ئایدار: هەڕەشەکانى تورکیا جدین و دەبێت هەموو کەس هەڵوێستى لە دژی هەڕەشەکان بێت

ئایدار رایگەیاند "ئێمە هەوڵەکان و لێدوانى لەو جۆرەى دوژمن (دەوڵەتى تورک) بە جدی وەردەگرین". راشیگەیاند "هێشتا ئەمریکا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ تورکیا دروست بکات و ئەوەش بوێری بە تورکیا دەدات".

زوبەیر ئایدار ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، هێز و رێکخراوەکانى کوردان لە وڵات و دەرەوەى وڵات رۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە بروکسل کۆدەبنەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا هەم لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا بەرامبەر بە ٣ بەڕێوەبەری پەکەکە هەڵوێستى نەتەوەیى دەخرێتەڕوو و هەمیش لێکدانەوە بۆ هەڕەشەکانى ئەردۆغان بۆ هێرشکردنە سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دەکرێت.

ئایدار راشیگەیاند "بڕیارەکەى بەڕێوبەرایەتیى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە دژی شۆڕشگێڕانى کورد بڕیارێکە لە دژی شۆڕش و دەستکەوتەکانى کورد، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکى نەتەوەیى لە دژی ئەو بڕیارە بخرێتەڕوو".

زوبەیر ئایدار باسی ئەوەشیکرد "گەلی کورد لە هەموو شوێنەکاندا لە دژی ئەو بڕیارە راپەڕیوە، بەڵام ئێمە دەزانین تەنها ئەوە بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو بڕیارە. بۆیە بە پێویستمان زانی بۆ بەرەنگاربوونەوە و دروستکردنی هەڵوێستێکى نەتەوەیى لە دژی ئەو بڕیارە کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەین. بۆ ئەوەش داوامان لە حیزب و رێکخراوەکان و دامەزراوەکان کردووە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن. ئێمە دەمانەوێت بەڵگە و پەیمانى هەڵوێستى نەتەوەیى لە دژی ئەو بڕیارە پەسەند بکەین و ئەوەش بۆ راى گشتى بخەینەڕوو".

ئایدار ئەوەشى وت، ئەوان بانگهێشتنامەیان بۆ حیزب و رێکخراوە کوردییەکان ناردووە و زۆربەیان وەڵامى باشیان هەبووە بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا.

"هەڕەشەکانى ئەردۆغان بە جدی وەردەگرین"

ئایدار لە بەردەوامیى قسەکانیدا وت، لە کۆبوونەوەکەدا نەک تەنها بڕیارەکەى ئەمریکا، بەڵکو نرخاندنیش بۆ لێدوانەکەى ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لەبارەى هێرشکردنە سەر باکووری سوریاش دەکرێت.

ئایدار وتیشی "ئێمە هەوڵەکان و لێدوانی لەو جۆرەی دوژمن (دەوڵەتى تورک) بە جدی وەردەگرین. هێشتا ئەمریکا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ تورکیا دروست بکات و ئەوەش بوێری بە تورکیا دەدات".

"تورکیا دەیەوێت داعش لە مەرگ و لەناوچوون رزگار بکات"

ئایدار ئاماژەى بەوەشکرد، لە کاتێکى وەک ئێستادا ئەردۆغان هەڕەشە دەکات، کە سەربازانى ئەمریکا لە هەرێمەکەدان. راگەیەندرا کە لەسەر سنوور خاڵی چاودێری دامەزرێنراون. ترامپ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە دژی داعش کارێکى گەورە ئەنجامدراوە و تاوەکو مانگێکى تر داعش لەناو دەچێت. هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە دێرەزۆر لە دژی دوا ناوچەى داعش ئۆپەراسیۆنێکى گەورە بەڕێوەدەبەن.

زوبەیر ئایدار ئەوەشى وت، گرنگرتین هۆکاری هەڕەشەکانى ئەردۆغان "دوژمنایەتیکردنى کوردانە" و هۆکاری دووەمی هەڕەشەکانیشی بۆ رزگارکردنى داعشە، کە لە لێوارى مەرگ و لەناوچووندایە.

ئایدار وتیشی "تەیب ئەردۆغان بۆ ئەوەى داعش لە مەرگ و لەناوچوون رزگار بکات، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر رۆژئاوا. ئەمریکا تاوەکو ئێستا ورتەى لێوەنەهاتووە. باشە دەبێت ئەمریکا هەڵوێستى چی بێت و ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە بزانین چ هەڵوێستێکى دەبێت. ئێمە لە کۆبوونەوەکەماندا لێکدانەوە بۆ ئەو بابەتانە دەکەین".

زوبەیر ئایدار ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەنەکە ئەوەشى خستەڕوو "مانگێک لەوە پێش داعش کۆتایى پێدەهات، تەنها ناوچەیەکى بچووکى لە دەستدا مابوو، بەڵام تورکیا لە دژی رۆژئاوا دەستیکرد بە هێرشکردن و ئەوەش وایکرد، داعش لەو ماوەیەدا کۆتایى پێنەیەت".

لە کۆتایشدا وتى، ئەوان هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک بە جدی وەردەگرن و پێویستە هەموو کەسێکیش ئەو هەڕەشانە بە جدی بزانێت و هەڵوێستى لە دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت.

ر.م