ئیبراهیم ئوزدەن، وڵاتپارێز و ڕیشسپی ئێزدییەکان کۆچی دوایی کرد

وڵاتپارێز و ڕیشسپی کۆمەڵگەی ئێزدی، ئیبراهیم ئوزدەن کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەلێ-ی ئەڵمانیا لە ژێر چاودێری پزیشکیدا بوو، کۆچی دوایی کرد.

لەبارەی کۆچی دوایی ئیبراهیم ئوزدەن پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدییەکانی ئەوروپا پەیامێکی سەرەخۆشییان ئاڕاستەی بنەماڵەی ئوزدەن و کۆمەڵگەی ئێزدی کرد.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مام ئیبراهیم دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشییەکی قوڕس، ئەمڕۆ لە شاری سەلێ-ی وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە: "بە هەوالی کۆچی دوایی مام ئیبراهیم زۆر خەمبار بووین. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بەڵێن دەدەین هەتا سەرکەوتن لە دۆزەکەماندا، خاوەنداریی لە ڕیشسپییەکانی کۆمەڵگەی خۆمان دەکەین.

سەرەخۆشی خۆمان سەرەتا ئاڕاستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و گەلە وڵاتپارێزەکەمان و تەواوی کۆمەڵگەی ئێزدی دەکەین. بۆ ئەو ڕەنجە زۆرەی کە داویەتی، کۆچی دوایی مام ئیبراهیم زیانێکی گەورەی بە کۆمەڵگەی ئێزدی گەیاند.

مام ئیبراهیم لە ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی شاسمێی سەر بە ناوچەی بەشیر-ی ئێلهێ لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٩روو لە ئەڵمانیا دەکات و لە شاری سەلێ نیشتەجێ دەبێت.

مام ئیبراهیم لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩بەملاوە بەبێ ناوبڕ وەکو وڵاتپارێزێک ڕەنجێکی بێوێنەی داوە و لە هەمان کاتدا برای مام زەکی شەنگالییە. هەروەها لە دامەزارندنی یەکێتی ئێزدییان، کردنەوەی ماڵی ئێزدیانی سەلێ، پێشخستن و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی ئێزدی خاوەن ڕەنجێکی گەورە بووە.

پرسەی مام ئیبراهیم لە ماڵی ئێزدی لە شاری سەلێ بەڕێوە دەچێت. هەروەها تەرمەکەشی لە گوندی شاشمێی سەر بە بشێر بەخاک دەسپێردرێت.