ئاری جەلال: من تێناگەم کۆچی هاوڵاتیان چ پەیوەندیەکی بە پەکەکەوە هەیە!

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند: "من تێناگەم کەسێک لە سلێمانی یا هەولێر کۆچ بکات، چ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە هەیە من لەمە تێناگەم!.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایدەگەیەنێت: نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕووسیا هەن، کە زۆرترینیان خەڵکی عێراق و هەرێمن، لەو ژمارەیەش سێ بۆ چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورن، دەشڵێت: من نازانم کەسێک لە سلێمانی یا هەولێر کۆچ بکات، چ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە هەیە من لەمە تێناگەم!.

ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە دەنگى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە:”هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم هیچ کامیان هاوکاری کرداری و مادییان بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی عێراق و کوردستان نەکردووە بۆ زێدى خۆیان، بەڵکو ئەوەی هەیە تا ئێستا هێڵە ئاسمانیەکانە، کە کۆچبەران دەهێننەوە و بلیتی فڕۆکەیان بە بێ بەرامبەر بۆ دابین دەکەن، تاوەکو بتوانن ژیانی خۆیان جارێکی دیکە ڕێکبخەنەوە و بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا”.

وتیشی:”زۆربەیان هەرچییان هەبووە پێش ڕۆیشتن ئەوروپا فرۆشتوویانە و لەو ڕێگایە دایانناوە و لەسەرەتادا ژمارەی ئەو کەسانەی، کە دەیانویست بگەڕێنەوە زۆر لەمەى ئێستا زیاتربوو، کە ئێستا هەن، بەڵام لەلایەن حکومەتی عێراق، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەرێم، وەڵام نەدرانەوە”.

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەبارەى ژمارەى کۆچبەرانەوە وتی:”بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە نزیکەی حەوت هەزار پەنابەر لەسەرتاسەری بیلاڕوسیا هەن، کە زۆرترینیان خەڵکی عێراق و هەرێمن، لەو ژمارەیەش سێ- چوار هەزار کۆچبەر لەسەر سنورن، لەماوەی ئەمساڵیش نزیکەی پێنج هەزار کۆچبەر توانیوییانە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا و لەئێستادا لە کەمپەکانی پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتیڤیادان. “

لە وەڵامى دانەر ئەبوبەکر مستەفا کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا لەبارەى هۆکارى کۆچى هاوڵاتیان ئاری جەلال ئاماژەى بەوەدا:”هەر ناوچە و هۆکاری خۆی هەیە بۆ کۆچکردن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڕوونە لای هەموو کەس و هەموو دنیا نەبونی هەلی کار، بێکاری، دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، نەبوونی مووچە، بێ ئاویی، بێ کارەباییە، ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک کۆچ بکات بۆ شوێن و ژیانێکی شایستەتر، من نازانم کەسێک لە سلێمانی یا هەولێر کۆچ بکات چ پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە؟ من لەمە تێناگەم”.

جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ دانەر ئەبوبەکر مستەفا کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ڕووسیا بە دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم نیگەرانین و هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەرانی کورد، هەروەها، ئاماژەى بەوەشدابوو، کە یەکێک لە هۆکارەکانى کۆچکردنى هاوڵاتیان بەهۆى پەکەکە و حەشدى شەعبیەوەیەوە.

ف.ق