هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

لە سلێمانی لەبارەی داعش و چارەنووسی چەتە زیندانیکراوەکان کۆربەندێک ئەنجام دەدرێت

نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان ٢٦ی شوبات لە سلێمانی لەبارەی داعش و چارەنوسی چەتە زیندانیکراوەکانی داعش کۆربەندێکی گرنگ ساز دەکات.

دوای ئەوەی چەتەکانی داعش لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ هێرشیان کردە سەر زیندانی سەناعەی حەسەکە کە زیاتر لە ٥ هەزار چەتەی داعشی وڵاتانی جیهان تێیدا زیندانیکراون و چاوەڕێی دادگاییکردن دەکەن، شەڕڤانانی قەسەدە هەڵمەتی گورزی گەلانی دەستپێکرد و لە ئەنجامدا ١٢١ شەڕڤان شەهید بوون.

دوای ئەوەی سەرلەنوێ جموجووڵ و هەوڵەکانی داعش لە هەرێمەکە دەستیپێکرد. لەبارەی ئەوەوە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لەگەڵ پشتگیری رۆژئاوا کۆربەندێک ساز دەکەن.

نورشان حەسەن نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان لەمبارەیەوە قسەی کرد.

'کۆربەندەکە لەبارەی مەترسی داعش و چارەنوسی زیندانیانە'

نورشان حەسەن رایگەیاند، دوای هێرشی داعش بۆ سەر زیندانی سەناعەی حەسەکە، مەترسی داعش سەرلەنوێ سەریهەڵداوە و وتی، " دوای رووداوە مەترسیدارەکەی زیندانی سەناعە لە حەسەکە، زۆر گرنگ بوو لە باشوری کوردستان ئەم بابەتە ببێتە ڕۆژەڤ. بۆ ئەمەش نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان و پشتگیری رۆژئاوا کۆربەندێک ساز دەکەن. ئەم کۆربەندە لە رۆژی شەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٢ لە سلێمانی ساز دەکرێت.

نورشین باسی ئەوەی کرد کە بابەتەکە بۆ هەرێم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان زۆر گرنگە و وتی، " پێویستە چارەنوسی زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکەی ١٢ هەزار چەتە دەبن، لە چوارچێوەی یاساکاندا دیاری بکرێت."

'لە رووی یاسایی و سیاسیدا بابەتەکە شیدەکرێتەوە'

نوێنەری بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان راشیگەیاند کە لە کۆربەندەکەدا گفتوگۆی گرنگ دەکرێت، بە شێوازی یاسایی و سیاسی و ئەکادەمی و زۆر تەوەری دیکە هەڵسەنگاندن دەکرێت.

'قەسەدە، بەڕێوەبەری خۆسەر، عێراق و شەنگال پانێل پێشکەش دەکەن'

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە لە کۆربەندەکەدا دوو دانیشتن و ٦ پانێک ئەنجام دەدرێت، لەوانە سێیانیان لەلایەن بەڕێوەبەرانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریاوە پێشکەش دەکرێن. پانێلێک لەسەر ناوی ناوەندی لێکۆلینەوەی ستراتیژی رۆژئاوا، بەڕێوەبەری خۆسەر و ئەوەی دیکەش لەسەر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (قەسەدە) دەبێت. پانێلی دووەمین لەسەر ناوی عێراق لەلایەن ئەکادیمیەکی عێراقی لە بەغداوە پێشکەش دەکرێت. لەسەر ناوی هەرێمی کوردستان و لەسەر ناوی شەنگالیش دوو کەس بەشدار دەبن.

'مەترسی داعش بەردەوامە'

نورشان حەسەن بەبیریهێنایەوە کە تاوەکو ئێستاش بابەتی داعش لە شەنگال جێگەی مەترسیە، مەترسی هەیە جارێکی دیکە لە شەنگال رووداوی بە ئازار رووبدەن. ئەگەر چارەسەر نەبێت ئەگەری دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی هەیە.

'لەسەر ئاستی هەرێم، عێراق و رۆژئاوا خەباتێکی هاوبەش دەکرێت'

حەسەن باسی ئەوەشی کرد، زۆر گفتوگۆی گرنگ دەکرێت، هەموو لایەنە سیاسیەکان، ژمارەیەکی زۆر ئەکادەمی، دادوەر، یاساناس ئامادە دەبن و وتی، " زیاتر ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئاستی عێراق و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆربەندەکە ئەنجام بدەین. ئەوەش دەبێتە یەکێک لە خەباتە گرنگەکانی لەسەر بابەتی داعش، هەم لە رۆژئاوا لە هەرم لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش."
ف.ق