لە سەنگەسەریش پێشوازیی لە تەرمی شەهید شوکری کرا

لە سەنگەسەریش بە سەدان کەس و بەدەم وتنەوەی دروشمی”شەهید نامرێ”، پێشوازیی لە تەرمی شەهید شوکری سەرحەد کرا.

دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، ‘شوکری سەرحەد’، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، لەلایەن میتی تورکەوە بە چوار گولـلە شەهید کرا و برایە پزیشکی داد، پاشان بە بەشداریی هەزاران کەس لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی مەراسیمە ئاینییەکانی بۆ بەڕێوەبرا.

پاشان تەرمی شەهید شوکری بەرەو گۆڕستانی محەمەد قاراسونگور لە قەندیل بەڕێکرا.

لە مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی شەهید شوکرییدا، هەزاران کەس لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بەشدارن و لە هەموو ئەو ناوچانەش، کە پیایدا تێدەپەڕن، هاوڵاتیان پێشوازیی لە تەرمی شەهید دەکەن.

لە شارۆچکەی قەڵادزێش، سەدان هاوڵاتی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین کۆبوونەوە و هەموان بەدەم وتنەوەی دروشمی”شەهید نامرێ” و “بمرێ خیانەت”، پێشوازییان لە تەرمی شەهید شوکری کرد.

لەئێستادا تەرمی شەهید شوکری بەرەو گۆڕستان بەڕێدەکرێت.