ئەرەن: ئاکەپە ویژدان و ئەخلاق و شیرازەی کۆمەڵگەى تورکی شێواندووە

جیهان ئەرەن ئەندامى کۆمتیەى گەل و باوەڕەکانى کەجەکە رایگەیاند، ئاکەپە ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤی تورکی شێواندووە. راشیگەیاند، ئاکەپە کۆمەڵگەى تورکی خستووەتە ناو تاوان و کاری چەپەڵانە و قێزەون.

جیهان ئەرەن ئەندامى کۆمیتەى گەل و باوەڕییەکانى کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتى تورک لە دواى پارچەپارچەبوونى عوسمانی دامەزراوە، بەڵام ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر پارچەکانى تری کوردستان و ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا رابگرێت.

راشگەیاند "نەتەوەپەرستانى لایک (عەلمانی) – کەمالیست دەڵێن 'کاتێک عوسمانى لەبەریەک هەڵوەشایەوە و تورکایەتى دادەڕما، هیچمان بە دەستەوە نەمابوو، بۆیە (بۆ تورکایەتی و مانەوەی خۆیان) ئێمە لە ئەنادۆڵ کۆمارێکمان دامەزراند' و بەوە ستایشی خۆیان دەکەن. دەوڵەتى نوێ دەبێت شتێکى زیاتر ئەنجام بدات. لە بنەڕەتدا ئەو دەوڵەتە ئیسلامی بە بەهیزی بۆ خۆی بەکارهێنا، بۆیە ئێستا سەرلەنوێ داگیرکردنەوەى خاکی مسوڵمانانی کەوتووەتەوە سەر. دەیەوێت لە رێگەى سەربازییەوە داگیرکەری بکات و 'بەهێزی نەرمیش' کاریگەریى خۆی لەو ناوچانەدا دروست بکات".

ئەرەن باسی ئەوەشیکرد "ئەوەى لە رێگەى داعشەوە تاقییان کردەوە داگیرکەرییەکى سەربازی بوو. ئەوە سیاسەتێکى تایبەت بوو بۆ ناوچە عەرەبییەکان، چونکە ئەگەر سوریا بڕوخایە ئەو کاتە خۆی (دەوڵەتى تورک) لە سنوورەکانى لوبنان و ئوردن نزیک دەکردەوە و دەیتوانى لەو رێگەیەوە کاریگەری لەسەر تەواوى جوگرافیاى عەرەبەکان دروست بکات. ئێستا ئەو هێڵە تێکشکاوە، بەڵام دەستبەرداری داگیرکردنی جۆگرافیاى کوردستان نابێت، بۆیە رۆژئاواى کوردستان و هێزە ئازادییەکەى بۆ خۆیان دەکەنە پاساو و بە بەردەوامی هەڕەشەى لێدەکەن و وەک ناوچەیەک لە دەرەوەى سوریا مامەڵەى لەگەڵ دەکەن. لەبەر ئەوەش دەیەوێت داگیرى بکات".

ئاکەپە ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤە تورکەکانى چەپەڵ کردووە

ئەرەن لەبارەى کاریگەریى ئاکەپە لەسەر کۆمەڵگەى تورک وتى "سەردەستەکانى تورک، نەریتى دەوڵەت و سەردەمی کەمالیست زیانی گەورە بوون بۆ کۆمەڵگەى تورکیا، بەڵام ئەوەش زیاتر لە نیوەى تورکیای نەگرتووە، بەڵکو نیوەکەى تری خۆی لەو چەپەڵییە پاراست و نەبووە هاوبەشی هەموو تاوانەکانى دەوڵەت، بەڵام ئاکەپە ویژدان و ئەخلاقی مرۆڤە تورکەکانى چەپەڵ و قێزەون کرد. ئاکەپە زیاتر لە کەمالیست – لایک (عەلمانییەکان) کۆمەڵگەى تورکی خستە ناو تاوانەوە، خستیە ناو چەپەڵی و کاری قێزەون و دزێوەوە. ئاکەپە لە کەمالیستەکان زیاتر تورکی خستە ناو دۆخێکەوە کە زۆر بەکاربهێنرێن، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەى تورک بە تایبەتى رۆشنبیرەکانى تورک بەشێوەیەکى جدی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بۆ ئەو بابەتانە بکەن. ویژدانی کۆمەڵگەى تورک شێوێنراوە و چەپەڵ کراوە. ئەوە شتێکى وا نییە کە بە ئاسانى بەرامبەر بە گەلێک بوترێت یان بەرامبەر بە گەلێک ئەنجام بدرێت. ئەوە لە ئەڵمانیا لە دژی جووەکان تاقیکرایەوە، لە ئیتالیا تاقیکرایەوە، لە ژاپۆن تاقیکرایەوە، ژاپۆن لە دژی چین وگەلان تری ئەو ناوچەیە ئەمکارانەى ئەنجامدا. لەم سەد ساڵەی رابردوودا مرۆڤ بە باشی لەوە تێدەگات، کاتێک ویژدانی کۆمەڵگەیەک چەپەڵ بکرێت، بشێونرێت ئەوە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو کوێ دەڕوات. ئەوە دۆخێکى جدی و مەترسیدارە".

'ئیسلامى دیموکراتیک هەوڵدانە بۆ خاوێنکردنەوەى کۆمەڵگە'

لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە "ئێوە لە دژی ئیسلامى دەسەڵاتخواز ئیسلامی دیموکراتیکتان خستووەتەڕوو. ئێوە دەتوانن خاڵە بنەڕەتییەکانى ئەوەمان بۆ شی بکەنەوە؟ ئەرەن لە وەڵامدا وتى:

"ئێمە لە ئیسلامى دیموکراتیکدا ئیدعامان ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئەخلاقی ئیسلام و هەموو ئایین و باوەڕەکان بخەینە خزمەت کۆمەڵگەوە و سەرلەنوێ ئەوانە بە کۆمەڵگە ببەخشینەوە. ئێمە وتمان ئاکەپە گەوهەری کۆمەلگەى تورک، ویژدانى کۆمەلگەى تورکی چەپەڵ کردووە. ئیسلامى دیموکراتیک هەوڵێکە بۆ خاوێنکردنەوە و پاککردنەوەى کۆمەڵگە. عەقڵیەتى راستکردنەوەى ویژدان و ئەخلاق لەسەر بنەمای کۆمیناڵ و گروپە بچووکەکانى خوارەوەى کۆمەڵگە دەبێت. ئیسلام ئیدعای دادپەروەری، یەکسانی، مافداربوون و دابەشکردن دەکات. ئیسلام دەیەوێت سیستمێکى لەو شێوەیە بۆ کۆمەڵگە دروست بکات، بۆیە ئیسلامى دیموکراتیک بە کۆمەڵگە دەڵێت: ببن بە مسوڵمانێک کە ئێمە پێکەوە خوشکانە و برایانە بژین. ئەگەر پاروە نانێکمان هەبوو ئێمە لەگەڵ یەک دابەشی بکەین. دەوڵەمەندیى زۆر گەورەمان هەبوو ئێمە بۆ یەکتریى پیادە بکەین. لە رووی سیاسی و بەڕێوەبردنەوە با بەڕێوەبردنەکەمان دادپەروەرانە بێت نەک زاڵمانە. ئێمە دەنگ دەدەین بە مرۆڤی لەو جۆرە. ئێمە پشتیوانى لە مرۆڤی لەو جۆرە دەکەین کە ببێتە بەڕێوەبەر. ئیسلامی دیموکراتیک لە دژی ئیسلامى دەسەڵاتخوازە. ئیسلامى دیموکراتیک لە رووی ئەخلاقی و سیاسەتەوە بەوشێوەیەیە. لە رێگەى نمونەیەکەوە ئەو بابەتە زیاتر روون بکەمەوە، ئیسلامى دیموکراتیک ئیسلامەکەى حەزرەتى حوسێنە و ئیسلامی دەسەڵاتخوازیش ئیسلامەکەی یەزیدی کوڕی معاویەیە".

ر.م