مەخەدەشە: پەدەکە ناتوانێت بە ناوی ئێمەوە دانوستان بکات
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال هوشداری دایە پەدەکە کە شاندێکی ئامادە کردووە بۆئەوەی بچێتە بەغدا و لەسەر ناوی شەنگال بازاری بکات و وتی، " ئەوان هیچ دانوستانێکی ئەو شاندە قبوڵ ناکەن."
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال هوشداری دایە پەدەکە کە شاندێکی ئامادە کردووە بۆئەوەی بچێتە بەغدا و لەسەر ناوی شەنگال بازاری بکات و وتی، " ئەوان هیچ دانوستانێکی ئەو شاندە قبوڵ ناکەن."
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال، لەبارەی پیلان و یاریەکانی نوێ لەدژی شەنگال هوشداریەکی بڵاوکردەوە.
ئەنجومەنەکە رایگەیاند کە پەدەکە و حکومەتی کازمی بۆ جێبەجێکردنی پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەم دەستیان بە پیلانگێڕی کردووە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بە دانوستانەکان بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەر شەنگال کرد کە لە ئەنجامدا هێرشەکان راگیران و دەرگای دانوستان و دیالۆگی کردووەتەوە.
ئەنجومەنەکە باسی ئەوەی کرک کە لەگەڵ ئەوەی ئەوان سەرقاڵی چارەسەرین، بەڵام پەدەکە و حکومەتی کازمی بەردەوامی بە سیاسەتی شەڕ لە شەنگال دەدەن و لە جێگەی نوێنەر و دەزگاکانی شەنگال وەک موخاتەب وەربگرن، دەستیان بە یاریەکی نوێی کردووە.
ئەنجومەنی شەنگال بە تایبەتی ئاماژەی بە هەوڵەکانی پەدەکە بۆ گوڕکردنی شەڕ و کۆچبەرکردنی خەڵکی شەنگال کرد و هوشداری ئەوەیداوە کە لەگەڵ ئەوەی شکستیان هێناوە، بەڵام پەدەکە سوورە لەسەر پیلانگێڕی و ئاژاوەگێڕیەکانی.
پەدەکە ئامادەکاری دەکات کە شاندێک لە ئەندامانی وەک 'نوێنەری ئیزیدان' رەوانەی بەغدا بکات
لە راگەیەنراوەکەدا باسی لەوەکراوە، " سەرەتا دەمانەوێت رای گشتی و ئێزدیان ئاگادار بکەینەوە کە ئامادەکاری دەکرێت شاندێک لەسەر ناوی شەنگال و کۆمەڵگەی ئێزدی لەگەڵ حکومەتی کازمی چاوپێکەوتن ئەنجام بدات.ئەو شاندە لەلایەن قاعید عەمەلیاتی موسڵ و پەدەکەوە ئامادەکراوە و هەمووان ئەندام و لایەنگری پەدەکەن. دەیانەوێت بە نوێنەرایەتی ئێزدیان و شەنگال ئەو سەردانە بکەن."
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال رایدەگەیەنێت کە ئەم یاریەی پەدەکە بە هاوکاری قاعید عەمەلیاتی موسڵە و دەیانەوێت ئاژاوەگێڕی دروست بکەن و وتی، " ئەم شاندە دەیەوێت خۆی وەک نوێنەری چالاکوانانی شەنگال بناسێنێت، بەڵام ئەو چالاکوانانەی کە پێشەنگایەتی چالاکیە مەدەنیەکان دەکەن لە راگەیەنراوێکدا باسیان لەوەکرد کە شاندەکەی پەدەکە نوێنەرایەتی ئەوان ناکات و ناتوانێت لەسەر ناوی ئەوان چاوپێکەوتن ئەنجام بدات."
'ئێمە ئەو دانوستانانە کە لەسەر ناوی شەنگال دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین'
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، " ئێمە بۆ هەموو کۆمەڵگەی ئیزدی و رای گشتی رایدەگەیەنین کە ئەم هەنگاوە یاریەکی نوێی پەدەکەیە و بەردەوامی پەیمانی ٩ی تشرینی یەکەمە. نەیانتوانی بە هێرش و شەڕی تایبەت ئەنجام بەدەست بهێنن و دەیانەوێت بەم شێوەیە ئامانجەکانیان جێبەجێ بکەن. بە رای گشتی دەڵێین کە ئێمە ئەو دانوستانانە کە لەسەر ناوی شەنگال دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین."
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال ئەم بانگەوازەی لە حکومەتی کازمی کرد؛
"بۆ چارەسەری کێشەکان، پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا هەبێت. ئەم جۆرە یاریانە زەمینەی دیالۆگ و چارەسەری خۆش ناکات. ئەگەر نیازێکی چارەسەریان هەیە، پێویستە دەست لە پیلانگێڕیەکان هەڵگرن، کۆمەڵگەی ئێزدی وەک موخاتەب ببینن و ئیرادەی شەنگال بناسن. بە پیلانگێڕیەکان دۆخی شەنگال ئارام نابێت، کێشەکان چارەسەر نابن."
پێویستە گەلانی شەنگالیش خاوەنداری لە ئیرادەیان بکەن. پێویستە رێگە بەو لایەن و کەسانە نەدەن کە لەسەر ناوی ئەوان چاوپێکەوتن دەکەن. لەبەرئەوەی باش دەزانن، ئەو کەسانە نەک بۆ بەرژەوەندی شەنگال، بەڵکو بۆ بەرخۆدانی خانەوادە و هۆزی خۆیان کار دەکەن."
ف.ق