بناری قەندیل؛ حکومەتی هەرێم لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا دان بە بۆردومانەکانی تورکیادا نانێت

خەڵکی دەڤەری باڵەیانی سەر بە بناری قەندیل لە بۆدومانەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچەیە ناڕازین و حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن، کە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەو بۆردومانانە و هیچ هەڵوێستێکیان نییە لەو بارەیەوە.

دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ساڵی ٢٠٠٧ تاکو ئێستا بە بەردەوامی گوندەکانی بناری قەندیل بۆردومان دەکات، تاکو ئێستا بەپێی ڕاپۆرتی شارەوانی بناری قەندیل ٢٥ هاووڵاتیی گوندەکانی بناری قەندیل شەهید بوون و بە دەیان هاووڵاتیش بریندار بوون. ئەمەش ئەو ڕاگەیەندراوانەی دەوڵەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان بە درۆ دەخاتەوە، کە دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنها گەریلاکانی پەکەکە بە ئامانج دەگرێت.

دەربارەی ئەو بۆردومانانە ئێمە وەک تیمی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) سەردانی ئەو ناوچەیەمان کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە گفتوگۆمان کرد، ئەوەی کە سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا ئەوەبوو تاکوو ئێستا هیچ لایەنێک و هیچ بەرپرسێک سەردانی ئەو ناوچانەیان نەکردووە و هیچ ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی عێڕاق نەکراوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تاوانباری سەرەکی دەزانن و دەڵێن: "لەبەر ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت ئاماژە بەوە ناکات، کە شەهیدەکانمان بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەهید بوبن".

محەمەد ماونانی هاووڵاتییەکی خەڵکی دەڤەری باڵەیانە و لە گوندی ماونان ئەژێت و دەربارەی گوزەرانیان بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە ئاماژەی بەوەکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ، گوند، ڕەز و باخ و سروشتی ناوچەکەی هەموی وێران کردووە، تەنانەت خەڵکەکە ناوێرێت بێتەوە سەر جێ و ماڵ خۆی، چونکە هەموو کات فڕۆکەی چاودێری و فڕۆکەی جەنگی لەسەر ناوچەکەیە.

لە بارەی ئەوەی کە دەڵێن، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا تەنها گەریلاکانی پەکەکە دەکاتە ئامانج محەمەد ماونانی ئەوەی ڕاگەیاند: "با بێن تەماشای ئەم ناوچەیە بکەن و بزانن تاکو ئێستا هیچ بارەگایەک یاخود هێزێکی پەکەکەی لێ بووە؟. ئەوە ڕاست نییە کە دەڵێن، دەوڵەتی تورکیا تەنها گەریلاکانی پەکەکە دەکاتە ئامانج، لەم ناوچەیە هەر شوێنێک بۆردومان دەکرێت هیچ پەیوەندیی بە پەکەکەوە نییە. ماڵمان وێران بوو و خانوەکانمان وێران بوو تاکو ئێستایش هیچ لایەنێک قەرەبوشمانی نەکردەوە".

محەمەد ماونان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ترسی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئێستا ناوێرن ڕەز و باخ دروست بکەن و کار بکەن و دەڵێت: "فڕۆکە جەنگییەکان هەمو ڕەز و باخەکەکانیان وێران کردووین، لە ئێستاشدا ناوێرین مەڕ و ماڵاتمان ببەین بۆ چیاکان لە ترسی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان".

لەسەر ڕێگای ئەو گوندانەی باڵەیان ئاسەواری بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان بە ڕوونی دیارە و چەندین ماڵ و باخ لەسەر ئەو ڕێگایە بۆردومان کراون.

گوندی سەرکان نزیک لە گوندی ماونانە و سەر بە دەڤەری باڵەیانە، لە ساڵی ٢٠١٨ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا چوار گەنج لە یەک ماڵدا دەکاتە ئامانج و شەهیدیان دەکات لە کاتێکدا ئەو چوار گەنجە دەرچوی زانکۆن و هیچ پەیوەندیەکیان بە پەکەکەوە نەبووە.

ڕەسوڵ قادر حەمەد خەڵکی گوندی سەرکانە و چەندین جار فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا گوندەکەیانی بۆردومان کردووە و دەربارەی بارودۆخی گوندەکە لە ئێستادا ڕەسوڵ قادر بە ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەم ناوچانە بوردومان دەکەن، بەڵام گوندەکی ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥وە بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێن. ئەم ماڵەی کە بۆردومان کراوە ماڵی ئامۆزای باوکم بوو یەکێک لەو چوار گەنجەش، کە لێرە شەهید بوو ئامۆزای من بوو، هەمویان دەرچوی زانکۆ بوون. ماڵی ئێمە چەند مەترێک لێرەوە دورە، شەوی نەورۆزی ساڵی ٢٠١٨ کاتژمێر یەکی شەو دەنگی لێدانی فڕۆکە جەنگیەکانمان بیست ڕاستەوخۆ چوینە شوێنی بۆردومانەکە و بینیمان هەرچواریان گیانیان لەدەست داوە و شەهید بوون".

ڕەسوڵ قادر ئاماژەی بەوە کرد، پەکەکە بە هیچ شێوەیەک لێرە و لەم ناوچەیە بوونی نییە و ئەم بۆردومانانە بە هۆی پەکەکەوە نییە، تورکیا دەیەوێت کوردستان بە گشتی داگیر بکات، ئەو چوار گەنجە لێرە لە ناو ماڵی خۆیاندا شەهید بوون.

دەربارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەسوڵ قادر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕەوشە تەنانەت دەستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، چونکە تاکو ئێستا بە تورکیای نەوتوە تۆ بۆچی ناو ماڵی من بۆردومان دەکەی. هەروەها وتیشی: "هیچ لایەنێک نییە بە تورکیا بڵێت بۆچی بۆردومانی ئەم ناوچانە دەکەیت، خۆ ئێرە خاکی تورکیا نییە، بەڵام هۆکار ڕون و ئاشکرایە، کە دەسکێشەکانی تورکیایە لە کوردستان و تورکیا دەهێنن بۆ ئەوەی وڵاتمان وێران بکەن، دۆستەکانی تورکیایە، کە وڵاتی ئێمەیان وێران کردووە. لە ئێستادا داهاتی ئەم کوردستانە هەموی دەچێتە تورکیا و تورکیاش بە تۆپ و تەیارە بەسەر من و خانوی منیدا ئەداتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا ڕەسوڵ قادر ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانن لە گوندەکانیان دوور بکەونەوە، چونکە مەترسیی بۆردومانیان لەسەرە. وتیشی، تاکو ئێستا ئەم گوندە ئاوەدان نابێتەوە هەموی بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوەیە و داواکارین لە دەوڵەتان کە نەهێڵن چیتر تورکیا بۆردومانی ناوچەکانمان بکات و حکومەتی هەرێمیش چیتر هاوکاریی تورکیا نەکات بە نەوت و داهاتەوە".

 هەروەها وتیشی: "دەوڵەتی تورکیا بە داهات و نەوتی ئێمە دەچێت لە وڵاتان چەک دەکڕێت و ئێمەی پێ بۆردومان دەکات. ئەو چوار گەنجە شەهیدە لە پزیشکی داد لە سۆران هۆکاری شەهید بوونیانی گۆڕیوە و نوسیویەتی، کە بە هۆی تەقینەوەوە گیانیان لەدەست داوە و ئاماژەی بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا نەکردووە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی لەگەڵ تورکیادا تێک نەچێت. ئەوە کارێکی مرۆڤانە نییە لە پێناو ڕێککەوتنی خۆت لە میلەتەکەی خۆت بدەیت".

بە هۆی سەختی ناوچەکە و بونی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا تیمەکەمان زوو زوو ناچار دەبوو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بوەستێت، خەڵکی ئەو گوندانە ئێمەیان ئاگادار کردەوە، کە هاتوچۆ نەکەین و زیاتر لەناو گوندەکە بمێنینەوە و زوو زوو دەرنەکەوینە سەر ڕێگا گشتییەکان، چونکە مەترسیی بۆردومان هەیە.

هەر لە گوندی سەرکان ژنێکمان بینی بە ناوی ئایشە ڕەسوڵ، هاوژینی ئەو ژنە لە ساڵی ١٩٨٧ لە شەڕ بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس شەهید دەبێت. وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات لە ١٩٨٧ خەڵکی گوندی سەرکان بەرخۆدانێکی گەورەیان لە بەرامبەر حزبی بەعس ئەنجام داوە و نەیانهێشتوە حزبی بەعس پێ بنێە ناوچەکەیانەوە.

ئایشە ڕەسوڵ دەربارەی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕایگەیاند: "من بڕە پارەیەکی زۆرم لەم خانوەدا سەرف کردووە، بەڵام بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ناتوانم بێمەوە بۆ ئەم گوندە و لێرەدا بژیم. تورکیا دەڵێت، من بۆردومانی خەڵکی ئاسایی ناکەم، بەڵام ڕاست ناکات تورکیا دوژمنی هەمو کوردە، لەو خانوی نزیک ئێمە چوار گەنجی شەهید کرد، کە هەمویان دەرچوی زانکۆ بوون و هیچ پەیوەندیان بە پەکەکەوە نەبوو. دەوڵەتی تورکیا بە هەڵە لەکەس نادات لە هەر کوێ کوردێک هەبێت ئەو دەیکاتە ئامانج، لە گوندی زارگەلی هەشت کەسی گوندەکەی شەهید کرد، لە کورتەک ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج و خێزانێکی تەواو کرد، لە برادۆست و شێلادزێ بەهەمان شێوە، خۆ جارێک بە هەڵە بۆردومانی کردبێت ئەی ئەوانی دیکە بۆچیە".

دەربارەی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لەو گوندە ئایشە ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەکرد، چەنێکە لەو گوندە ژیان ئەکات تاکو ئێستا پەکەکەی نەبینییەوە و هیچ بارەگایەکیان لەو گوندە نییە، هەروەها وتیشی: "بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا وایکردووە تەنانەت ناتوانین کار لە ڕەز و باخەکانیشمان بکەین، چونکە ئێمە ناتوانین لێرە بژین، ناتوانین بێینەوە گوندی خۆمان. لە هەمان کاتیشدا تاکو ئێستا پەکەکەم لێرە نەبینیوە، تورکیا بۆی گرینگ نییە ئەوە کێیە کە دەیکاتە ئامانج، گرینگ ئەوەیە کە کوردە جا ئەو کوردە لە ناو هەولێریش بێت بیکاتە ئامانج بۆی گرینگ نییە. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیش دان بەوەدا نانێت، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەم ناوچەیە خەڵکی گوند دەکاتە ئامانج، حکومەت دەڵێت، بەر تەقینەوە کەوتون و هەموو کەسیش دەزانێت کە ئێرە بۆردومان دەکرێت، شوێنی بۆردومانەکانیش وەک خۆی ماوە و دەتوانن بیبینن".

ژ.ت

راپۆرتی پەیوەندیدار

بناری قەندیل؛ "تاکو ئێستا ٦ ئامۆزام بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون"

****

بناری قەندیل؛ بە هۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ماڵ و حاڵمان وێران بووە

****

بناری قەندیل؛ "داوای قەرەبو ناکەینەوە تەنها داوا دەکەین حکومەتی هەرێم کەیسەکانمان نەگۆڕێت"

****

کۆمەڵکوژییەکانی تورکیا و پەردەپۆش کردنەکانی پەدەکە!