سەدر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی گەیشتە بەغدا

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ کۆبووەنەوە لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، گەیشتە بەغدای پایتەخت، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر بڕیاربوو هادی عامریی سەردانی سەدری بکردایە لە نەجەف.

نووسینگەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەدر گەیشتووەتە بەغدای پایتەخت و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لە بەغدا کۆببێتەوە.

کۆبوونەوەی سەدر و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، کە لەڕابردوودا چەند جارێک سەدر و لایەنە شیعەکانی دیکە کۆبوونەتەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێک.

گەیشتنی سەدر بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، بڕیاربوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگیی سەردانی سەدریان بکردایە لە ناوچەی حەنانەی نەجەف.

زرعام مالیکی، ئەندامی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا لەبارەی پێشبینییەکانی سەردانی عامری بۆلای سەدر بە ماڵپەڕی مەعلومە-ی ڕاگەیاندووە: چاوەڕێدەکرێت کۆبوونەوەی هادی عامری و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەگەڵ سەدر ببێته‌ کۆبوونەوەیەکی كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و ببێته‌ مایه‌ی به‌شداریكردنی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا به‌بێ دوورخستنه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێک.

سەدر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و بەدەستهێنانی ٧٢ کورسی پەرلەمانیی، لە هەموو هەڵوێستەکانیدا جەختی لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی کردووە، هاوکات مەرجیشی بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەوەیە، کە نابێت نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ببێتە سەرۆک وەزیری داهاتووی عێراق.

ڕ.ح