ئەمڕۆ تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی، لەبارەی بڕیاری کەمکردنەوەی ٦٠٪ی سزای پێنج زیندانیی بادینان، کە بە مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەرکراوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە هۆڵی هۆتێل ڕامادای شاری سلێمانی ئەنجامدا.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی سی پی تی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییەکەدا یاداشتی ڕێکخراوەکەیانی خوێندەوە وتێیدا هاتبوو: ئێمە چاوەڕوان بووین بڕیارەکەی ٢٢ی شوباتی سەرۆکایەتی هەرێم، کە لە ٢٣ی شوباتدا بڵاوکرایەوە، تۆمەتەکانی سەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانە زیندانیکراوەکانی بادینان هەڵبگرێت و دەستبەجێ بڕیاری ئازادکردن و قەرەبوکرنەوەیان بۆ دەربکات.
سی پی تی بەپێویستیشی دەزانێت، کە بڕیارەکە سەرجەم دەستگیرکراوانی بادینان بگرێتەوە و دەڵێت: دەبوایە ئەو بڕیارە بۆسەرجەم ڕۆژنامەوان و چالاکوانە زیندانییەکانی بادینان دەربکرایە، چونکە دۆسیەی زیندانیانی بادینان یەک دۆسیەیە و هەموو کەیسەکان پەیوەستن بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنییانە لە دەڤەری بادینان و سەرجەمی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە لە ماوەی ٦ مانگدا دەستگیرکراون.
تیمی سی پی تی بەشدارییان لە دانیشتنی دادگای زۆرینەی زیندانیکراوانی بادیناندا کردووە، کە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن: بەپشتبەستن بە چاودێریکردنی ١٧ دانیشتنی دادگاییکردنی دۆسیەی زیندانیانی بادینان، تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی جەخت لە نەبوونی بەڵگەی پێویست لەدژی ئەو زیندانییانە و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و مامەڵەی ناشایستە بەرامبەریان دەکاتەوە.
هەر لە یاداشتەکەدا، سی پی تی ناوی ناوی ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی ڕاگەیاندووە، کە تائێستا لە زینداندان و هەندێکیان تائێستا دادگایی نەکراون یاخود کەیسەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە، لەوانەش؛
١- قارەمان شوکری، ڕۆژنامەوان-شیلادزێ. لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە دەستگیرکراوە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی، بە ٧ ساڵ زیندانیکردن حوکمدراوە.
٢- نەزیر میکائیل ئەحمەد، چالاکوانی سیاسی- زاخۆ. لە ١١ی شوباتی ٢٠٢١ەوە دەستگیرکراوە. بە ٧ ساڵ زیندانیکردن حکومدراوە.
٣- مەسعود عەلی، چالاکوان و مامۆستا- دهۆک. لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە. بە ٣ ساڵ و نیو زیندانیکردن حکومدراوە.
٤- شێروان تەها ئەمین، چالاکوان و مامۆستای زانکۆ- دهۆک. لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە. بە ٢ ساڵ و نیو زیندانیکردن حوکمدراوە.
هەربەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سی پی تی، سەرباری حکومدانی ١٩ چالاکوان و ڕۆژنامەوانی بادینان، و سەلماندنی بێتاوانی چالاکوانێک لەدوای ساڵێک و دوو مانگ دەستگیرکردن و بەڕێوەچوون پێنج پڕۆسەی دادگاییکردن بە ناوی “عامر خالید عەگید” و ئازادکردنی ٢٦ چالاکوانی تری بادینان لە دوای ساڵێک لە دەستبەسەرکردن بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ پڕۆسەیەکی دادگاییکردن، لە ئێستادا پێنج چالاکوانی تری بادینان کە خەڵکی شیلادزێن و ماوەی ساڵیک و دوو مانگە لە زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێردا ڕاگیراون بەبێ ئەوەی دادگایی کرابن و یاخود ڕۆژی دادگاییکردنیان دیاریکرابێت. ئەو چالاکوانانەش بریتین لە:
١- مەحموود ناجی ئەحمەد، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.
٢- کۆڤان تاریق جوبرائیل، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.
٣- یوسف شەریف ئیبراهیم، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.
٤- ئەمجەد ڕێکانی، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.
٥- نێچیرڤان بەدیع، چالاکوانی مەدەنی- شیلادزێ. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢ەوە دەستگیرکراوە و تا ئێستا دادگایی نەکراوە.
یەکێکی تر لەو چالاکوانانەی بادینان کە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ەوە دەستگیرکراوە و بڕیار وابوو لە ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا دادگایی بکرێت، بەڵام دادگاییکردنەکەی بۆ ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ دواخرا، بێریڤان ئەیوب حەسەن’ە کە دایکی پێنج منداڵەوە ١٦ مانگە لە زینداندایە بەبێ ئەوەی دادگایی کرابێت.
تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی داوای هەڵگرتنی تەواوی تۆمەتەکانی سەر زیندانیانی بادینان و دەستبەجێ ئازادکردنی هەموو ئەو ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی بادینان دەکات، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠ەوە تاوەکو ١١ی شوباتی ٢٠٢١ دەستگیرکراون، جەختیش دەکاتەوە “سەربەخۆیی دادگاکان و دادپەروەری دادوەران بنەمای سەرەکی بنیاتنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیخوازە، ڕێزگرتن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی کاری میدیایی ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتدارانە”.
ف.ق