ئاماری کوژراو و بریندارانی تەقینەوەکانی بەیروت ڕووی لەزیادبوونە

لە ئەنجامی تەقینەوەکانی بەیروتی پایتەختی لوبناندا، نزیکەی ٨٠ کەس کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ نزیکەی ٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.

حەمەد حەسەن، وەزیری تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی بەیرووت گەیشتە 78 کوژراو و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش بریندار بوون، لەهەمان کاتدا ژمارەیەک خەڵکیش بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

سەرۆک وەزیری لوبنان حەسەن دیاب وتی ئەوانەی بەرپرس بوون لە تەقینەوەی " عەمارە مەترسیدارەکەی نزیک بەندەری بەیروت " باجەکەی دەدەن.

سەرۆک وەزیری لوبنان حەسەن دیاب لە وتارێکدا وتی" بەڵێنتان پێدەدەم ئەم کارەساتە بەبێ لێپێچێنەوە بەسەرماندا تێپەڕ نابێت. ئەوانەی بەرپرس بوون لێی باجەکەی دەدەن."

لە لایەکی ترەوە سەرچاوەکانی هەواڵی لوبنان و سەرچاوەکانی نزیک لە حیزبی کەتائیبی لوبنان ڕایانگەیاند، نزار نەجاریان، سکرتێری گشتیی حیزبەکەیان لە تەقینەوەکەدا کوژراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، نزار نەجاریان لە شوێنی تەقینەوەکان بووە و پاش برینداربوونی، دواتر گیانی لەدەستداوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەیرووتی پایتەختی لوبنان رایگەیاند، رووداوەکەی بەیروت لە هێرش دەچێت نەک تەقینەوەی ئاسایی.

هەروەها باسی ئەوە دەکرێت کە زیانێکی زۆر بەر کۆشکی سەرۆکوەزیری لوبنانیش کەوتووە کە ١٥ کیلۆمەتر لە شوێنی تەقینەوەکەوە دوورە.

بەرپرسانی حکومەتی لوبنان ئەمڕۆیان وەک شینی گشتی ڕاگەیاند.

ف.ق