ڕژێمی ئاکەپە لە وان داوای لە مامۆستایان کردووە لە دژی پەکەکە و هەدەپە پڕوپاگەندە بکەن

قەیوومەکان لە وان نامەیەکیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی ناوچەکان ناردووە و داوایان لێکردون، مامۆستایان لە دژی پەکەکە و هەدەپە پڕوپاگەندە بڵاو بکەنەوە. بەڕێوبەرایەتیی شاری وانیش بەشداریی لە کاری هەڵبژاردنی ئاکەپەدا کردووە.

لە وان، ئاکەپە و پارێزگاری وان، ئاسایشی وان، قائیمقامیەتەکان، قەیومەکان و دام و دەزگاکانی دیکەی دەوڵەت پڕوپاگەندە بۆ ئاکەپە دەکەن و لە گەڕەک و گوندەکان دا لە دژی پەکەکە و هەدەپە پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە و هەوڵ دەدەن پەکەکە و هەدەپە لە بەرچاوی گەل ڕەش و ناشیرین بکەن.

محەمەد ئەمین بیلمەز پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە وان، کە هاوکات قەیومی داسەپێنراوی ئاکەپەیە بەسەر شارەوانیی گەورە شاری وان دا، بەشداری لە هەموو چالاکییە حیزبییەکانی ئاکەپەدا دەکات. هەر وەک هاوسەرۆکایەتیی ئاکەپە بەشداری لە هەموو چالاکییەکانی ئاکەپەدا دەکات. بەڕێوبەری ئاسایشی وانیش بە رادەیەک زیادەڕۆی لە پڕوپاگەندە لە دژی پەکەکە و هەدەپە دەکات، کە خۆی راستەوخۆی بۆ پڕوپاگەندە سەردانی دوکاندارەکان دەکات.

هاوکات قەیومە داسەپێنراوەکان و قائیمیقامەکانیش هیچیان لەوان کەمتر نییە و لە تازەترین کاریاندا نوسراوێکیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە کردووە و داوایان لێکردون مامۆستایانی خوێندنگاکان سەردانی ماڵی خوێندکاران بکەن و "دەوڵەت و میللەت بکەن بە یەک!".

لەو نووسراوە فەرمییەدا، کە بە ناونیشانی "سەردانی بنەماڵەکان" ئامادە کراوە، تیایدا هاتووە، "بەڕێوەبەری خوێندنگاکان و یاریدەدەرەکان لە کاتی سەردانەکانیاندا مامۆستایان لەگەڵ خۆیان ببەن و لەو سەردانانەدا دیاری بە هەندێک لە بنەماڵەکان بدەن. ئەنجامی ئەم کارەش بە ڕاپۆرتێک پێشکەش بە پارێزگا و قائیمقامیەت بکەن".

لەو چوارچێوەیەدا موفتی و مەلای گەورەی شاری وانیش لەمدواییانەدا خۆی راپساندووە و دەڕوات سەردانی گوندەکان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئاکەپە مزگەوتیان کردووەتە ناوەندی پڕوپاگەندە بۆ ئاکەپە و دەوڵەتی تورک.

ئەو خۆراپساندن و پڕوپاگەندەکارییەی مەلای گەورەی وان لە چوارچێوەی پرۆژەی "بەهای گەنجان" بەڕێوەدەچێت، کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کاروباری ئاینییەوە لە سەرتاسەری تورکیا بۆ پڕوپاگەندە کردن بۆ ئاکەپە رێکخراوە.

لەو چوارچێوەیەدا لە ناوچەی پایزئاوای وان دیداری 'مزگەوت و گەنجان'یان رێکخستووە و بەرپرسانی ئایینی و موفتی لەو دیدارانەدا "بەڵێنی کار و داهاتوویان" بە گەنجان داوە و بە گەنجانیان وتوە، "وەرن چایی ئێمە بخۆنەوە"!.

ژ.ت