تەرمی ٢ کەس لەسەر ڕێگای فارقین لە ئامەد دۆزرانەوە

لەسەر ڕێگای نێوان فارقین و بیسمیل تەرمی محەمەد بەرات کاگان ئاسلان و هەروەها لە هەمان ڕۆژدا لەسەر رێگای ناوچەى هەزرۆیش تەرمی محەمەد جان چەلیک دۆزرایەوە.

شوانەکانی ناوچەکە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕەکانیاندا لە ڕێگای فارقین و بیسیمیلی ئامەد دا، تەرمی ٢ گەنجیان بە پارچەکراو و گولـلەبارانکراوی دۆزییەوە.

محەمەد بەرات کاگان ئاسلان نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستا بێسەروشوێن بوو بوو و هەموو و هەوڵ و گەڕانەکان بۆ دۆزینەوەى بێ ئەنجام بوو بوون. تاوەکو دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ تەرمەکەی لەسەر رێگای فارقین لە ئامەد دۆزرایەوە، بەڵام تەرمەکەى پارچەکرابوو و زۆریشی لێنەمابوویەوە. لە دوای کاروباری توێکاری روون بوویەوە، کە تەرمەکە تەرمی محەمەد بەرات کاگان ئاسالانە.

لە ئەنجامی توێکاریی تەرمەکەدا ئەوەش روون بوویەوە، کە کاگان ئاسلان گولـلەبارانیشکراوە و لەو رێگەوە لەلایەن بکوژەکانەوە کوژراوە. لە دوای ئەو توێکاری و پشکنیانە تەرمەکەی محەمەد بەرات کاگان ئاسلان لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە گۆڕستانی ناحیەی هەزرۆی ئامەد بەخاک سپێردرا.

هەر لەو ڕۆژەدا تەرمی محەمەد جان چەلیک لەسەر رێگای فارقین و هەزرۆی ئامەد دۆزرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەوڵەتی تورک وەک گومانلێکراوێک لەسەر رووداوی دیار نەمانی محەمەد بەرات کاگان ئاسلان، محەمەد جان چەلیکی دەستگیرکردبوو و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرا.

دۆزینەوەى تەرمەکان لە هەمان رۆژدا و لە هەمان ناوچەدا، بەڵام لە دوو شوێنێ جیاوازادا خەڵکی دەباتەوە بۆ یادی رفاندن و کوشتارەکانی دەوڵەت لە ساڵانی ١٩٩٠ دەکاندا.

دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە درێژایی ساڵانی ١٩٩٠دەکان هەزاران هاووڵاتیی کوردیان رفاند و بێسەروشوێنیان کردن و دواتر تەرمی بەشێکیان لەسەر رێگاکان و لە شوێنە گشتییەکاندا دۆزرانەوە، بەڵام چارەنووسی هەزاران کەسیان لە دوای رفاندنیان لەلایەن دەوڵەتى تورک و چەتەکانیەوە روون نەبووەتەوە.

ژ.ت