" سەرکەوتنی داگیرکارییەکانی تورکیا واتای لەناوچوونی پێکهاتەکانە"

پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکوک دەلێن: " ئەردۆگان کورد وەکو نەتەوە بەدوژمن دەبینێت نەک تەنها پەکەکە، وە بوونی پەکەکە گرنگە بۆ دۆزی گەلی کورد".

سەبارەت بەردەوامی لەشکرکێشی و چرکردنەوەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، پێکهاتەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوان و بەم شیوەیە باسیان لە مەترسی هەوڵەکانی تورکیا دەکرد بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان و سڕینەوەی گەلی کورد و تێکدانی پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکانی شارەکە.

تەواوی هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان تاوانبارن

سەبارەت بەبێ دەنگی هەردوو حکومەتی فیداڕاڵی عیراق و هەرێمی کوردستان، ڕەجب کاکەیی چالاکوانی مەدەنی ووتی: "ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیا دژ بە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات کارێکی ناڕەوایە، تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکێك لە چوارچیوەی دەوڵەتی کۆماری عێراقە، بۆیە پێویستە حکومەتی فدڕاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن لەبەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا،  تەواوی ئەو ناوچەی کە تورکیا هێرش دەکاتە سەری لەناچە سنورییەکان و هەروەها لەناوەندی شارەکان وەکو ناوچەکانی مەخمور و شەنگال هەموویان پێشەڵکردنی سەروەری خاکی عێراقە کە بەمەش حکومەتی عێراق تاوانبارە کە سنورێکی بۆ تورکیا دانەناوە، هەروەها تەواوی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانیش تاوانبارن چونکە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە و تەواوی حزبەکانی باشور بەشدارن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان".

بوونی پەکەکە گرنگە بۆ گەلی کورد

هەروەها هەڵوێست و بیروبۆچونیان بەرامبەر هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری، ڕەجەب کاکەیی ووتی: "ئێمە وەکو پێکهاتەی کوردانی کاکەیی تەواوی هێرش و لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ سەر هەرچوار پارچەی کوردستان ڕەتدەکینەوە چونکە ئێمە کوردین و هەستی نەتەوەیاتیمان وامان لێدەکات کە بەچاوی داگیرکاری تەمەشای بکەین، داواش لە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دەکەین کە خەباتی خۆی لە تەواوی بوارەکانی فەرهەنگی، سیاسی، ئابوری بەهێز بکات و ڕێکخستنەکانی لە تەواوی شارەکانی تورکیا بەهێز بکات تا بتوانێت فشارێکی زۆر بخاتەسەر دەسەڵاتی تورکیا وە پێویستە پەرە بە خەباتی دبلۆماسی لە دەرەوەی کوردستان بدات، چونکە بوونی پەکەکە گرنگە بۆ گەلی کورد".

پێویستە فشار بخرێتە سەر تورکیا

ناوبراو تیشکیشی خستەسەر چۆنیەتی بەفشارخستەنە سەر تورکیا بۆ چارەسەری دۆزی کورد و ووتی: "پەکەکە توانیویەتی تەواوی پێکهاتەکانی نزیک لە کورد وەکو(تورک، عەرەب، ئەرمەن، چەرکەس و کەسانی ئەوروپی خستۆتە ریزی بزوتنەوەکەیان، کە وەکو کورد دەتوانین سودێکی زۆر لەو نەتەوە جیاوازنە ببین کە ببنە پاڵپشتێکی بەهێزی کورد لە جیهاندا، وە پێویستە لە ڕێگەی یەکێتی ئەوروپاوە فشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ چارەسەری دۆزی کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش لە تورکیا".

گەریلا ناوچەکانی کاکەییەکانی پاراست لەشەری دژی داعش

سەبارەت بەرۆڵی پەکەکە لە پاراستنی پێکهاتەکان لەکاتی شەری داعشدا، ڕەجەب کاکەیی بەم شیوەیە باسی لە رؤلی گەریلا کرد: "ئێمە پەکەکە بەخۆمان دەزانین و برا و خوشکی ئێمەن، لەبیرمانە کە کاتێک لەساڵی ٢٠١٤ هێرشی داعش لە ناوچە کاکەیینشینەکان نزیکبووەوە، هێزی پاراستنی گەل(هەپەگە) هات بۆ پاراستنی ناوچەی کاکەییەکان ئەو هێزانەی گەریلا بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە مانەوە تا ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە هێزە کوردییەکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کشانەوە، ئێمە هزر و فەلسسەفەی ئاپۆچێتی کە هەرچوار پارچەی کوردستان بە نامۆ نابینین".

ئەردۆگان کورد وەکو نەتەوە بەدوژمن دەبینێت نەک تەنها پەکەکە

هەروەها ناوبراو باسی لە ئامانجێکی دیکەی هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە گەلی کورد و کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن شەقامی تورکیا دژی ئاکەپە و ئەردۆگان بچولێت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن ئەردۆگان هێرشەکان چرتر دەکاتەوە بۆ ئەوەی سۆز و پشتیوانی شەقامی دەمارگیری لەناو تورکیا بۆخۆی بەدەستبهێنێت، ئەردۆگان کوردی وەکو نەتەوە کردووە بەدوژمن نەک تەنها پەکەکە، لە تورکیا باکوری کوردستان ئەو کوردانە خاوەنی شەقامن کە لە پەکەکە و خەتی ئاپۆچێتی نزیکن بۆیە پێویستە ئەو لایەنە کوردیانە پەیامێکی جیاواز لە پەیامە دەمارگیرییەکانی ئەردۆگانیان هەبێت کە ئەویش پەیامی ئاشتی و برایتی نێوان ئەو گەلانەی کە لەباکوری کوردستان و تورکیا هەن".

سەرەوەت و سامانی باشور تاڵان دەکەن

هەروەها سەبارەت بە ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا لە لەشکرکێشی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان و داگیرکردن و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی باشور. ئەو چالاکوانی مەدەنییە ووتی: " بەدوری نازانین کە تورکیا ئامانجی داگیرکردن و بەتاڵان بردنی باشوری کوردستانە، ئاکەپە هەموو شتێک بەڕەوا دەبینێت بۆخۆی بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە کوردییەکانی باکوری کوردستان و تورکیا ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە ئەردۆگان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکاندا، تا نەتوانێت بەردەوام بێت کە ‌هێرشەکانی بۆسەر گەلی کورد".

سەرکەوتنی خەباتی ئاشتیخوازی ئاپۆچیتی بۆ ئێمەی کاکەیی گرنگە

لە کۆتایدا ڕەجەب کاکەیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمەئ کوردانی کاکەیی کە وەکو کوردێک بۆ ئێمە گرنگە کە خەباتی ئاشتی خوازی باکوری کوردستان سەربکەویت، وە گرنگە ئەو لایەنانە بن کەوت کە چاویانبرێتەوە هەرچوار پارچەی کوردستان و تەواوی گەلی کورد بەدوژمن دەبینن".

وەکو کوردانی فەیلی قەبووڵ ناکەین هێرش بکرێتەسەر پەکەکە

حاجی داود ئەسعەد بەرپرسی کوردانی فەیلی لەشاری کەرکوکی باشوری کوردستان، سەبارەت بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە وەکو کوردانی فەیلی تەواوی هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئیدانە شەرمەزار دەکەین، کە دەبینین لە ئیستادا سوپای داگیرکەری تورک لەقولای خاکی باشوری کوردستان لەشکرکێشی ئەنجام دەدات، بەبیانوی لێدان لە پەکەکە، ئێمەی کوردانی فەیلی قەبوول ناکەین کە لە هێرش بکرێتە سەر پەکەکە چونکە پەکەکە هێزێکی کوردییە و قەبوول ناکەین داگیرکەران هێرش بکەنە سەر هیزێکی کوردی، هەرچەندە ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان و کەرکوک و موصلە نەک تەنها لێدان لە پەکەکە".

تورکیا ڕێگەی پێدراوە هێرشەکانی فراوان بکات

هەروەها سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوەندی شارەکانی باشوری کوردستان، حاجی داواد ئەسعەد، ووتی: " بەرپرسانی تورکیا هیچ کات نەیانشاردۆتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دەستدەگرن بەسەر وولایەتی موسڵی سەردەمی عوسمانییەکان، بەڕونی دیارە کە تورکیا ڕێگەی پێداراوە کە هێرش و لەشکرکێشیەکانی فراوان بکات لەناو خاکی باشوری کوردستان، لە دواین هێرشیشدا بینیمان کە سێ رۆژ لەمەوبەر لە گوندێکی شاروچەکەی چەمچەماڵ بە فرۆکە هێرشی مووشەکی ئەنجامدا و هاوولاتیانی ناوچەکە شەهید بوون".

تورکیا سەروەری عێراق پێشەڵدەکات

 هەروەها ئەو بەرپرسەی کوردانی فەیلی سەبارەت بە پێشەڵکردنی سەروەی خاکی عێراق لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ووتی: "ئێمەی کوردانی فەیلی دژی تەواوی کارە دوژمناکارانەکانی دەوڵەتی تورکیان کە دژی هەر پارچەیەکی کوردستان ئەنجامی دەدات، تورکیا لەپێناو داگیرکردنی خاک و بەتاڵانکردنی سەروەت و سامان، سەروەری خاکی عێراق پێشەڵکردووە".

سەرکەوتنی داگیرکارییەکانی تورکیا واتای لەناوچوونی پێکهاتەکانە

هەروەها سەبارەت بە مەترسی سەر پێکهاتەکان لە ئەگەری سەرکەوتنی پلانەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ئەو بەرپرسەی کوردانی فەیلی ڕایگەیاند: "لە ئەگەری سەرکەوتنی پلانەکەی ئەردۆگان ودەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بەدڵنیاوە ئازادی بوونی نەتەوە و پێکهاتە و بیروباوەرە جیاوازەکان دەکەونە مەترسییەوە، چونکە دەبین کە تورکیا چۆن زۆربەی نەتەوەکانی تورکیا تاواندەوە و مێژووی و شوناسیانی سڕیەوە، دەبین کە چۆن زمانی دایکی لە کوردان قەدەغە دەکات و عەلەوەییەکان دەچەسێنێتەوە، ئەگەر تورکیا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرێت ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی تەواوی پێکهاتەکان دەدات و بوونیمان لە مەرترسیدا دەبێت و دەچەوسێندرینەوە لەلایەن تورکیاوە".

تورکیا خۆی سەپاندۆتە سەر پێکهاتەکانی تورکیا

هەروەها ناوبراو ووتیشی: "هەرچەندە تورک لە تورکیادا کەمن ریژەیان تەنها ١٥٪یە بەڵام بەخراپی خۆیان زاڵن بەسەر پێکهاتەکانی و کەمینەکانی تورکیا و باکوری کوردستان، ئێمە وەکو پێکهاتەی کوردانی فەیلی دژی هەموو ‌هێرشەکانی تورکیا دەوەستنەوە و ئیدانە و شەرمەزاری دەکەین دژی هەموو هێرشێکین کە بۆسەر کوردان ئەنجام دەدرێت".

تورکیا هەوڵی تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەدات

سەبارەت بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ تێکدانی پێکەوە ژیان، حاجی داواد ئەسعەد ووتی: "بێ گونمان تورکیا هەوڵدەدات پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان تێکبدات، و داوا لەخودای گەورە دەکەین کە ئەو هەوڵە تێدەرانە سەرکەوتوو نەبێت و هوادارین گەلی کورد ئازادبێت، و هیودارین لەپێناو یەکگرتنی هەرچوار پارچەی کوردستان پەکەکە سەربکەوێت".

هێرشەکانی تورکیا گەیشتوەتە ناوەندی شارەکان

لە کۆتایدا سەبارەت بەهێرشی فرۆکەکانی تورکیا کە لە چەند رۆژی ڕابردوو بۆسەر گوندێکی ناوچەی چەمچاڵی نزیک شاری کەرکوک ئەنجامیدا، حاجی داود ئەسعەد بەرپرسی کوردانی فەیلی لە کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "بە داخەوە کە لەچەند رۆژی ڕابردوو فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی گوندێکی شارۆچکەی چەمچەماڵیان کرد و بەهۆیەوە هاوولاتیانی سڤیل شەهید بوون، ئەم هێرشەی تورکیا تەنها ٣٠کیلۆمەتر لەشاری کەرکوکەوە دووربوو کە پیویست بوو حکومەتی عێراق هەڵویستی توند و جدییان هەبووایە، تورکیا دەلءی ئێمە ئامانجمان لێدانە لە پەکەکە پەڵام پەکەکە لەچیاکانی قەندیل بوونی هەیە نەک لە چەمچەماڵ".

ژ.ت