ئەو دیمەنانەى کە ئیدعا دەکرێن دیمەنى سەربازانى تورکە

هەندێک دیمەن بڵاوکراونەتەوە، کە ئیدعا دەکرێت دیمەنى سەربازانى تورکن لە هەرێمی ئیدلب و لە کاتى شەڕ لە دژی رژێمى سوریا کوژراون.

دواى بڵاوبوونەوەى دیمەنى هێرشی ئاسمانیی هێزەکانى رووسیا لە شارۆچکەى نیراب لە ئیدلب لە دژی سەربازانى تورک، ئەو دیمەنانەى سەربازانى تورک بڵاوکرانەوە.

ئەو دیمەنانە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و ئیدعا دەکرێت دیمەنى سەربازانى تورکن لە ئیدلب، بەلانیکەمەوە لەو دیمەنانەدا ٤ سەربازی کوژراوی تورک دەردەکەوێت، کە جلوبەرگی رەسمیی سوپای تورکیان لەبەردایە. کەسێک لەسەر تەرمی ئەو سەربازانە بە عەرەبی دەڵێت "سەبازانى تورک، سەربازانى تورک".

لەلایەکى ترەوە ئەوەى لە دیمەنەکاندا دەبینرێت ئەوەیە، کە تەرمەکان پارچە نەبوون و دەوترێت ئەوانەى کوژراون بەهۆی هێرشیی ئاسمانییەوە نەکوژراون.

ئاماژە بەوە ناکرێت، دیمەنەکان کەی تۆمارکراون و لە کوێ تۆمار کراون، بەڵام بەپێى ئاژانسى هەواڵی هاوار (ANHA) دیمەنەکان لە ناوچەى نیراب لە رۆژهەڵاتى ئیدلب تۆمار کراون.

تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورک، یان رژێمى سوریا لەبارەى ئەو دیمەنانەوە هیچ روونەکردنەوەیەکى فەرمییان بڵاونەکردووەتەوە.

دواى ئەوەى دیمەنەکان بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە، ژمارەیەکى زۆر لە لایەنگرانى تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئیدعای ئەوەیانکردووە، کەسە کوژراوەکان سەربازی تورک نین، بەڵکو ئەندامانى سوپای ئازادی سوریا (OSO)ن.

بەڵام لەو ئیدعایەدا ئەوە روون نەکراوەتەوە، کە ئەندامانى سوپای ئازادی سوریا بۆ جلوبەرگی فەرمیی سوپای تورکیان لەبەردایە و ئاڵاى دەوڵەتى تورکیان پێوەیە؟.

لەلایەکی ترەوە ئەو دیمەنانە لەسەر ئەژماری تایبەتى سوپای نیشتمانیی لیبیا بڵاوکراونەتەوە و لەسەریان نووسراوە "سەربازانى تورک لەبەرچی لە لیبیا و سوریان؟ بەهۆی فەنتازیا و خەیاڵێکى ئەحمەقانەوە".

ژ.ت