لە سلێمانی بە بۆنەی رۆژی جیهانی کۆبانێ مەراسیمێک ڕێکخرا

بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتیی و پێکهاتە جیاوازەکان، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ لە شاری سلێمانی بەرز ڕاگیرا و جەخت لە پێویستیی خاوەندارییکردن لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرایەوە.

لە سەکۆی ئازادیی شاری سلێمانی، نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ١ی ١١ی ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، مەراسیمێکی جەماوەرییان ڕێکخست.

سەدان کەس لە توێژە جیاجیاکان، نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و پێکهاتە و کەسایەتییە جیاجیاکان بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کردبوو.

لە مەرایسمەکەدا بەیاننامەی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن جەمیل ڕەحمانۆ، ئەندامی نوێنەرایەتییەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: دەوڵەتی تورک بە سەرپەرشتیی ئاکەپە و مەهەپە لەدوای ئەوەی نەگەیشتنە ئامانجەکانیان، هەتا ئەمڕۆش بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ کۆبانێ، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ و وڵاتپارێزان دەکەنە ئامانج.

هاوکات دحام ئیبراهیم قادر، فەرماندەی پێشمەرگە کە بەشداریی لە شەڕی کۆبانێ کردووە، وتارێکی پێشکەشکرد وتی: کۆبانێ بووە سیمبولی بەرخۆدانی کوردستان، ئێمەش وەک پێشمەرگە بە شانازییەوە بەشدارییمان لە بەرخۆدانی کۆبانێ کرد و بەشێک بووین لە ئازادکردنی کۆبانێ لەدەستی چەتەکانی داعش.

هەر لە مەراسیمەکەدا حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) وتارێکی پێشکەشکرد کرد و وتی: ئەگەر بەرخۆدانی کۆبانێ نەبوایە، ئەمڕۆ داعش لەناو سلێمانیش بوو، بۆیە دەبێت هەمووان خاوەنداریی لە کۆبانێ بکەین، دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بووەستینەوە.

ف.ق