لە رۆژانی رابردوودا بڵاوبوونەوەی وتاری ئەندامێکی پەژاک لەبارەی پرسەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، هەندێک رەخنە و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لەو بارەوە ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە.
پەژاک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەر ئەندامێکیان لەوانە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری مافی ئەوەیان هەیە کە روانگە و هەڵوێستی خۆیان بۆ رای گشتی بخەنەڕوو، بەڵام هەڵوێستی فەرمی پارتەکە لەلایەن هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارتەکەوە دەردەبڕدرێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک:
بۆ رای گشتی:
لەبارەی رەخنەکانی ئەم دواییەوە
لە رۆژانی رابردوودا وتارێک بڵاوکراوەتەوە کە هەندێک بابەتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی شۆڕش و بەرنامەکانمانی لەخۆگرتووە. هەر ئەندامێکمان و لەوانە ئەندامانی بەڕێوەبەراتی مافی ئەوەیان هەیە بیر و را و روانگەی خۆیان بۆ رای گشتی بخەنەڕوو، بەڵام هەڵوێست و روانگەی فەرمی پارتەکەمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە لایەن وتەبێژەکانی واتە دامەزراوەی هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارتەکەوە رادەگەیەندرێت. پارتەکەمان بەرنامە و پەیڕەوی نوسراوی هەیە کە تیایدا روانگەی تیۆری و سیاسی پارتەکەمان خراوەتەڕوو، سیاسەتی پارتەکەشمان بە بەردەوامی و بە شێوەی روون لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری پارتەکەمانەوە خراوەتەڕوو. هەربۆیەش هەر وتە و نوسراوێک جگە لەوە، گوزارشت لە رای فەرمی ئێمە ناکات و خاوەنی قسە یان نوسینەکە لێی بەرپرسە.
روانگەی پارتەکەمان لەسەر شۆڕش و رێکارەکان و بنەماکانی روونە و لەگەڵ هاتنەئارای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو تێڕوانینانە زیاتر و بەکردەوەش بە شێوەی روونتر خرانەڕوو. هەڵبەت کە بە بوونی رژێمی ئێستا، ناتوانرێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاری و وەرچەرخانێک لە ئێران بن، ئەمەش بە رادەیەک روونە کە تەنانەت چالاکوانانی جیهانی لایەنگری هێشتنەوەی رژێم دەستبەرداری هەر روانگەیەکی دیکە، جگە لەوە بوون. هەربۆیە داوا لە دۆستان و رۆشنبیران و گەلەکەمان دەکەین تا بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی پارتەکەمان، کردەوە و پێرفۆرمانسی شۆڕشگێڕانەوە کە لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی رەوتێکی روو لە گەشەی هەبووە و هەروەها لە سەر بنەمای راگەیەندراوە فەرمییەکانی پارتەکەمان هەڵوێست نیشان بدەن. لەم قۆناغەدا کە شۆڕش و پرسەکانی پەیوەست بەوەوە کاری لەپێشینەمانە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەخنانەی لەلایەن دۆستانەوە سەبارەت بەو بابەتە ئاماژە بۆکراوە گیراون و هەروەها پێویست رێزگرتن لەو رەخنانە، بۆ پوچەڵکردنەوەی قین هەڵڕشتنی هەندێک کە هەوڵ دەدەن ئەو بابەتە وەک روانگەی فەرمی پارتەکەمان نیشان بدەن، بە پێویستمان زانی کە ئەم راگەیەندراوە بڵاوبکەینەوە و روانگەی فەرمی پارتەکەمان رابگەیەنین. بە دڵنیاییەوە بەرپرسانی پارتەکەمان ئامادەن وەڵامی سەرجەم پرسیار و نیگەرانییە باس کراوەکان لەو بارەوە بخەنەڕوو".
هـ . ب