ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تا ئێستا نەیتوانیوە پۆستی پارێزگار یەکلایی بکاتەوە

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە نایاسایی لەلایەن راکان سەعید بەڕێوەدەبردرێت. لەوەش لایەنە کوردییەکان بە هۆکار دەزانرێن، چونکە تا ئێستا نەیانتوانیوە رێک بکەون لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە.

 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە زۆرینەی کوردە لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام نەداوە. هیچ کارێکیشی بۆ هەلبژاردنی پاریزگارێکی نوێ یان ڕێگریکردن لە بڕیارەکانی راکان سەعید پارێزگاری بەوەکالەت ئەنجام نەداوە. هۆکارەکەشی نەگەڕانەوی ئەندامانی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکە لەسەر لیستەکەى پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک.

 لەتیف فاتح فەرەج چاودێری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)س ڕاگەیاند: "لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پۆستی پارێزگار بەشێوەیەکی نایاسایی بەڕێوەدەبردرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش کوردە، چونکە لە دوای ١٦ی ئوکتۆبەرەوە کۆنەبوونەتەوە تا داکۆکی لە پۆستی پارێزگار بکەن".

راشیگەیاند: "بڕوام بە لایەنە کوردییەکان نیە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن چونکە بەدوای بەرژەوەندی حزبین نەك نەتەوەیی ژمارەی کوردانی ئەنجوومەنی پارێزگا ٢٦ کەسە دەیانتوانی زۆر بە ئاسانی پۆستی پارێزگار یەکلایی بکردایەتەوە. راکان سەعید کۆمەڵێ بڕیاری زۆر خراپی دەرکردووە بەتایبەتی بۆ برەودان بە تەعریب و شێواندنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی سیاسی و پەیوەندیی نەتەوەیی، ئەوەی راکان دەیکات سەپاندنی لایەنێکە بەسەر لایەنێکی تردا".

لەو بارەیەوە ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک وتى: "بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەو ئەندام ئەنجومەنە کوردانەی کە نەگەڕاونەتەوە کەرکوک نەتوانراوە زۆرینە پێک بێت تا پارێزگارێك و ئەنجوومەنێک بۆ کەرکوک دیاری بکرێت، بە هۆی ئامادەنەبوونی ژمارەی تەواو لە ئەنجوومەنی پارێزگا نەتوانراوە رێگری لە بڕیارەکانی راکان سەعید بکرێت".

هەروەها محەمەد گۆڵدەریی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "راکان سەعید کە سوێندی یاسای دەخوات و دەبێت بە ئەندام پەرلەمان ئەوە مافی پارێزگاری بە وەکالەتی لێ دەسەندرێتەوە. ئەو بڕیارانەی راکان سەعید داویەتی بە هێچ شێوەیەك لە بەرژەوەندیی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان نەبووە. ئەو بڕیارانەی کە دەریکردووە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دژی نەتەوەیەکی سەرەکی بووە کە نەتەوەی کوردە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو بڕیارانەی راکان سەعید لە دژی کورد دەریکردوون بەشێکی زۆری هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵوێستە لاوازەی هەندێك لە ئەندامانی  لستی برایەتی بە تایبەتی ئەوانەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، کە ناگەڕێنەوە کەرکوك بۆ ئەوەی رێگربن لەو بڕیارانەی کە دژی کورد دەردەچێ. تەنها رێگریش بۆ گەڕانەوەی پارێزگاریکی کورد بۆ کەرکوک بەرژەوەندیی حزبییە و هیچ رێگرێکی سیاسی و یاسایى نییە".

ر.م