لە سلێمانی نوێنەرایەتی پەیەدە یادی شەهیدانی زاپی کردەوە
نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان بە ڕێورەسمێک، یادی ٤ شەهیدی کردەوە کە لە زاپ شەهید بوون و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان کرد.
نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان بە ڕێورەسمێک، یادی ٤ شەهیدی کردەوە کە لە زاپ شەهید بوون و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان کرد.
لە نوێنەرایەتی پەیەدە لە باشوری کوردستان، یادی باهۆز ژیندا (ساڵح یوسف)، کامەران گابار (عەبدولوەهاب بەیروت)، زانا تۆڵهەڵدان (محەمەد خدر ئەحمەد) و هەرەکۆل تێکۆشەر (ڕێباس یوسف) بە ڕێورەسمێک کرایەوە کە ٢٢ی نیسان لە زاپ شەهید ببوون.
لە هۆڵی ڕێورەسمەکە، وێنەی شەهیدان و پۆستەری عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد هەڵواسران.
مەراسیمەکە بە ەبشداری دەیان هاوڵاتی رۆژئاوا لە ناوەندی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە باشوری کوردستان بە خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.
لە مەراسیمەکەدا ئەڤین سوێدا بە ناوی نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قسەی کرد. سوێدا باسی کەسایەتی و تێکۆشانی خانەوادەی شەهید باهۆز ژیندا کرد و وتی، " باهۆز لەنێو خانەوادەیەکی وڵاتپارێزدا گەورە بوو. خانەوادەی باهۆز خاوەنی ٤ شەهیدن و مێوانداری شۆڕش و گەریلایان کردووە."
سوێدا راشیگەیاند کە پێویستە سەرەتا خانەوادە و گەلی کورد خاوەنداری لە شەهیدان بکەن.
دواتر لەسەر ناوی خانەوادەی شەهید باهۆز ژیندا، یوسف کوتێ مامی شەهید و نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە باشوری کوردستان قسەی کرد. یوسف کورتێ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر هێڵی تێکۆشان دیارە و پێویستە هەموو کەسێک لەسەر ئەم هێڵە خەبات بکات و وتی، " خاوەنداری لە شەهیدان بکات."
دواتر بە دروشمی ' شەهید نامرن و سەرەخۆشی هاولاتیان بۆ خانەوادەی شەهیدان کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.
ف.ق