لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا کر و بووە ئەندامی دامەزرێنەری کەنەکە.

ئێمە بەهۆی کۆچی دوایی بەڕێز شەرەفەدین کایا زۆر غەمبارین، هاوبەشی خەمی بنەماڵە و دۆستەکانین. بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کوردستان، خەباتکارانی شۆڕش و خانەوادەکەی دەکەین."

ف.ق