پەژاك: شەهیدانی ٩ی گوڵان لاپەڕەیەكی زێڕینن لەمێژووی تێكۆشانی ئازادیخوازی رۆژهەڵاتدا

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان بەبۆنەی دوازدەهەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی چوار هەڤاڵی تێكۆشەر و قارەمان لەلایەن رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە.

لەراگەیەندراوەكەی پەژاكدا هاتووە؛ شەهیدانی ٩ی گوڵان بەتێكۆشانیان لاپەڕەی زێڕینیان لەمێژووی تێكۆشانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان نەخشاند. یادی شەهیدان"فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەكیلی"بەرز و پیرۆز دەنرخێنین و بەبەردەوامی رێگای ئەو پێشەنگانەی گەل بەرەو پێ  دەدەین و سۆز و بەڵێنمان دووپات دەكەینەوە.

لەبەشێكی تر راگەیەندراوەكەدا پەژاك دەڵێت:" كەمانگەر و هاورێیانی مانگی گۆڵانیان بەمانگی حەق و ئازادی، مانگی تێكۆشان و بۆنیادنانی ژیانی ئازادی كوردستان وەرچەرخاند. لەقسەو كرداردا كەمیان نەهێنا و بەفیداكردنی گیانیان ئازادی گەلانی ژێردەستەی رژێمی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانیان مسۆگەر كرد.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، داوا لە هەموو ئەو ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانە دەكات كە دڵیان بۆ كۆمەڵگە، ئازادی، ژن و ئیكۆلۆژی لێدەدات، بەبەرەودان و بڵندكردنی ئاستی تێكۆشانی ئازادیخوازانە و دیموكراتیك، رێگەی رزگاری گەلان بكەنەوە. ئەمڕۆكە كەمپینی"نە بۆ سێدارە، بەڵی بۆ دیموكراسی" لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەسكەوتی شەهیدانی ٩ی گۆڵانە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوی پەژاك بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدانی ٩ی گۆڵان

"شەهیدانی ٩ی گۆڵان بەتێكۆشانیان لاپەڕەی زێڕینیان لەمێژووی تێكۆشانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان نەخشاند. یادی شەهیدان"فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەكیلی"بەرز و پیرۆز دەنرخێنین و بەبەردەوامی رێگای ئەو پێشەنگانەی گەل بەرەو پێ  دەدەین و سۆز و بەڵێنمان دووپات دەكەینەوە.

فەرزاد كەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەكێڵی، سمیبۆلی تێكۆشانی پیرۆزی گەلی كورد و سیمبۆلی تێكۆشانی فیدایانە و فیدایی هێزی گەریلا لەهەموو گۆڕەپانەكانی تێكۆشانن بۆ بەدەستهێنان ئازادی و دیمۆكراسی. بیرەوەری ئەو شەهیدانە كە ئەرشی رژێمی زۆڵم و ستەمی ئێرانیان هەژاند، ئەمڕۆكە هێزێكە بۆ هەموو ئازادیخوازان، دیموكراسیخوازان و وڵاتپارێزان. مامۆستای ژیان، فەرزاد كەمانگەر و هاورێیانی بەگەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان شێوەی بەرخۆدان لەبەرامبەر بە رژێمی دسپۆت و گەنیویان نیشاندا و خۆشیان بەجەسوری و فیداكاری لەو رێگەیەدا تێكۆشان. بەرخۆدانی بێ وێنەی شیرین عەلەم هولی لەدژی سیستەمی دژە ژنی ئێران بووە مەشغەڵی رووناكەرەوە بۆ هەموو زیندانیانی ئازادیخواز. ئەوان هاواریانكرد كە تەسلیمیت لەبەرامبەر بەفاشیزم بەواتای مردن و ناچاركردنی گەلانە بۆ قەبووڵكردنی بەردەوامی زەنجیری وێلایەتی. ئەگەر ئەمڕۆكە دەبینین كە لەئاستی ئێراندا زەبرێكی گەورە لەرەوابوونی سیستەم و رژێمی بۆگەن دراوە، ئەمە بەهۆی رێگە راستەكەی تێكۆشەرانی ٩ی گۆڵانەوەیە.

كەمانگەر و هاورێیانی مانگی گۆڵانیان بەمانگی حەق و ئازادی، مانگی تێكۆشان و بۆنیادنانی ژیانی ئازادی كوردستان وەرچەرخاند. لەقسەو كرداردا كەمیان نەهێنا و بەفیداكردنی گیانیان ئازادی گەلانی ژێردەستەی رژێمی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانیان مسۆگەر كرد. ئەوان بەهێزەوە گۆڕەپانی زیندان كە لەلایەن پیاوانی رژێمی بۆگەنەوە وەرچەرخابووە گۆڕەپانی كۆشتنی ئازادی، پێچەوانەكردەوە و كردیانە شوێنی چەكەرەكردن و ژیانەوەی تێكۆشانی هەمیشەیی گەلان. تا دواین هەناسە ئازادیان بۆ خۆیان نا، بەڵكۆ بۆ گەل ویست. دژە كۆمەڵگە و دژە ژن بوونی رژێمی بۆگەنی ئێران پێویستی بەبەرخۆدانێكی فیدایانەی هاوشێوەی كەمانگەرەكان و عەلەم هولیەكان بوو و ئەمڕۆكە دەسكەوتەكانی بەروونی دەبینین. لەرێگەی شەهیدانی ٩ی گۆڵان كەمپینی"نە بەسێدارە؛ بەڵێ بۆ دیموكراسی"، ئامانجی گەلێكی ژێردەستە پێكدێنێت كە بەرهەمەكەی بەردەوام بوونی بەهێزی شۆڕشی ئازادیە. ئەو شەهیدانە سیمبۆل و رێ نیشاندەری تێكۆشانی بەردەوام و نەپچڕاوەی گەلانی ئێرانن كە تینۆیەكی بێ گەڕانەوەن تا گەیشتن بەئازادی یەكجارەكی. تێكۆشانی ئەمڕۆكەی گەلان پێویستی بەكردەوەی راستەقینە و بێ وێنەی وەكو كەمانگەرەكان و عەلەم هولیەكان هەیە.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك، سەرەڕای وەبیرهێنانەوە یادی شەهیدانی ٩ی گۆڵان، داوا لە هەموو ئەو ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانە دەكات كە دڵیان بۆ كۆمەڵگە، ئازادی، ژن و ئیكۆلۆژی لێدەدات، بەبەرەودان و بڵندكردنی ئاستی تێكۆشانی ئازادیخوازانە و دیموكراتیك، رێگەی رزگاری گەلان بكەنەوە. ئەمڕۆكە كەمپینی"نە بۆ سێدارە، بەڵی بۆ دیموكراسی" لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەسكەوتی شەهیدانی ٩ی گۆڵانە. سۆز و بەڵێنمان دووپات دەكەینەوە تا گەیشتن بە هیوا و ئاواتەكانی شەهیدانمان كە ئەوەش ئازادی گەلان و كوردستانە، بۆ ساتێكیش رانەوەستین. گەلەكەمان لەسەر رێ و رێبازی شەهیدانی ٩ی گۆڵان پێداگرن لەسەر ئازادی و دەبێت هەر ئازاد ببەن. كەمانگەر و هاوڕێبازانی مامۆستای راستەقینی تێكۆشانن لەهەموو كاتەكاندا و تەنیا رێگەی گەیشتن بەئازادی یەكجارەكی گەلان و وڵاتپارێزی بۆ كوردستان، بەردەوامی ئەو رێگە قورس و پڕ لەزەحمەتەی ئازادیخوازەی ئەو شەهیدانەیە. شەهیدانی ٩ی گۆڵان گەلانیان زیاتر لەئازادی نزیك كردۆتەوە و بۆ هەمیشە لەیاد و بیر و هزرماندا دەژین و بەزیندوویی دەمێننەوە".

ژ.ت