ئەمریکا: داعش دەیەوێت هەزاران چەتەى ژێر دەستی قەسەدە بڕفێنێت

ئەمریکا رایگەیاند، چەتەکانی داعش، کە بە زۆری لە سوریا و عێراق کۆتاییان پێھاتووە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقیدا کاریگەرییان لەسەر گروپە جۆراجۆرەکان دروستکردووە، هەروەها داعش دەیەوێت هەزاران چەتەى ناو زیندانەکانی قەسەدە بڕفێنێت.

کریستۆفەر میللەر بەڕێوبەەری ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ئەمریکا رایگەیاند، سەرباری ئەوەى چەتەکانی داعش گورزیان لێدراوە، بەڵام هێشتا 'لە جیهاندا ستراتیژیایەکى هێرشبەرانە بەڕێودەبەن'. میللەر لە کاتی ئاشکراکردنی راپۆرتی دەزگای هەواڵگری لەسەر 'هەڕەشەکانی دژ بە ئەمریکا' کە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، ئەو زانیارییەی خستەڕوو.

میللەر باسی ئەوەیکرد، هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی و ئەمریکا بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا بە تێکشکاندنی کەسە سەرەکی و شوێنە سەرەکییەکانی داعش سەرکەوتوبوون لە رێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، بەڵام سەرباری ئەوەش مەترسییەکە هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە.

بە وتەى میللەر، چەتەکانی داعش کاریگەرییان لەسەر ٢٠ گروپی چەکدار دروستکردووە، کە زۆربەیان لە کیشوەری ئەفریقادان.

میللەر راشیگەیاند، سەرباری ئەوەى سەرەک چەتەی داعش بە ناوی ئەبوبەکر بەغدادی لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا کوژرا، بەڵام چەتەکانی داعش بە بەردەوامی و بە شێوازی هەنگاو بە هەنگاو هێرش ئەنجام دەدەن و لەوەشدا سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی داعش لە ئەفریقا.

'چەتەکانی داعش ئامانجیان ئەوەیە چەتە زیندانیکراوەکان و بنەماڵەکانیان بڕفێنن'

کریستۆفەر میللەر بەڕێوبەەری ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە ئەمریکا لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لەوەکرد، چەتەکان لەم چەند مانگەى رابردوودا لە هەندێک لە وڵاتە جیاجیاکاندا دەستیان بە هێرش کردووەتەوە و ئەوەشی بە یەکێک لە ستراتیژیاکانی 'هێرش لە سەرتاسەری جیهان'دا لێکدایەوە.

بەڵام بە وتەى میللەر گەورەترین و گرنگترین ئامانجی چەتەکان ئەوەیە، کە هەزاران چەتە و بنەماڵەى چەتە زیندانیکراوەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە لە زیندانەکان و کامپەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە - QSD)دان بڕفێنن.

ژ.ت