قەرەیلان: دونیا ئیدی باشتر بینیی رێبەر ئاپۆ لیدەرێکی چۆنە

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، "ئیدی جیهان بینیی، کە رێبەر ئاپۆ لیدەرێکی چۆنە. لەبەر ئەوەش سەندیکای زۆربەی وڵاتان خاوەنداری و پشتیوانیی لێدەکەن و بۆ ئازادییان کەمپەین بەڕێوە دەبەن".

 

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشداری بەرنامەى تایبەتی ستێرک تیڤی بوو.

قەرەیلان سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەى دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کوردستان بە بەرفراوانی شیکار کرد و وتی، "دەبێت گەلی کورد خۆی بپارێزێت. دوای دامەزراندنی کۆمار، ئەتاتورک بەڵێنی بە گەلی کورد دا، کە کوردستان خۆبەڕیوەبەر و خۆسەر بێت. گەلی کورد بەهۆی ئەو بەڵێنەوە لەگەڵیدا بەشداریی شەڕیان کرد، بەڵام دوای ئەوەى رێککەوتنی لۆزان ئیمزا کرا، هێزە باڵادەست و هەژمونگەراکان کوردیان کردە قوربانی. تورکیاش بەڵێنەکەى خۆی لە بیر خۆی بردەوە و خیانەتی کرد. خواستی گەلی کوردستان پاکتاو بکات. راپەڕینی شیخ سەعید لەو چوارچێوەیەدا روویدا. کوردان بۆ پاراستنی خۆیان راپەڕین. لە ساڵی ١٩٢٥ تاوەکو ١٩٤٠ دەوڵەتی تورک بۆ ماوەى ١٥ ساڵ و لە رێگەى سەربازییەوە کوردستانی داگیرکرد. لە رووی جەستەیی و فیزیکییەوە دەستی بە پاکتاوکردن کرد. بە بەردەوامی لە ماوەی ١٥ ساڵدا لە کوردستان خوێن رژا. وەک دەزانرێت لە دوایدا ساڵی ١٩٣٨ لە دێرسیم دەستی بە هێرشی داگیرکەری کرد".

پلانی ئیسڵاحاتی شەرق (چاکسازیی رۆژهەڵات) و ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەى زمان

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، دوای ساڵانی ١٩٧٠ رێبەری گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادی سەریانهەڵدا و وتی، "تێکۆشانێک، کە لەو سەردەمەدا دەستیپێکرد، گەیشتە ئاستێک. ئەو بابەتێکی جیاوازە، بەڵام زۆر گرنگە. بابەتی زمان و پاراستنی زمان زۆر گرنگە. دوژمن هەر ئەو کات لە ساڵی ١٩٢٥ لە ناو پلانی چاکسازیی رۆژهەڵات دا باسی زمان دەکات. دەڵێن، 'دەبێت ئێمە هەموو کورد فێری تورکی بکەین تاوەکو کوردییان لە بیر بچێتەوە'. بە تایبەتی دەیانەوێت ژنان فێری تورکی بکەن. بێگومان ئێمەش وەک گەلی کورد دەبێت خاوەنداری لە شکۆ، شەرەف و خاکی خۆمان بکەین، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت ئێمە خاوەنداری لە زمانی خۆمان بکەین".

"زمانی کوردی لە دونیادا لە مەترسییەکی گەورەیدایە"

موراد قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، دوژمن هێرش دەکاتە سەر زمان و نەتەوەی کورد و وتی، "دەیانەوێت هەموو ئەو شتانەی بە ناوی گەلی کوردەوەیە، لە ناوی ببەن و بیسڕنەوە. لە بریی کوردی، زمانەکانی تورکی، عەرەبی و فارسی دەسەپێنن. لەو کاتەدا دەبێت تۆیش خاوەنداری لە کوردی بکەیت. یانی دەبێت هەموو کەس بە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕی خاوەنداری لە کوردی بکات. بۆ نمونە هەندێک لە تورکەکان لە بابەتی کوردیدا هەڵوێستێکی باشیان هەیە و دەڵێن، دەبێت خاوەنداری لە کوردی بکرێت. ئێمەش عەرەبی و تورکیمان خۆش دەوێت، هەموو زمانێکمان خۆش دەوێت، بەڵام ئێستا کوردی لە مەترسییەکی گەورەدایە، بە تایبەتی هەموو زاراوەکانی کوردی. دەبێت ئێمە هەموو زاراوەکانی کوردی بپارێزین. زاراوەکان دەوڵەمەندیی ئێمەن. زۆر رێکخراو هەن، کە کوردی دەپارێزن. کاری ئەو رێکخراوانە زۆر گرنگە. سپاسیان دەکەم. لەم سەردەمەدا هەندێک حیزب لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتی زمان دەکەن تاوەکو بزانن چییان پێدەکرێت. ئەوە کارێکی زۆر هێژایە.

"دەبێت مرۆڤ بەهەڵوێستێکی شۆڕشگێڕی خاوەنداری لە زمانی دایکیی خۆی بکات"

دوژمن دەیەوێت نەتەوەی کورد لە ناو ببات و بیسڕێتەوە و ئەوەشی لە زمانەوە دەستپێکردووە. بە تایبەتی دەمەوێت داوا لە دایکان بکەم، کە کوردی فێری منداڵەکانیان بکەن، لە ماڵەوە، لە دەرەوە بە کوردی بدوێن و بپەیڤن. نەک بەو زمانە، کە بەسەرماندا سەپێنراوە، بەڵکو پێویستە بە زمانی دایکیی خۆمان بدوێین. بۆ نمونە لە ئامەد گەنجان هەندێکجار گفتوگۆ و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن، لە دەرەوە و لە ناوخۆیاندا بە تورکی دەدوێن. تۆ لە پایتەختی کوردستان، چ پێویستیت بەوەیە بە تورکی قسە بکەیت. بێگومان قسەکردن بە تورکی بۆ گەلی کورد دەوڵەمەندییە، بەڵام دەبێت تۆ خاوەنداری لە کوردی بکەیت، چونکە مەترسیی لەسەرە. دەبێت مرۆڤ بە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕی خاوەنداری لە زمانی دایکیی خۆی بکات. ئەوە زۆر گرنگە".

"ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی شەڕی تایبەت، ژنان و گەنجانن"

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر، سیاسەتی شەڕی تایبەت لە کوردستان و رایگەیاند، ئەو سیاسەت بە شێوەیەکی تایبەت لە دژی ژنان و گەنجان بەڕێوەدەچێت.

قەرەیلان وتی، "سات بە سات گوشارەکان لەسەر ژنان زیاتر دەبن. ئەوانەی پشتیوانی لە پارادیگمای رێبەرایەتی دەکەن، ژنان و گەنجانن. بۆ نمونە، ئەو رێنوێنییانەى رێبەرایەتی لەسەر ئازادیی ژن داونی لە جیهاندا بابەتی نوێن. بێگومان بۆ ئازادی و مافەکانی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتاندا بزووتنەوەی جۆراوجۆر دروستبوون. ئەو کارانەی چەپەکان، سۆسیالیستەکان و فمینیستەکان بەڕێوەیان بردووە و هێشتاش بەڕێوەی دەبەن دەبینرێت، بەڵام رێبەرایەتی لە پارادیگماکەی خۆیدا رێگا و رێبازەکانی ئازادیی ژن، پێشەنگایەتیی ژن بۆ کۆمەڵگەی دەستنیشانکردووە. ژن لەگەڵ ئازادیی خۆی گۆڕاندنی پیاویش دەداتە بەرخۆی. ژن لە کۆیلەیەتیەوە دەکات بە پێشەنگ. رێبەرایەتی رۆڵێکی لەو جۆرەی بە ژنان داوە. ژن بە پارادیگمای رێبەرایەتی بووە خاوەن هێزێکی گەورە، بە بەهێزی بەشداری ریزەکانی تێکۆشانی ئازادی بوون.  

"دونیا ئیدی باشتر بینینی، کە رێبەر ئاپۆ لیدەرێکی چۆنە"

قەرەیلان باسی ئەوەیکرد، ژنانی کورد بە تێکۆشانی خۆیان ئەمڕۆ نەک تەنها سەرنجی ژنان لە ناوچەکەدا، بەڵکو لە هەمان کاتدا سەرنجی هەموو ژنانی جیهان راکێشاوەتە سەر خۆیان و وتی، "لە پارادیگمای رێبەرایەتیدا شۆڕش بە ٣ شێوە شیکاری بۆ دەکرێت و دەناسێنرێت. یەکەم؛ شۆڕشی ژنە. دووەم؛ شۆڕشی دیموکراسییە و سێیەم؛ شۆڕشی ئیکۆلۆژی و ژینگەیە. هەموو کەس ئێستا باشتر لەوە تێدەگات، کە ژینگە و ئیکۆلۆژی چەند گرنگن. بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەى پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەڵام رێبەرایەتی ٢٠ ساڵ لەوە پێش باسی لە گرنگیی ژینگە و ئیکۆلۆژی کردبوو و راگەیاندبوو، پێویستی بە شۆڕشی ژینگەیی هەیە. ئیدی دونیا بینیی، کە رێبەر ئاپۆ چۆن لیدەرێکە. لەبەر ئەوەش لە سەندیکاکانی زۆرێک لە وڵاتاندا خاوەنداری و پشتیوانی لە رێبەرایەتی دەکەن و بۆ ئازادییان کەمپەین بەڕێوەدەبەن.

ئەو تێکۆشانە، کە لەلایەن ژنانی کورد بەڕێوەدەچێت، نەک تەنها بۆ ئازادیی ژنان، بەڵکو هەروەها بۆ ئازادیی هەموو کۆمەڵگەى کوردە. لە راستیدا بۆ ژنان و هەموو کۆمەڵگەکان تێدەکۆشن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت رێگری لەو تێکۆشانەى ژنان بکات. دەیەوێت، ژنان بترسێنێت و لەمپەریان بۆ دروست بکات. دوژمن زۆرترین ترسی لە ژنی کورد هەیە، چونکە ژنانی کورد ئیدی وەک ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ لەوە پێش نیین. ژنان ئیدی لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بەرەنگاری و خۆڕاگری و بەرخودان دەکەن. لە رووی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا خاوەنی هێز و ئیرادەن".

'ئێمە جەردەوانەکان ناکەینە ئامانج'

قەرەیلان لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر بابەتی جەردەوانی لە باکووری کوردستان و وتی، دەوڵەتی تورک ئێستا هەوڵ دەدات هێدی هێدی جەردەوانەکان بکاتە کۆنترا (هێزی تایبەتی دژ بە گەریلا) و وتی، "مرۆڤە راستەقینەکانی ئێمە ئیدی باشتر هۆشیار بوون. هەندێکیان دەستیان لە چەک هەڵگرتووە، بەشێک لە جەردەوانەکان نەیانخواست ببن بە کۆنترا و لە چیاکان بەشداری لە ئۆپراسیۆنی دژ  بە گەریلادا بکەن".

قەرەیلان رایگەیاند، ئەوانەى جەردەوانی دەکەن دەزانن، کە دەوڵەت بەکاریان دەهێنێت و وتی، "لەبەر ئەوەش بەبێ خواست و دڵی خۆیان ئەو کارە دەکەن، بەڵام دەبێت بەشداری ئۆپراسیۆن نەبن. دەوڵەت هەندێکجار دەیەوێت فریویان بدات و فێڵیان لێ دەکات و دەڵێت، 'پەکەکە لە ئێوە دەدات' نا، ئەوە راست نییە، ئێمە بەڵێنمان داوە لە هیچ شوێنێکدا جەردەوانەکان ناکەینە ئامانج. بێگومان کۆنترایان لە ناودایە، مەبەستی من ئەو کەسانەیە، کە بە بەردەوامی بەشداری ئۆپراسیۆن لە دژی گەریلا دەبن. ئەوانە لە چوارچێوەی بنەمای خۆپاراستندا دەبنە ئامانجی گەریلا، بەڵام ئێمە هەرگیز ناڵێین، لە گوندێک لە جەردەوان بدرێت، ئێمە هەرگیز ناڵێین، هێرش بکرێتە سەر گردێک، کە جەردەوانی تیادایە. بێگومان هەندێک لە جەردەوانەکان لەگەڵ سەربازان بەشداری لە ئۆپراسیۆن دا دەکەن، ئێشکگری و پاسەوانی دەکەن و کاتێک چالاکی دەکرێت هەندێک لەوانە ژیانیان لە دەست دەدەن، بەڵام ئێمە بە تایبەت جەردەوان ناکەینە ئامانج. دەبێت ئیدی جەردەوان نەکەونە ناو داو و تەڵەکەى دەوڵەت، سەر لە بەرامبەر گوشارەکان دانەنەوێنن.

"دەبێت سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان لەبارەی گەمەکانی دەوڵەتی تورکەوە هۆشیار بن"

قەرەیلان ئاماژەی بە شەڕی دەرونیی دژ بە پەکەکە کرد و وتی، "دوژمن زۆر لە پەکەکە دەترسێت. لە بەیانی تاوەکو ئێوارە دەڵێن، "تیرۆر و تیرۆر". ئەگەر بە قسەی خۆیان "کەمیان ماوە" ئیدی بۆ ئەوەندە دەترسن؟ ئەگەر وایە درۆ دەکەن. دەبێت جەردەوانەکانیش لە راستیی دوژمن تێبگەن. دوژمن ئێستا لە حەفتانین لە هەندێک گرددا خۆی جێگیرکردووە. ئەو گردانە کێی تیادایە؟ جەردەوانی کورد و هەندێک لە چەتەکانی سوریای تیادایە. عەفو؛ ئەو چەتانەى سوریا وەک سەگی راو (تانجی) بەکار دەهێنن. بۆ کوێ بڕۆن ئەو چەتانە دەدەن بەر خۆیان.

ئاکەپە – مەهەپە، ئەرگەنەکۆن، دۆغوپەرینچەک، نەژادپەرەستان و فاشیستەکان بە هەموویان دەیانەوێت عوسمانییەکی نوێ دروست بکەن. دەیانەوێت بە دەستی کوردانی نۆکەر، عەرەبە نۆکەرەکان و بە گەورەکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا ئەوە بکەن. دەبێت هەموو کەس لەوبارەیەوە هەستیار و هۆشیار بێت. دەبێت هەموو جەردەوانەکان هۆشیار بن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەمان سیاسەتیش لە باشووری کوردستان بەڕێوە ببات. دەبێت سیاسەتمەدارانی باشوور بە هۆشمەندی و پەرسپەکتیڤ و رێنوێنیی نەتەوەیی بجوڵێنەوە.

دەوڵەتی تورک دەیانەوێت شەڕ لە نێوان کوردان لە باشووری کوردستان دروست بکات، بەڵام لەو بڕوایەدام بە ئامانجەکەى ناگات، چونکە سیاسەتمەدارانی کورد ئیدی گەیشتوونەتە قۆناغێک. هەموو کەس دەبینێت و لەوە تێگەیشتووە، کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت چی بکات. لەبەر ئەوەش یەکێتیی نەتەوەیی زۆر گرنگە. سیاسەتی دوژمن کوشتنی کوردە لەسەر دەستی کورد، بەڵام لەوەدا بێ ئەنجام دەبێت. دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک لە دژی ئەوە بوەستێتەوە".

ژ.ت