هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە پێکدادانەکانی شێراوا چەتەیەک کوژرا و چەتەیەک بەدیل گیرا

نه‌وتی خه‌ڵكی باشور به‌ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌فرۆشرێت

خه‌ڵكی باشور سه‌رباری نه‌بوونی نه‌وت و گاز، هه‌ر به‌ هۆی به‌ هۆی گرانیه‌وه‌ برسی و هه‌ژاره‌. هه‌ولێریه‌كان ده‌ڵێن، له‌ هه‌موو شوێنێكی وڵاته‌كه‌ نه‌وت هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش گه‌ل به‌ برسێتی هێڵراوه‌ته‌وه‌.

دانیشتوانی هه‌ولێر باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ قه‌یرانه‌كانی ئێستای هه‌رێم كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژار دانا و نرخه‌كان له‌ بازاڕ زۆر به‌رزبوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ ناتوانن نه‌وت و گاز دابین بكه‌ن.

' نرخه‌كان له‌ بازاڕ زۆر گرانن'

ته‌حسین عومه‌ر باسی له‌وه‌كرد، هه‌موو قه‌یران و دۆخی سیاسی ناوچه‌كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ داده‌نێت و وتی، "قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه‌ زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕ داده‌نێن. به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار نرخه‌كان له‌ بازاڕیش به‌رزبوونه‌ته‌وه‌. داواكاریمان له‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاودێری بازاڕ بكات. دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ و دواخستن كاریگه‌ری له‌ بازاڕ ده‌كات. مووچه‌ بدرێت هه‌ندێك دۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت".

'نه‌وت، گازی سوروشتی و به‌نزین زۆر گرانن، گه‌ل هه‌ژاره‌'

عومه‌ر سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر نه‌بوونی نه‌وت و گاز و به‌م جۆره‌ درێژه‌ی پێدا: "نه‌وت، گازی سروشتی و به‌نزین گرانه‌، حكومه‌ت چاره‌سه‌ریه‌كی بۆ بدۆزێته‌وه‌ باشه‌. گه‌ل زۆر هه‌ژار و نه‌دار بووه‌".

'سێ چوار ساڵه‌ نه‌وتم وه‌رنه‌گرتووه‌'

هاوڵاتی به‌ ته‌مه‌ن خدر حسێن حه‌مزه‌ش باسی هه‌ژاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كانی كرد و وتی، "دۆخی بازاڕ زۆر خراپه‌، خه‌ڵك هه‌ژاره‌. له‌ هه‌موو بوارێكدا ژیان ئاڵۆز بووه‌. كاره‌با باش نییه‌، نه‌وت نییه‌. سێ چوار ساڵه‌ ئێمه‌ نه‌وتمان وه‌رنه‌گرتووه‌. به‌رمیلێكم به‌ ١٨٥ هه‌زار دینار كڕیوه‌".

'حكومه‌ت چاوی بڕیوه‌ته‌ نانی خه‌ڵك'

حسێن قادریش باسی چاوتێبڕینی حكومه‌ت له‌ كاری مرۆڤه‌كان كرد و وتی، "هه‌تا بڵێی دۆخی ئێستای بازاڕ خراپه‌. ده‌سه‌ڵات ناهێڵێت داهاتێك بكه‌وێته‌ ده‌ست خه‌ڵك. ئه‌وان نه‌بنه‌ هاوبه‌ش و شه‌ریك تۆ هه‌رگیز ناتوانی كارێك بكه‌یت. هه‌ر كارێك قازانجی تێدا بێت، ده‌بێت ئه‌وان به‌شیان تێیدا هه‌بێت".

'باج له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و نه‌وت به‌ خه‌ڵك ناده‌ن'

قادر باسی له‌وه‌كرد، كه‌ به‌ ناوی جیاجیاوه‌ باجێكی زۆر له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت و به‌م جۆره‌ درێژه‌ی پێدا: "باجێكی زۆر له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت. له‌ خه‌ڵك ناگه‌ڕێن كه‌ خێرێك له‌و كاره‌ وه‌ربگرێت كه‌ ده‌یكات. له‌ ژێر ناوی جیاجیاوه‌ باجێكی زۆر له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن. وڵاته‌كه‌مان هه‌موو نه‌وته‌. تائێستا نه‌یانتوانیوه‌ نه‌وت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش بكه‌ن".

هـ . ب