شوکری سەرحەد ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە لە سلێمانی شەهیدکرا

یاسین بولوت ناسراو بە ‘شوکری سەرحەد’ کە بەهۆی کێشەی تەندروستیی لە سلێمانی بوو، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریی میتی تورکەوە لە سلێمانی شەهید کرا.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکاتە سەر کورد و نرخەکانی، دوای ئەوەی دوێنێ هاوڵاتییەکی باکووری کوردستانی کردە ئامانج، ئەمڕۆش شۆڕشگێڕێکی کوردی لە شاری سلێمانی تیرۆرکرد.

“یاسین بولوت” ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە، کە بە ‘شوکری سەرحەد’ ناسراوە، ماوەیەکە، بەهۆی کێشەی تەندروستیی، هاتووەتە شاری سلێمانی.

ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی  بەیانی لە گەڕەگی چوارچرای شاری سلێمانی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامیدا شەهیدبوو.

دوای هێرشەکە، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی شەهید ‘شوکری سەرحەد’ـیان گواستەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

دەوترێت هێرشەکە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک- میت،ـەوە ئەنجامدراوە.

یاسین بولوت کێیە؟

یاسین  بولوت ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٨ پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کۆدەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـدا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە، یاسین بولوت لەوێ لەگەڵ کادێران و پێشەنگانی پەکەکە، لەدژی کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بەرخۆدانێکی مێژوویی نیشاندەدات و سەر  ناچەمێنێت، ساڵێ ١٩٩١ سەربەست دەبێت و ڕوو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکات، ماوەی ١٥ ساڵیشە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کاری کردووە.

ف.ق