شاندی ئاشتی لەلایەن پەدەکەوە گەڕێندرانەوە

چالاکوانانی ئاشتیخواز، کە لە ئەوروپاوە رۆیشتبوون بۆ هەولێر، رۆژێک لە دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)وە، ئەمڕۆ گەڕێندرانەوە بۆ ئەڵمانیا.

شاندی ئاشتی پیکهاتوون لە سیاسەتمەدارانی کورد، داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، ژینگەپارێزان و ئینتەرناسیۆنالیستەکان.

ئەندامانی شاندی ئاشتی دەمیر چەلیک هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکانی ئەوروپا (فەدا – FEDA)، عەلیجان یڵدرم، جەمال دەمیر، رابیعە بالدەمیر و موتلو تاتار بەهۆی رێگریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە لە فڕۆکەخانەى هەولێرەوە  نەیانتوانی بڕۆنە باشووری کوردستان. ئەندامانی شاندی ئاشتی لە دژی ئەو رێگرییەى پەدەکە دەستیان بە مانگرتن کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی شاندی ئاشتی لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە بە زۆر دیپۆرتکراون و راگەیاندرا، شاندەکە نێردراونەتەوە بۆ شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا.

ژمارەی ئەو ئەندامانەی شاندی ئاشتی و ناویان، کە گەڕێندراونەتەوە تاوەکو ئێستا دیار نییە.

 دوێنێ شەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ، ٢٧ کەس هەوڵیاندا لە ئەڵمانیاوە بڕۆن بۆ باشووری کوردستان، بەڵام ١٧ کەس لە ئەندامانی شاندی ئاشتی لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیاوە لە فڕۆکەخانەى دوسلدۆرف دەستگیرکرابوون. پۆلیسی ئەڵمانیا دانی بەوەدا نابوو، کە رۆیشتنی ئەو شاندە ، کە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دا شەڕ روودەدات، دەبێتە هۆی ئەوە لە نێوان ئەوان (ئەڵمانیا) و حکومەتی تورکیادا ئاڵۆزی دروست ببێت.

ژ.ت