بیلمەز پارێزەری ئۆجالان: تورکیا ناچارە بەپێی راپۆرتەکەى ئەنجوومەنى ئەوروپا گۆشەگیری نەهێڵێت

ئیبراهیم بیلمەز پارێزەری ئۆجالان رایگەیاند، تورکیا دەبێت بەپێی راپۆرتی کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەبارەى گۆشەگیریی داسەپێنراو بەسەر ئۆجالاندا بجوڵێتەوە. ئەگەر نا دەرکردنی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەبێتە رۆژەڤ.

ئیبراهیم بیلمەز و پارێزەرانی نووسینگەى مافەکانی سەدە لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە رێگایان پێنەدراوە سەردانی موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بکەن و چاویان پێی بکەوێت. ئیبراهیم بیلمەز لەبارەی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لە ئیمراڵی، کە لە راپۆرتی کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە دوای بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکەى سی پی تی ئاماژەى پێکراوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.  

بیلمەز رایگەیاند، تورکیا هەر خۆی بەپێی پێوەری مافەکانی دەوڵەت نەجوڵاوەتەوە و لە ئیمراڵی سیستمێکی گۆشەگیریی داسەپاندووە.

'دیاریکردنی ئەو خاڵ و بڕگەیە نیشانەى ئەوەیە لە ئەوروپاش گۆشەگیری بووەتە رۆژەڤ'

بیلمەز لەبارەی راپۆرتەکەى سی پی تی و خاڵی پەیوەندیدار بە نەهێشتنی گۆشەگیری لە ئیمراڵی لە راپۆرتی کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا وتی، "گرنگە خاڵ و بڕگەیەکی لەو شێوەیە بە راپۆرتی کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا زیادکراوە. هۆکاری گشتیی ئاماژەکردن بەو خاڵە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئیدی پشتیوانی لە تورکیا ناکرێت بۆ پێشێلکردنی یاسا و مافەکان. نیشانەى ئەوەیە، بە دواداچوون بۆ راپۆرتەکەى سی پی تی کراوە و ئیدی گۆشەگیری بووەتە رۆژەڤێک، کە لە ئەوروپاش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت".

"راپۆرتەکەی کۆمیتەی پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا گرنگە و تورکیا ناچارە بەپێی ئەو راپۆرتە بجوڵێتەوە"

پارێزەر بیلمەز لەبارەی گرنگیی راپۆرتەکەى کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا وتی، "ئەو راپۆرتە گرنگە. لە تورکیاشدا گرنگیی خۆی هەیە، چونکە دەوڵەتی تورکیا ئەندامی ئەنجوومەنی ئەوروپایە. رێککەوتننامەکانی مافەکانی مرۆڤی ئەنجوومەنی ئەوروپا و رێککەوتنە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی ئەوروپای واژۆ کردووە. لەبەر ئەوەش گرنگە، چونکە هەر خۆی تورکیا لە بابەتی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دا لە ساڵی ٢٠١٧ەوە چووەتە قۆناغی چاودێریکردنەوە. هەروەها لە راپۆرتی پەسەندکراوی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ی کۆمیتەى هەمیشەیی دەستەى پەلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی بابەتی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکان خراونەتەڕوو، کە تورکیا لەو بوارانەدا دۆخی لە رووی خراپیەوە جدییە و بە بەردەوامی پاشەکشەى کردووە و تاوەکو دێت بەرەو دواوە دەچێت. لەلایەکی ترەوە لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر پێشێلکردنی مافەکان لە ئیمراڵی و ئەو بێمافییەى لە ئیمراڵی سەپێندراوە و ئەوەش نیشانی دەدات، کە تورکیا هەر خۆی هەرگیز و لە هیچ کاتێکدا بەپێی پێوەرەکانی مافی دەوڵەت نەجوڵاوەتەوە و لە ئیمراڵی سیستمێکی گۆشەگیریی داسەپاندووە. تورکیا ناچارە بەبپێی ئەو راپۆرتە بجوڵێتەوە، ئەگەر ئەوە نەکات لە بابەتی مافەکانی مرۆڤ دا تووشی دۆڕانی گەورە دەبێت و بەو هۆیەشەوە دۆخی ئابووری و زۆر بابەتی زیاتر خراپ دەبن و قەیرانەکانی قوڵتر دەبنەوە".

"قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ عەقڵی مرۆڤدا نایەتەوە"

بیلمەز باسی سەپاندنی سزای دیسیپلین بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتی، "لە دوایین راپۆرتی سی پی تی دا خاڵی گرنگ دەستنیشانکرابوون و تیادا ئەوە بۆ حکومەت هاتبوو، کە دەبێت گۆشەگیری هەڵبگرێت، بەڵام هەر دوای ئەوە لەلایەن دادگای سزای بورساوە سزای دیسیپلین بەسەر بەرێز ئۆجالان دا سەپێنرا، کە ئەوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و ئەو سزایە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ عەقڵ و لۆژیکی مرۆڤدا نایەتەوە. لە بری ئەوەى حکومەت پێشنیازەکانی سی پی تی جێبەجێ بکات هاتووە بە پێچەوانەوە بڕیاری قەدەغەکاری دەسەپێننێت و بەو شێوەیە سی پی تی بە هەند وەرناگرێت. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە، کە وتوێژەکان لەسەر دۆخی تورکیا لە ناو سیستمی ئەوروپادا خێراتر ئەنجام بدرێن.

هەر لە خۆی لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ەوە تەنها پارێزەران لە ساڵی ٢٠١٩دا توانییان ٥ جار بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. هەموو کەسیش دەزانێت ئەو ٥ چاوپێکەوتنەش لە دوای چالاکییەکانی مانگرتن بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیری بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)دا بوو، کە مانگرتنەکە بە هەموو زیندانەکاندا بڵاوبوویەوە. لە دوایین چاوپێکەوتندا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە هەموو هەفتەیەک پارێزەران داوای چاوپێکەوتن دەکەن، بەڵام داواکەیان رەت دەکرێتەوە. تاوەکو ئەیلولی ٢٠١٠ هیچ وەڵامێک بۆ داواکانمان بۆ ئەوەى چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین نەدەدرایەوە و دوای ئەوە لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا بە پارێزەرانیان راگەیاند، کە چاوپێکەوتن بۆ ماوەى ٦ مانگ قەدەغە کراوە و بەو پاساوە رێگری لە چاوپێکەوتنەکانمان دەکەن، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە ناتوانێت هیچ پاساوێک بۆ سەپاندنی سزای بەدەر لە هەموو پێوەر و بەها مرۆڤایەکان و بەدەر هەموو یاسا و مافەکان رەوای پێ بدات. ئیدی دام و دەزگاکانی ئەوروپاش باسی ئەو راستییە لە راپۆرتەکانی خۆیاندا دەکەن.  

"هەموو رۆژێکی گۆشەگیرکردن ئەشکەنجەیە"

بیلمەز لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٤دا بڕیاریدا، بەبێ ئەوەى ئومێدیک بۆ ئازادی هەبێت سزای تاوەکو مردنیان دا، بە شێوەیەکی کراوە و روون ئەوە نیشانەى ئەشکەنجەیە. هەر وەک ئەوەى ئێمە هەموو کات دەیڵێین، هەموو رۆژێک لە ئیمراڵی لە ژێر گۆشەگیریدا ژیانی بەسەر دەبات، ئەوەش بەمانای ئەشکەنجەیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سزایە دەبێت لە کاتێکی گونجاودا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بهێنێتە سەر خەت و لە ماوەیەکی دیاریکراودا سنووردار بکرێت. نەک تەنها بۆ دۆسیەى بەڕێز ئۆجالان، بۆ دۆسیەى ڤینتەر لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) و زۆر دۆسیەى تر بڕیاری لەو شێوەیە دەرکراوە. تورکیا ناچارە پێویستییەکانی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات. وەک دەشزانرێت، کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەرپرسیارە لە  جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا. هەر بۆ ئەوەش و لەو پێناوەدا بۆ ئەو بابەتە هەوڵەکانی ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەردەوامییان هەیە.

تورکیا ناچارە بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەکانی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چاکسازی لە یاساکانیدا بکات.  بەڵام وەک دەزانرێت هەندێک لایەن دەیانەوێت لەسەر موەکیلەکەمان حساباتی سیاسی بکەن. لەلایەکی ترەوە ئەو لایەنانەى کە گفتوگۆ لەبارەی رۆژەڤەکەوە دەکەن راستییەکان دەخەنەڕوو، چونکە بەپێی بنەماکانی مافە گەردونییەکان هەرموو کەس لە بەرامبەر یاسا و مافەکاندا یەکسانە، بەڕێز ئۆجالانیش بەدەر نییە لەو پێوەرانە.  دەبێت ئیدی پێویستییەکان بۆ بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکرێن. لەلایەکی تریشەوە ئەو گفتوگۆیانە هیچ پەیوەندییان بە ئیتکەوە نییە، چونکە ئەو لایەنانە دەیانەوێت هەوڵەکانی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتیکی موەکیلەکەمان، کە ماوەى ٢١ ساڵە بەردەوامییان پێدەدا تەریک بخەن. بەڵام ئەو هەوڵانە بێئەنجام و پووچن. ئیدی هەموو هەموو هەوڵەکانی ئاشتیی بەڕێز ئۆجالان بووەتە ماڵی هەموو کۆمەڵگەى تورکیا، درەنگ یان زوو بە دڵنیاییەوە مافەکان دەچەسپین و تورکیا ئاشتیی تیادا بەدی دێت و تامەزرۆیی بۆ دیموکراسی بەدی دێت".

ژ.ت