ئاڤێستا: ئاکەپە پرۆژەى پیلانگێڕیی نێونەتەوەییە

"کێ ئاکەپەی هێنایە سەر دەسەڵات؟ لە بنەڕەتدا ئاکەپە پرۆژەی پیلانگێڕییەکە. ئەو هێزانەى پیلانگێڕییان ئەنجامدا متمانەیان بە ئاکەپەدا و ئاکەپەیان دروستکرد. پرۆژەى بەردەوامیدانە بە پیلانگێڕی".

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیى سەرۆکایەتیى کەجەکە لە بەرنامەى 'رۆژەڤی وڵات' لە ستێرک تیڤی دا وەڵامی پرسیارەکانى رۆژنامەنووس مەهتاب ئۆراک دایەوە.

ئاڤێستا ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیى، کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا لە دژی رێبەر ئۆجالان ئەنجامدرا، داگیرکەریی دەوڵەتى تورک لە رۆژئاواى کوردستان، هێرشکردنە سەر کامپی مەخمور و شەنگال و هەروەها شەڕ لە نێوان هێزەکانى تورک، روس و رژێمى سوریا لە ئیدلب و دوایین بارودۆخی فەلەستین و ئیسرائیل نرخاند.

'ساڵی ١٩٢٥ لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بە رۆژی قڕکردنى کوردان ناوزەندکرا'

ئاڤێستا رایگەیاند، لە ٢١هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا، کە دەچێتە ٢٢هەمین ساڵەوە سڵاو و رێزی خۆم ئاراستەى ئەو شەهیدانە دەکەم، کە رێگایان نەدا پیلانگێڕی بە ئامانجی خۆی بگات و لە دەوری رێبەر ئاپۆ بازنەیەکى ئاگریان دروستکرد و بە دروشمی 'کەس ناتوانێت رۆژمان تاریک بکات' لە کەسایەتیى هاوڕێ خالید ئۆراڵ، هاوڕێ رۆتیندا، هاوڕێ رۆژبین، بەروار، شارستان، ڤیان سۆران و هەروەها شەهیدانى بەرخودانە گەورەکەى 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم لە ناو دەبەین و کوردستان ئازاد دەکەین' لە کەسایەتیى هاوڕێ زولکوف گەزەن، ئایتەن، زەهرا و مەدیا دەکەم و یادیان بە رێزەوە بەرز رادەگرم.

پیلانگێڕییەکە چۆن دەستیپێکرد و لایەنى مێژوویی چۆنە؟ وەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت، لە ساڵی ١٩٢٥ەوە پیلانگێڕیی نێونەتەوەى لە دژی گەلی کورد دەستیپێکردووە. گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دێرینترین گەلە و گەلی ئەم ناوچەیە بۆ هەزاران ساڵ پێشەنگایەتییان بۆ مرۆڤایەتى کرد. لە شۆڕشی نیۆلیتیک، لە بە کۆمەڵگەبوونیدا، لە رووی کشتوکاڵ و کولتور و پێشخستنی مرۆڤایەتیەوە پێگەیەکى گرنگی هەیە. گەلی کورد بە درێژایى مێژوو زۆر جار لەم ناوچەیەدا قڕکردن و کۆمەڵکوژکردنى بەسەردا سەپێنراوە و رووبەڕووی هێرش و کۆچبەری کراوەتەوە. هەموو جارێکیش گەلی کوردستان لە دژی ئەوانە تێکۆشاوە و خواستویەتی ئازادیى خۆی بەدەست بهێنێت. لە ناو جیهانی پێشکەوتیى مرۆڤایەتیدا رۆڵی خۆی گێڕاوە، بەڵام بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا پرۆژەیەکى نوێ لە دژی گەلی کورد دەستیپێکرد. گەلی کوردستان ٢٠٠ ساڵ لەوە پێش لەم جوگرافیایەدا، کە ئێستا دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتدا دەژی. تاوەکو رادەیەک کولتور، زمان، مێژوو و ژیانی خۆی پاراستبوو. کاتێکیش کۆماری تورکیا دامەزرا گەلی کورد لە بەرەى هەرە پێشەوە شەڕی کرد و کۆماریان دامەزراند. کۆماری یەکەم لە ساڵی ١٩٢١ دا راگەیەندرا. لەسەر بنەمای ئەوەى مافی کورد لە هەرێمەکەدا قبوڵ بکرێت لە دەستووردا مافەکان تۆمارکران. بەڵام دواى ئەوەى شەڕی جیهانیى یەکەم کۆتایى پێدێت و هەرێمەکە سەرلەنوێ دابەش دەکرێتەوە، هێزە هەژمونگەراکانى دەرەوە لە کاتەدا دەیانخواست خۆیان بەسەر ناوچەکەدا باڵادەست بکەن، بۆیە لەلایەن ئەو هێزانەوە تێزی نوێ پێشخران. ئەو تێز و تێگەیشتن و چەمکانە چین؟ کاریان بۆ ئەوەکرد بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتى تورک بەپێى بەرژەوەندیى خۆیان بەکار بهێنن و بۆ ئەوە دەستیان بە پشتیوانیکردن لە دەوڵەتى تورک کرد. لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی ١٢٣ لە رێککەوتننامەى لۆزاندا نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرێت و هیچ ماف و پێگەیەک بۆ کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا دیاری ناکرێت. ئیدی هەموان کاریان بۆ ئەوەکرد کورد بنەکە غوڵام و بە نەبووی ئەژمار بکەن. لە دژی ئەو هەڵسوکەوتانە راپەڕینەکانى کورد دەستیان پێکرد. لە ساڵی ١٩٢٥دا بە پێشەنگایەتیى شێخ سەعید راپەڕین دەستیپێکرد، کە هەر لەم مانگی شوباتەدا بوو. لە دژی ئەو راپەڕینانە دەستکرا بە پیلانگێڕی، هەندێک هێز لە دەرەوەى پشتیوانیان لێدەکرد و دەیانخواست بەرەو پێشی ببەن، بەڵام هاوکات هەموو هاوکارییەکیان لە هەموو روویەکەوە پێشکەشی دەوڵەتى تورک دەکرد. شێخ سەعید لە پیلانگێڕییەکدا دەستگیردەکرێت. دادگایەکى شانۆگەرانە رێکدەخەن و شێخ سەعید و هەڤاڵەکانى لە ٢٩ی مانگی حوزەیراندا لەسێدارە دەدەن. هەر وەک مێژوو نیشانی دەدات، دەوڵەتی تورک دیسانەوە هەر لە مانگی شوباتدا لە دژی رێبەر ئاپۆ بە هاوکاریى هێزە نێودەوڵەتییەکان پیلانگێڕی ئەنجام دەدات و ئەوەش زۆر هاوشێوەى ئەو سەردەمەیە.ئامانجی ئەو پیلانگێرییە لەناوبردن و سڕینەوەى کورد و قڕکردنی کورد بوو. گەلی کورد ئەو رۆژە بە خۆی بە رۆژی رەش دەزانێت. رێبەر ئاپۆش بە رۆژی قڕکردنی کورد ناوەزەندی کردووە. رێبەر ئاپۆ دەیان ساڵ تێکۆشانی لە هەرێمەکەدا بەڕێوەبرد و گەریلای قارەمانى کوردستانیش لە چیاکاندا تێکۆشانی گەورەى بەڕێوەبرد. بەهۆی ئەو تێکۆشانەوە لە کۆمەڵگەشدا هۆشیاری و پێشکەوتن دروستبوو، ئیدی پەکەکە لە رێگەى رێبەر ئاپۆوە بووە هێڵی ئازادی بۆ ئازادی قوربانیى زۆر گەورەى داوە. ئەوانەش هەموویان لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا کۆبوونەتەوە.

کێشەى کورد بۆ دەوڵەتى تورک بووەتە فۆبیا

راپەڕینەکانی ساڵی ١٩٢٥ لەلایەن شێخ سەعید و لە ساڵی ١٩٣٠ لە ئاگری و لە ١٩٣٧ لە دێرسیم بە کوشتاری و کۆمەڵکوژکردن سەرکوتکران، بەڵام ریبەر ئاپۆ بۆ یەکەمجار بیردۆزی، فەلسەفە، رێکخستن، پاراستنى جەوهەری، هێڵی ئازادیى ژن و کۆمەڵگەی لە هەرێمەکەدا پێشخست. ئەوەش بۆ هەرێمەک نوێ بوو. کورد بە پێشەنگایەتیى رێبەر ئاپۆ هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئازادی دەڕۆیشت، هێزە هەرێمیەکان بوونی رێبەر ئاپۆ، فکر و رامانی رێبەر ئاپۆیان بۆ خۆیان بە لەمپەر دەزانی، چونکە هەژمونی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستی خۆیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانى خۆیان رێکخستبوو. بۆ ئەوەى بەرژەوەندییەکانیان لە هەرێمەکەدا بەدی بێت شەڕێکی نوێیان دەستپێکرد. ئەو شەڕە، کە ئێمە بە شەڕی جیهانیی سێیەم پێناسەى دەکەین دەستیپیکرد. ئەو شەڕەش لە ساڵی ١٩٩٠ەوە دەستیپیکرد. ئەو شەڕە ماوەی ٣٠ ساڵە بەشێوەى جۆراجۆر لە هەرێمەکەدا بەردەوامی هەیە. ئەوەى لە بەردەم ئەوەدا رێگر بوو بێگومان بزووتنەوەى ئازادی و رێبەر ئاپۆ بوو. لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پارادیگمایەکى نوێ پێشدەخرا و ئەویش لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بوو. یەکێتیى گەلانى دروستکرد. هێزە هەرێمییەکان بۆ ئەوەى دەوڵەتى تورک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن بزووتنەوەى ئازادی و رێبەر ئاپۆیان کرد بە بابەتی مامەڵە و سات و سەودا. دەوڵەتى تورکیش، کە کێشەى کورد بە فۆبیا (ترس و تۆقین) بۆ خۆی دەزانێت، بۆ ئەوەى کورد نەبن بە خاوەنی ئیرادە و ناسنامە و پێگە بۆ کورد دروست نەبێت، چیى لە توانادا بووە پێشکەشی کردووە تاوەکو بابەتى کورد داپۆشێت و بیشارێتەوە و سەرکوتی بکات. لەو چوارچێوەیەشدا هێزە نێونەتەوەییەکان لەو کاتەدا بەشدارییان لە پیلانگێڕیی نیونەتەوەیدا کرد. پیلانگێڕییەکە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکێشی دەکرا. ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل پێکەوە بوون، چونکە ئەوانە لە هەرێمەکەدا ئامانجیان هەبوو و دەیانخواست هەرێمەکە بەپێى خواستی خۆیان دیزاین بکەین.

هەر هێزێک بۆ بەرژەوەندیى خۆی بەشداریى پیلانگێڕییەکەدا کرد

یەکێتیى ئەوروپا لەو کاتەدا بەپێى بەرژەوەندیى خۆی بەشداریى لە پیلانگێڕییەکەدا کرد. دیسانەوە رووسیا لە بەرامبەر مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست و لە رووی ئابوورییەوە زۆر لاواز بوو. بۆ ئەوەى گازی سروشتی هەناردە بکات ئەویش بەشداریى لە بەشێک لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیدا کرد. هەروەها یونان، کە دەیان ساڵ ناکۆکیی لەگەڵ تورکیا هەبوو، ئەویش بەشداریی لە پیلانگێڕییە نێونەتەوەیەکدا کرد. هەر لەو کاتەدا هەندێک هێزی ناوچەیى بۆ بەردەوامیدان و مانەوەى دەسەڵاتى خۆیان و بۆ ئەوەى رێگری لەوە بکرێت یەکێتیى کورد دروست ببێت بەکارهێنران و بەشدارییان لە پیلانگێڕییەکەدا کرد. بەرژەوەندی ئەو هێزانە لەو کاتەدا یەکتریی تەواو دەکرد. تورکیاش سەرباری ئەوەى ریبەر ئاپۆ چەندجار ئاگربەستی راگەیاندبوو بۆ پیلانگێڕییەکە کراوە بوو. لە ساڵانی ١٩٣٣، ١٩٩٥، ١٩٩٦ و ١٩٩٨ ئاگربەست راگەیەندران. رۆڵی تورکیا لە پیلانگێڕییەکەدا رۆڵی خۆپێشکەشکردن بوو. پیلانگێرییەکەش بە هاوکاریى دەزگا هەواڵگرییە نێونەتەوەییەکان ئەنجامدرا. ئەو پیلانگێڕییە  لە دژی هەموو بەرژەوەندییەکانى گەلی کورد و گەلان بوو. رێگا نادەن گەلی کورد ببێتە خاوەنی شوناس و مافی خۆی. هەڵبەت پیلانگێڕییەکە لایەنى سیاسی، ئابووری و بیردۆزیشی هەیە. بناغەى کێشەکە کێشەى سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئازادییە. بەشێوەیەکى نامەردانە رێبەر ئاپۆیان گرت و رادەستی تورکیایان کرد. ئەوە ٢٢ ساڵە بە دورگەى ئیمراڵیدایە ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیە بەردەوامیی هەیە".

'لەو هەلومەرجەدا بڕیاری ژیانکردنى دا و جێبەجێشی کرد'

ئامانجی  هێزە پیلانگێرەکان ئەوە بوو لە نێوان گەلی کورد و تورک شەڕێکی درێژخایەن لە سەدەی ٢١ دا هەڵگیرسێنن، بۆیە بەشی دووەمی شەڕی جیهانیى سێیەم بە گرتنى رێبەر ئاپۆ خرایەگەڕ. رێبەر ئاپۆ لە رۆژی یەکەمەوە دەڵێت 'کاتێک لە فڕۆکەکەدا چاویان کردمەوە، من وتم، ئەمە سەرکەوتنى ئێوە نییە. ئەو پیلانگێڕییەکە و بۆ ئێوەشە. نەکەونە سەرخۆشیی سەرکەوتن'. هەر چۆن رێبەر ئاپۆیان رەونەى ئیمراڵی کرد، قورسترین شتی هەڵبژارد، قورسترین شتیش ئەوەبوو لەو هەلومەرجەدا بڕیاری ژیانکردنى دا و جێبەجێشی کرد. هیچ کەس بڕوای نەدەکرد کە رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادی لەو هەلومەرجەدا بتوانێت ٢١ ساڵ خۆڕاگری بکەن و لەگەڵیشیدا ئەوەندە سەرکەوتن بەدەست بهێنن. دەوڵەتى تورک خۆی لە خۆیدا دەوڵەتێکى فاشیست و قڕکەرە و هەر چۆن لە مێژووی خۆیدا پێشەنگەکانى کۆمەڵگەى لەسێدارەداوە دەیانخواست ئەویش لە سێدارە بدەن و بزووتنەوەى ئازادی لە ٦ مانگدا پاکتاو بکەن. ئەوە ئامانجەکەیان بوو، بەڵام رێبەر ئاپۆ یارییە گەورەکەى بینی، چونکە ئەو پیلانگێڕییە تەنها لەسەر گەلی کورد نەبوو، بەڵکو لەسەر گەلی تورکیش بوو. لەسەر ژنان و لەسەر هەموو مرۆڤایەتی و لەسەر هەموو ئەو کەسانە بوو، کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن. رێبەر ئاپۆ بە هەڵوێست و راوەستەکانى خۆی، بە شیکارییەکانی بۆ پیلانگێڕییەکە و بە پێشبینییەکانى پیلانگێڕییەکەى راگرت. فیداکاریى زۆر گەورەى کرد. مرۆڤ دەتوانێت بۆ هەر یەک لەو ساڵانە چەندین سعات قسە و شیکاریى لەسەر بکات. ئەوە بە تەواوی بووە ٢٢ ساڵ، کە رێبەر ئاپۆ لە دوورگەیەکدا و لەلای خۆیەوە پرۆسەیەکى نوێی پێشخست. وەک رێبەر ئاپۆ خۆی دەڵێت: 'لە دایکبوونی سێیەم' و هەڵمەتى سێیەمی دەستپێکرد و ئیدی پارادیگمایەکى نوێی خوڵقاند. رێنوێنیی نوێى بۆ هەرێمەکە و جیهان پێشکەشکرد. رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر سیستمی دەسەڵاتداری هەژمونخوازی قڕکەری مرۆڤایەتى راوەستا. لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی ئازادی بەرخودانێکى گەورەى بەڕێوەبرد. بزووتنەوەى ئازادی چاودێریى رێبەر ئاپۆی کرد، گەریلا بە قارەمانى هەزاران شەهیدی دا، گەلی کوردستان لە رۆژی یەکەمەوە بوونی خۆی بە بوونی رێبەر ئاپۆوە بەستەوە. وتی، یان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەژین، یان بێ رێبەر ئاپۆ ناژیم و ئازادیى خۆی لە ئازادیى رێبەر ئاپۆدا بینی. هەم لە کوردستان و هەم لە دەرەوەى وڵات ئەوە ٢٢ ساڵە گەلەکەمان بەرخودانى خۆی بەڕێوەدەبات.

لە بنەڕەتدا ئاکەپە پرۆژەی پیلانگێڕییە

پەکەکە کەی خرایە لیستی تیرۆرەوە؟ ئەو کاتەى رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕییەکەى راوەستاند و پێشکەوتنى خوڵقاند لە ساڵی ٢٠٠٢دا بزووتنەوەى ئازادیى گۆڕانکاری و نوێبونەوەى خوڵقاند، پارادیگمای گۆڕی و ئیدی دەبوایە تورکیا بەرەو چارەسەری بڕۆشتایە، بەڵام چییانکرد؟ بۆ ئەوەى دیسانەوە تورکیا بە خۆیانەوە ببەستنەوە پەکەکەیان خستە لیستی تیرۆر.  لە کاتی پیلانگێڕییەکەدا ئەجەوید لەسەر حکوم بوو و وتی 'ئێمە نازانین بۆ ئاپۆیان دایەوە بە ئێمە'. دواى ئەوە چییانکرد؟ هاتن دەستوەردانیان لە ئەجەویدکرد و ئەویشیان لەسەر کار لادا. کێ ئاکەپەى هێنایە سەر دەسەڵات؟ لە بنەڕەتدا ئاکەپە پرۆژەی پیلانگێڕییە. ئەوەى لە بنەڕەتدا پێداگری لەسەر پیلانگێڕییەکە دەکات و درێژە بە پیلانگێڕی دەدات و بوونی کورد قبوڵ ناکات ئاکەپە – مەهەپەیە. دواى ئەوەى ئاکەپەیان خستە سەر دەڵات بەهەموو شێوەیەک هاوکارییانکرد، ئێستاش لەسەر سەری خۆیان بووەتە بەڵا. ئێمە ناتوانین بڵێن، ئەو کەسانەی بەشداریی پیلانگێڕییەکەیان کرد ئەمڕۆش لە دۆستایەتیدان لەگەڵ یەکتر. ئێستاش ئەو هێزانە کەوتوونەتە ناکۆکی لەگەڵ یەکتر. بینیییان بەهۆی ئەو پشتیوانیانەى لە ئاکەپە – مەهەپە کرد ئەمڕۆ بەشوێنێک گەیشتووە، کە لە خۆیان هەڵدەگەڕێتەوە. ئیدی بەرژەوەندییان کەوتووەتە مەترسی، ئەو بڕیارانەى کە ئێستا دەیاندەن بەهۆی ئەوەوەیە، کە کەوتونەتە ئەو دۆخە. ئەو هێزانەى بەشداری پیلانگێڕییان کرد ئیدی ئەوە دەبینن، کە بزووتنەوەى ئازادی، گەلی کوردستان و رێبەر ئاپۆ زۆرترین تێکۆشان بۆ گەلان دەکەن و رێگایان نەدا پیلانگێڕییەکە بە ئامانجەکەى خۆی بگات. ئەوانە بۆ خۆیان دەبینن، کە دۆخەکە چۆنە و سەرباری ئەوەى هەندێکیان هەندێک بڕیار بە پێچەوانەى پیلانگێڕییەکە دەردەکەن، بەڵام دیارە ئەو بڕیارانە کەمن و وەک پێویست نین.  

بەرخودانی مەخمور و شەنگال بەرخودانى بەنرخ و پیرۆزن

تێکۆشانی گەلەکەمان لە مەخمور ٢٦ ساڵە بەردەوامە و سڵاو بۆ تێکۆشانەکەیان دەنێرم. تێکۆشانەکەیان پیرۆز و بە نرخە. هاووڵاتییانمان لە کامپی مەخمور تووشی زۆترین ناڕەحەتى و دژواری بوون لە پێناو تێکۆشانیان بۆ ئازادی. ئەو گەلە بەهۆی قبوڵنەکردنى فاشیزمی دەوڵەتى تورک و سیاسەتى قڕکردنى کوردانەوە لەو دۆخەدا دەژی. ئەوانە لە ساڵی ١٩٩٣ – ٩٤ لەلایەن فاشیزمەکەى تانسو چیلەر، ئاغار، گیورەشەوە، کە هەزاران گوندیان وستاند و کاولکرد و ئەو خەڵکە لە پێناو ژیانی ئازادیدا لەو دۆخەدا، بەپێی ئاماری فەرمیی دەوڵەت زیاتر لە ٤ هەزار گوند وێران و خاپوورکراون. زۆرترینی ئەو هاووڵاتییانە کە تووشی ئەو دۆخ و قڕکردن و کاولکارییە بوونەوە خەڵکی بۆتان بوون. ئەو گەلە بۆ پاراستنى هەموو مرۆڤایەتى لەو دۆخەدان. ئەوانە سیمبولی تێکۆشانی دەیان ساڵەى گەلی کوردستانن. هەر ماڵێکیان شەهیدی هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٥دا پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) گەمارۆی دان و رێگایان نەدەدا فەردەیەک ئاردیش بڕوات بۆ کامپەکەیان، رێگایان نەدەدا تەنانەت تێر ئاویش بخۆنەوە، بەڵام دیسانەوە ئەو گەلە خۆڕاگریى کرد و بە کەرامەت و شکۆی خۆییەوە بۆ ئازادی و ناسنامەى خۆی تێکۆشا. ئێستاش هاوکات لەگەڵ هێرش و بۆردومانکرد لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە سەرکێشیی ئاکەپە – مەهەپە گەمارۆیان خراوەتەوە سەر، چونکە ئەوان نوێنەری ٤ هەزار گوندن، کە خۆیان نەدا بە دەست دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە، چونکە ئەوان بەردەوامیاندا بە تێکۆشانیان بۆ ئازادی، لە ساڵی ٢٠١٤دا چەتەکانی داعشیان دروستکرد و لەو رێگەیەوە هێرشیانکردنە سەر، بەڵام گەلی کامپەکە، گەنجان و ژنان و منداڵان خۆیان پاراست. هەموو کات ویستویانە ئەو کامپە و ئەو گەلە لە ناو ببەن. بۆیە ئێستا راستەوخۆی میت خۆی دەستبەکار بووە و لە رێگەى سیخوڕەکانیەوە بە فڕۆکەکانیانەوە مەخمور و شەنگال بۆردومان دەکەن. ئەو دوو ناوەندە زۆر گرنگن بۆ تێکۆشانی گەلی کوردستان. کامپی مەخمور لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتوکاندایە و شەنگال لە هەڵوێستێکى شکۆمەندانەدایە. لە دوایین هێرشیاندا لە ١٥ی کانوونی دووەمدا لە شەنگال پارێزەری کۆمەڵگەى ئێزیدی واتە یەبەش و فەرماندەى ئەو هێزە فەرماندە زەردەشت، عیزەدین، حامید و شەڕڤان-یان شەهید کرد. ئەو گەمارۆیى بەڕێوەبەریى باشووری کوردستان بۆ کامپەکە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ئەوە لە بەرامبەر یەکێتیى نەتەوەیى و لە بەرامبەر بەرخودانى ئەو گەلەدا جێگای شەرمەزراییە. ئەوانە تەنها کار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و دەوڵەتى تورک دەکەن، چونکە هیچ هێزێکى کورد ئەو زوڵمە قبوڵ ناکات. گەمارۆ خستنە سەر کامپی مەخمور زوڵمە. ئێمە بەرخودانى گەلی مەخمور و شەنگال بە نرخ و پیرۆز دەزانین و سڵاویان بۆ دەنێرین.

دەوڵەتى تورک بۆ هەرێمەکە پلانی هەیە و ئەوانەى پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا زۆر ریگایان بە رووی تورکیادا کردەوە، زۆر حکومەتى فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلییان دایە پێش، ئێستا دەیانەوێت هەندێک سنوورداری بکەن، بەڵام هێز و توانایی ئەوانیش تا ئاستێکە و بەشی ناکات. ئەو داگیرکەرییانەى دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ سەر عەفرین و جەرابلوس و لەمدوایانەشدا لە ٩ی تشرینی یەکەم بۆ سەر رۆژئاوا بەردەوامی پیلانگێڕییە. رێبەر ئاپۆ دەڵێت 'من ٢٠ ساڵ لە سوریادا بووم و تێکۆشانم کرد و ئەمڕۆ دەبینین بەرهەمەکەى دەرکەوتوە و یەکێتیى گەلی کورد و عەرەب و سوریان و تورکمان و دورزی لێکەوتووەتەوە'.

رێبەر ئاپۆ وتی: 'تۆڵەی من لە سوریا دەکەنەوە'  

دەوڵەتى تورکیان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ ناچارکرد هێرش و هەڕەشە لە سوریا بکات. ریبەر ئاپۆ وتی 'من رۆیشتم بۆ ئەوەى زیان بە سوریا نەگات. ئەوان دەیانەوێت تۆڵەى من لە سوریا بکەنەوە'. بۆ ئەوەیە ئێستا ئەوەندە بە توندی و بە رەقی و فاشیستیانە پەلاماری گەلانی سوریا و گەلی کوردستان دەدەن. بونی تورکیا لە ئیدلب بۆ خۆی کێشەیە چەندین ناوچەى داگیرکردووە. بەهۆی هێرش و داگیرکەرییەوە ناوچەکان کاول دەکات و خەڵک ئاوارە دەکات. ئەوە هاوشێوەی ئەو سیاسەتەى سەردەمی عوسمانییەکان کە دەیانوت 'پارچەی بکەن، پرژوبڵاویان بکەن و دواتر حکومیان بەسەردا بکەن' و ئێستا هەر بەو شێوەیە دەکات، داگیرکەری دەکات، پارچە دەکات و دەیەوێت خۆی بسەپێنێت.

رووسیا رێگای بە هێرشکردنە سەر کوردان دا

لەبارەى نزیکایەتیى رووسیا و ئەمریکا وتی، رووسیا مۆڵەت و ڤیزەى بە دەوڵەتى تورک دا بۆ ئەوەى کورد لە ناو ببات، لە عەفرین لە رێگەى ئاسمانەوە رێگای بە تورکیا دا کە هێرش بکاتە سەر عەفرین. ئەمریکاش تاوەکو سنوورێک هاوکاریى تورکیای کرد بۆ هێرشکردنە سەر گرێ سپی و سەریکانی. رووسیا و ئەمریکاش بازرگانی بە بوون و ئازادیى گەلانەوە دەکەنەوە و سیاسەتێکى بێئەخلاقانە و بەرژەوەندیخوازانە بەڕێوەدەبەن. بۆیە چارەسەر لە ی کێتیى نیوان گەلان و پرۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریدایە.

لەبارەى کێشەى کێشەی نێوان فەلەستین وئیسرائیلشەوە وتی، بە نەخشە و پلانێکى یەکلایەنە  و بەزۆر سەپاندن بەسەر ئیرادەى گەلی فەلەستیندا کێشەکان چارەسەر نابن. رێگا دروستکە قبوڵکردنى ئیرادەى گەلە.

لە کۆتایی قسەکانیشدا وتی، ئەمساڵ ساڵی بەهێزکردنى تێکۆشانە، بۆیە چالاکییەکان بەهێز بکەن و درێژەی پێبدەن.

ژ.ت