لەکەرکوک یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال ڕاگەیاندرا

ژمارەیەک نووسەری بواری جینۆساید لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بەناوی (یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال)، یەکەمین کۆنفرانسی خۆی بەست و یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفالیان ڕاگەیاند.

 

کاتژمێر ٩:٣٠ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، لە هۆڵی (گۆڵدن تایم) لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال ڕاگەیاندرا و یەکەمین کۆنفرانسی خۆی لە شارەکە بەست.

سەرەتای کۆنفرانسەکە شیخ سدیق ئەحمەد نووسەر لەبواری جینۆساید، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا چەند خاڵێکی باسکرد کە ناوەڕۆکی ئەو خاڵانە بریتیبوون لە هەوڵدان و جەختکردنی زیاتر لەپێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد و فراوانکردنی کارکردن لەو بوارەدا.

پاش پێشکەشکردنی وتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن شیخ سدیق ئەحمەدەوە، گفتوگۆ لەسەر پرۆژەکە و دیاریکردنی ناوی ڕێکخراو و لۆگۆی ڕێکخراوەکە کرا و خرایە دەنگدان."

پاش دەنگدان و رێکەوتنی ئەندامەکان لەسەر ناوی ڕێکخراوەکە، گفتوگۆ لەسەر پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە کرا.

شیخ سدیق ئەحمەد نووسەری بواری جینۆساید، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و وتی: "  ئێمە وەکو کۆمەڵێک نوسەری بواری جینۆساید، نزیکەی شەش مانگە لە کۆبوونەوەداین، چەندین کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لە مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لە ئیستاشدا توانیومانە ئەو نوسەرانە کۆبکەینەوە لە یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفالکراوان، وەکو ڕێکخراوێکی پێشەیی پێکەوە کاربکەین بۆ بەردەوامبوونی نووسینەکانمان، و هەوڵدەدەین مامۆستایانی زانکۆ و قوتابیانی بەشی مێژوو و ڕاگەیاندنەکان هانبدەین کە لە بواری جینۆساید لیکۆڵینەوە و تویژینەوە ئەنجام بدەن بۆ ناساندنی ئەو کارەساتەی بەسەر نەتەوەکەماندا هاتووە."

لە ئێوارەشدا پرۆسەی دەنگدان و هەلبژاردنی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکە بەرێوەچوو، لە پرۆسەی دەنگدانەکە ١٦٠ ئەندامی کۆنفرانس دەنگیاندا بۆ دیاری کردنی ١١کەس بۆ بەرێوەبردنی ڕێکخراوەکە، لە کۆی ١٥ کاندید، بەدەنگی ئەندامانی کۆنفرانسەکە ١١ کەس وەک دەستەیەک دیاریکران بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕێکخراوەکە.

 دوای هەڵبژاردنی دەستەی بەرێوەبردنی یەکێتی نووسەرانی جینۆساید و ئەنفال، کاتژمیر ٥:٣٠ی ئێوارە کۆنفرانسەکە کۆتایی هات.

هێمن حەسیب وتەبێژی کۆنفرانسەکە، سەبارەت بە بەرێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال و ناوەرۆکی کۆنفرانسەکە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " ماوەی شەش مانگە ئێمە کە پێکهاتبووین لە ١٣نووسەری بواری جینوساید، تاوتۆێی ئەوەمان کرد کە ڕێکخراوێک دروست بکەین بەناوی نووسەرانی بواری جینۆساید، سەرەتا هەوڵماندا لە چوارچێوەی ڕێکخراوێک پەرە بە نووسینەکانمان بدەین لەبواری جینۆساید و بیخەینە بواری کرداری، بۆیە بڕیارماندا کۆنفرانسی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە لەشاری کەرکوک ئەنجام بدەین،  لەم  کۆنفرانسەیەدا تاوتۆیمان لەسەر چەند پرسێک کرد کە بریتیبوون لە بڕیاردان لەسەر ناو و لۆگۆ و پرۆژەی ڕێکخراوەکە و پاشان هەستاین بەدیاریکردنی دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە."

هەروەها هێمن حەسیب وتیشی: " خۆشبەختانە ئەمرۆ یەکەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوەکە بەرێووەچوو، لە یەکەمین دانیشتنی کۆنفرانسەکەدا میوان و کەسایەتی نوێنەرانی لایەنەکانی حزب و دەزگا فەرمییەکان بەشداربوون، دانیشتینی دووەم تایبەت بوو بەکاروباری ڕێکخراوەکە و وتوێژ لەسەر کار و پرۆگرامی و بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە، لە کۆتا بڕگەی کۆنفرانسەکەشدا دەنگدرا لەسەر هەڵبژاردنی دەستەیەک بۆ بەرێوەبردنی ئەرکی ڕێکخراوەکە."

لەکۆتایدا هێمن حەسیب وتەبێژی کۆنفرانسەکە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی شاری کەرکوک بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوەکە، ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمە شاری کەرکوکمان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە هەڵبژارد چونکە شاری کەرکوک چەقی ڕوودانی ڕووداوەکانی ئەنفال بووە، و لە ئیستاشدا شاری کەرکوک ماوەی چەند ساڵێکە رووبەڕووی شاڵاوی بەعەرەب کردن بۆتەوە، لەئیستاشدا لە شارەکە هەوڵی بەعەرەبکردن و ڕاگواستنی گوندە کوردییەکانی شارەکە دەدرێت."

ف.ق