ئۆزتورک: ئیرادەی گەلی کورد خەو لە چاوی رژێمی فاشیست دەزڕێنێت

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز بەردان ئۆزتورک رایگەیاند، کە لە کوردستان گەل لە دژی رژێمی ئەردۆغان هەڵوێستی دەربریوە و وتی، "گەلی کورد سەلماندی کە رێگە بە ئەردۆغان نادات. ئیرادەیەکی بەو جۆرەی هەیە کە خەو لە رژێمی فاشیست دەزڕێنێت".

هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز بەردان ئۆزتورک قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەڵسەنگاند.

ئۆزتورک سەرنجی راکێشا بۆ سەر نەریتی بەرخودان کە چەندین ساڵە لە کوردستان بەردەوامە و ئەوەی خستەڕوو کە هەڵبژاردن بەشێک لەو نەریتەی تێکۆشانە. ئۆزتورک سەبارەت بە کەمبوونەوەی دەنگەکان وتی، "ئەمە دەریدەخات کە لە هەڵبژاردندا کە پایەیەکی تێکۆشانی ئێمەیە نەگەیشتووینەتە ئامانجەکەمان. تێکۆشانێکی ئازادی و دیموکراسی چەندین ساڵە بە پێداگرییەوە بەردەوامە. خواستی گەلەکەمان لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا کاریگەری کردە سەر پەرلەمان. لە کاتی کاندیدە سەربەخۆکاندا، لە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥دا لەم کاتەدا ئەوەی سەرەکیە ئەم نەریتەی تێکۆشانە. هەڵبژاردنیش پارچەیەکی گرنگی ئەم نەریتەیە. هەربۆیە دابەزینی دەنگەکان پێمان نیشان دەدات کە لە هەڵبژاردندا کە یەک لە پایە و کۆڵەکەکانی تێکۆشانە ئامانجەکانمان نەپێکاوە".

هیوامان گەورەتر دەکەین

ئۆزتورک ئەوەی خستەڕوو بەشێوەی بەهێز نەیانتوانیوە پارتی چەپی سەوز بە گەل بناسێنن بۆیەش ژمارەیەک زۆر دەنگیان پوچەڵ بووەتەوە، هەروەها پێکهاتەکانی هاوپەیمانی بە گوێرە رۆحی هاوپەمانێتی نەجوڵانەوە. ئۆزتورک وتی، "لەبەرامبەر هەڕەشەی دەسيڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەبارەی داخستنی هەدەپە، ئێمە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە چووینە ناو هەڵباژردنەوە. کەموکوڕیمان هەبوو لەوەی کە لەماوەیەکی کورتدا نەمانتوانی پارتەکەمان بە گەل بناسێنین، ئەوەش بووە مایەی ئەوەی زۆر دەنگمان بەفێڕۆ بچێت. لە زۆر ناوچە دەنگ دزران، پێشێلکاری کران. لە زۆر ناوچە دەنگەکانی ئێمە بۆ مەهەپە و هوداپار نوسران. هەروەها وتەکانی هەندێک لە پێکهاتەکانی هاوپەیمانی کەلەگەڵ گیانی هاوپەیمانیدا یەکی نەدەگرتەوە، کاریگەری کردە سەر ئەم کەمبوونەوەیەی دەنگەکان. سەرباری سیاسەتی گوشار و توندوتیژی کە چەندین ساڵە بێ پسانەوە بەردەوامە، ئیرادەیەکی بەو جۆرە هەیە کە بە شێوەیەکی ئاشکرا خرایە بەرچاو کە بە پێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشان دەدرێت. بە تایبەتی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا، گەلی کورد بە شێوەی بەرجستە و بەرچاو نیشانیدا کە لە کوردستان رێگە بە ئەردۆغان و ئەو مێشکە نادات کە نوێنەرایەتی ئەو دەکات. ئەو ئیرادەیە خەو لە چاوی رژێمی فاشیست دەزڕێنێت. زوو یان درەنگ سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت".

ئۆزتورک ئاماژەی بەوەشکرد کە ورەی بەرز و رۆڵی یەکلاکەرەوەی گەلی کورد هەم ئۆپۆزسیۆن و هەمیش دەسەڵاتی ترساندووە، لەبەر ئەوەش کارەکانی هەڵبژاردنیان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ گەلی کورد بەڕێوە برد و لە درێژەدا وتی، "یەک لە هۆکارەکانی هێرش بۆ سەر سیاسەتمەداران، رۆژنامەوانان، یاساناسان و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ ئەو نیگەرانیەیان بوو. هەربۆیە کارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان بە تەواوەتی لەسەر دوژمنایەتی گەلی کورد بەڕێوەبرد. لە رێگەی هەڕەشەی داخستنی هەدەپە ویستیان ورەی گەلەکەمان تێکبشکێنن. لەبەرامبەر ئەوە رێوشوێنمان گرتەبەر، گەلەکەمان بێ جێگرەوە و ئەڵترناتیڤ نەکرد و لەرێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداریمان لە هەڵبژاردندا کرد.

ئەو دۆخە بۆ ئێمە نوێ نییە، لەو بوارەدا ئەزمونمان هەیە، بەڵام کەموکوریمان هەبوو کە لە ماوەیەکی کورتدا نەمانتوانی وەک پێویست پارتە نوێکە بە خەڵک بناسێنین. ئەنجامی ئەوەمان لە دەنگداندا بینی. جیالەوەش دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هەموو توانا و دەرفەتەکانی دەوڵەتیان بەکارهێنا. بەم جۆرە هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد و وەزارەتی دادیشیان بۆ رێگریی لە کارەکانمان ئەرکدار کرد. لەکاتی کردنەوەی نوسینگەکاندا گەمارۆ دەدراین و خەڵکەکەشمان کە دەهاتن بۆ گردبوونەوەکان بە پشکنینی ورددا تێدەپەڕێندران. دۆخێکی بەو جۆرە هاتە ئاراوە کە وەک ئەوەی هەڵبژاردن لە نێوان ئێمە و دەوڵەتدا بکرێت. ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لەو هەلومەرجە نایەکسانەی هەڵباژردندا بەدەەستمان هێنا، دوور لە ئامانج و چاوەڕوانیشمان بێت، هیوای ملیۆنان مرۆڤ بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان بە زیندوویی رادەگرێت. ئەوە بۆ ئێمە گرنگترین سەرچاوەی ورە و ئیرادەیە. لە هاووڕێیەتیماندا ئەو هیوایە گەورەتر دەکەین.

ئۆزتورک رایگەیاند کە رژێمی یەک کەسی هەوڵیدا لە رێگەی دوژمنایەتی کوردانەوە فاشیزم هەمیشەیی بکات و رایگەیاند کە پێکهاتەی پەرلەمان دەریدەخات کە مێشکی نکۆڵی و سڕینەوەی سەد ساڵە لەلایەن دەستی ئاکەپە-مەهەپەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، تێکۆشانیش لە دژیئەو بەردەوام دەبێت".

هـ . ب