بە بەڵگەوە... هەوڵی داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە
دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تا دێت دەستێوەردانەکانی بۆ شاری کەرکووک زیاتر و زیاتر دەکات، لەم ڕاپۆرتەدا بەڵگەی مێژووی و داتا دەستێوردانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە ڕوو.
دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر تا دێت دەستێوەردانەکانی بۆ شاری کەرکووک زیاتر و زیاتر دەکات، لەم ڕاپۆرتەدا بەڵگەی مێژووی و داتا دەستێوردانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەخەینە ڕوو.
تا دێت مەترسی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شاری کەرکووک زۆرتر دەبێت، تورکیا لە چوارچێوەی چاوتێبڕین لە ویلایەتی موسڵ(باشوری کوردستان) هەوڵدانەکانی بۆ داگیرکاری سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی دەوڵەتی عوسـمانی نوێ پەرە دەستێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە ئامادەکاری کردووە و هەوڵدانەکانی بۆ زمینەسازی ئەو داگیرکاریە چڕ دەکاتەوە و سوود لەو بۆشاییە سیاسی و سەربازیەی عێراق و باشوری کوردستان دەبینێت، یەکێک لە ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکاری، شاری کەرکووکە، بە هۆی ئەوەی شارێکی دەوڵەمەندە لە ڕووی بەرهەمی سەر زەوی و ژێر زەوی و لە ڕووی جوگرافیای سیاسی و سەربازیەوە گرنگە، بەڵام لە ئێستادا لە بۆشاییەکی سیاسی و سەربازیدایە.
بۆ ئەو مەبەستە تورکیا لەسەر سێ هەنگاو هێرشەکانی دەست پێکردووە
١-هێرشی کلتوری و مێژووی بۆسەر ناوچەکە.
٢- ئامادەکاری سەربازی و دروستکردنی چەتە و مورتەزیقە.
٣-ئامادەکاری و ڕێکخستنی فکری و دروستکردنی کادری سیاسی کۆمەڵایەتی.
بێگومان هەوڵەکانی تورکیا لەوە زۆرترن بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەو سێ خاڵە بکەینەوە و هەوڵەکانی تورکیا بخەینە ڕوو لە داگیرکاری کەرکووک بە بەڵگە و داتاوە.
١-هێرشی فەرهەنگی و مێژووی بۆسەر ناوچەکە
تا دێت مەترسی زیاتری داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر شاری کەرکووک درکی پیدەکرێت، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی تەعریب و تەتریک لە ئیستادا کێشەکی زۆری لەسەر شاری کەرکووک دروستکردووە بەڵام تەواوی بەڵگە مێژوویەکان ڕاستی بابەتەکەیان سەلماندووە و حاشا لەوە ناکرێت کە ئەو شارە لەسەر دەستی هورییەکان واتا کوردەکان دروستکراوە.
کورتە مێژوویک دەربارەی شاری کەرکووک
هەرچەندە تێروانین بیر و بۆچونی جیاواز لەسەر مێژووی دروستبوونی ئەو شارە هەیە بەڵام یەکێک لە بۆچونە زاڵەکان کە مێژوونوسان لەسەری کۆکن ئەوەیە شاری کەرکوک لە ساڵانی (٢٠٠٠) پێش زاینی لەلایەن (هورییەکانەوە) بونیادنراوە کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێنەوە بۆ گەلانی چیای زاگرۆس و تۆرۆس، لەدواییدا ئەم گەلە بە (گۆتی)یەکان ناسران، ئەو گەلە زەوییە تەختەکانی باشوری نێوان دوو ڕوبارەکەیان ئاوەدانکردەوە (وادی ما بین النهرین). ئەرەبخا پایتەختی گوتییەکان بوو. (گۆتی) لەو سەردەمە بە کوردی ئێستا وتراوە، سەرەتای دروستکردنی کەرکووک-یش دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی قەڵای شارەکە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دامێنی چەمی خاسە، ئەمە لە بەڵگەنامەی سۆمەرییەکان باسی لێوەکراوە.
یەكێک لە شوێنەوارە گرینگەکانی شاری کەرکووک قەڵای کەرکووکە کە بنیاتنانی شاری کەرکووک بە قەڵا دەست پێدەکات، بەڵام ئەو قەڵایە لە درێژی تەمەنی خۆی تووشی چەندین هێرشی دڕندانەی دەرەکی بووەتەوە تا ئێستاش لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە. مەترسیدارتیرن هێرشەکان بریتین لە
* هێرشی نادرشای ئهفشار بۆسهر قهڵای كهركوك
بهپێی سهرچاوه مێژووییهكان، قهڵای كهركوك چهند جارێك رووبهڕووی هێرش و پهلاماری سهربازیی بووهتهوه و ئهمهش بووهته هۆی ڕووخان و زیانگهیاندن به خانوو و تهلار و كۆشكهكانی ناو قهڵا، بهڵام ههرزوو لهلایهن دانیشتوانهكهیهوه نۆژە كراوهتهوه.
نادرشای ئهفشار، یهكێك بوو له گهورهترین پاشاكانی ئێران، لهساڵی (١٧٤٢ز) سوپاکەی له ئهسفههانی ئێران-ەوه بهرهو زهوییهكانی كورد هات، كه ژمارهیان ١٠٠ههزار شهڕكهر و سهربازبوون، نادرشا بهشێك لههێزهكانی نارد بۆ داگیركردنی شاری كهركوك، بهڵام ئهو هێزانه تووشی بهرههڵستییهكی گهوره لهلایهن كوردهوه بوونەوە، هێزهكهی نادرشای ئێران نهیانتوانی شارهكه بگرن، بۆیه زیاتر چواردهوری قهڵاكهیان گرت و توانییان ههندێک كون بكهنه شوراكهیهوه بهتۆپ و مهنجهنیق، ههرئهوهش وایكرد خهڵكهكهی نهتوانێ بهرههڵستی زیاتر بكهن و خۆیان دابهدهستهوه، قهڵاكهش رووبهڕووی وێرانكاری بۆیەوه
* عوسمانییهكان ئاسهوارهكانی قهڵای كهركوك-یان دزیوه
دهربارهی سڕینهوهی مێژووی كورد له شاری كهركوك لهلایهن عوسمانییهكانهوه مێژوونووسان دەڵێن:"ئاسهوارێكی زۆری قهڵای كهركوك لهلایهن عوسمانییهكانهوه دزراوە. كه تائێستا له مۆزهخانهی تۆپقاپی له ئهستهنبوڵه، كه یهكهم شت دایانناوه لهو مۆزهخانهیه قورئانێكه له نووسینی خۆشنووسی كورد محهمهد قهرهحهساری كه لهسهردهمی سوڵتان سهلیم قانونی نووسیویهتیهوه".
* بڕیاری ڕوخاندنی قەڵای کەرکووک لە لاین سەدام حوسێنەوە
لهرۆژی (١٦-٣-١٩٩٠)دا سهرۆك كۆماری ئهوكاتهی عێراق (صهدام حوسێن) هاته سهر قهڵای كهركوك، ئهو ڕۆژە ڕۆژی ساڵیادی بۆردومانی كیمیابارانی ههڵهبجه بوو كه ههزاران كهسی لهخهڵكی ههڵهبجهی شههیدكرد، له تهلهفزیۆنی عێراق-ەوه لێدوانی صهدام پهخشكرا، كه فهرمانی دا به رووخاندنی خانووهكانی قهڵای كهركوك و پێدانی قهرهبوو بهخاوهنهكانیان.
پاش سهردانی صهدام بۆ قهڵا، پارێزگاری ئەوکاتی كهركوك له (١٧/٣/١٩٩١) لیژنهیهكی پێكهێنا بۆ جێبهجێكردنی فهرمانی سهرۆك كۆمار (سهدام) و رووخاندنی خانووهكانی قهڵا.
چوونى صهدام بۆ قهڵاكه و بڕیارى رووخاندنى له ساڵیادى كارهساتى ههڵهبجهدا، بێ مهبهست نهبووه.
* داگیرکاری، عوسمانی نوێ(تورکیا) لەسەر قەڵای کەرکووک
دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا بەناوی نۆژەندکردنەوەی قەڵا و قەیسەری کەرکووک دەستیکردووە بە دەستکاری کردنی ئەو شوێنەوارە مێژووییە و شێوازێکی عوسمانی پێدەدات، هاوکات بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە کۆنسوڵەکەیان پەیامی داگیرکاری دەدەن ئەو شوێنەوارە مێژوویە بە مێژووی تورکیا و عوسـمانی بەناو دەکەن ئەوە لە کاتێکدایە مێژووی قەڵای کەرکووک دەگەرێتەوە بۆ ٣٠٠٠ هەزار ساڵ پێش دروستبوونی عوسمانیەکان.
لەناو قەڵای کەرکوکدا کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگ هەیە، یەکێک لەو شوێنەوارانەش بە گومەزە شینەکەی قەڵای کەرکوک ناودەبرێت، کە بە یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنەوارەکانی شارەکە دەناسرێت.
گومەزە شینەکە لە دەروازەی چوونە ژورەوەی سەر قەڵای کەرکوک ٢٠٠ مەتر دوورە و دەکەوێتە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە، بەرزییەکەی زیاتر لە ١٠ مەترە و چوار تاقی تێدایە.
گومەزە شینەکەی کەرکوک کەی دروستکراوە؟
گومەزەکە لە دەرگای باکوری قەڵاوە ٢٠٠ مەتر دوورە و لە نێو حەوشەیەکی فراواندا دروستکراوە، بە هەر چوار دەوریدا ڕاڕەو دورستکراوە، کە بە گوێرەی سەرچاوە مێژوویەکان وەک پەرستگا سودی لێ بینراوە، ئەو گومەزە لە کۆتایی دەسەڵاتی ئیلیخانیەکان و لە سەرەتای دەسەڵاتی جەلائیریەکان دروستکراوە، واتا مێژووییەکی کۆنی هەیە، پێکهاتەی گومەزەکە لە خشت و گەچ و ماددەی نورا، کە تەنها لە خاکی کەرکوک و گەرمیان هەیە دروستکراوە، کە لە شوێنەکانی دیکە دەست ناکەوێت.
دیوی ناوەوەی گومەزەکە لە بەردی قاشان دروستکراوە، ئەو بەردە بەشێکی ڕەنگا و ڕەنگە، دیوی ناوەوەی گومەزەکە پێنج مەتر فراوانە و بەرزیەکەی ١٠ مەترە، لە ناوەوە لە شێوەی چوارگۆشە دروستکراوە، چوار تاقی تێدا دروستکراوە بۆ ئەوەی ڕۆژانە خۆری لێوە بچێتە ناوەوە.
نهێنی ناو گومەزەکە چییە؟
لەناو گومەزەکە گۆڕێک هەیە، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە گۆڕی کچێکی دەوڵەمەندی قاجارییەکانە و باوکی ڕۆڵی وەک پاشایەک هەبووە، بەڵام لە کاتی نەخۆشکەوتنی ئەو کچەی لە ساڵی ٧٦٢ی کۆچی، دوای ئەوەی ویستوویانە لە کەرکوکەوە ڕەوانەی وڵاتی هیندستانی بکەن بۆ چارەسەر، کۆچی دوایکردووە و لەناو ئەو گومەزەدا ناشتویانە، کە ئەوەش نهێنی ناو گومەزەکەیە.
عوسمانیەکان گۆڕی کچە قاجارییەکەیان دزی
ستار جەباری، شارەزا لە بواری مێژوو، باس لە تاڵانیی عوسمانییەکان دەکات و دەڵێت:"دوای هاتنی عوسمانییەکان و داگیرکردنی کەرکوک، چەتەکانی عوسمانی ئەم گۆڕە هەڵدەدەنەوە، وا بیریان کردۆتەوە کە گۆڕەکە زێڕ و خشڵی تێدایە، بەڵام دوای هەڵدانەوەی گۆڕەکە دەردەکەوێت تەنها ئێسک و پروسکی تێدایە، دواتر پاشماوەی گۆڕەکە دەدزن و بۆ شوێنێکی نادیار دەیبەن، تا ئێستاش ئێسک و پروسکی ئەو گۆڕە نادیارە".
ئەو شارەزایە لە بارەی تاڵانکاریی عوسمانییەکانەوە زیاتر دەدوێ و دەڵێت: "عوسمانییەکان هەر شوێنێکیان داگیرکردبێت ئاسەوارەکانیان دزیوە، بە بەڵگەوە دەڵێم، بەشێک لە ئاسەوارەکانی ناو ئەو گومەزە لە مۆزەخانەی تۆپ قاپی لە شاری ئیستەنبوڵ نمایشکراوە و ئێستا گەورەترین قورئان کە خوشنوسێکی کورد نوسویەتی دزراوە و لەو مۆزەخانەیەی تورکیا دانراوە".
کۆمپانیا تورکیەکان لەسەر ناوی نۆژەندکردنەوەی گۆمەزەی قەلای کەرکووک دەستکاری شوێنەوارەکەیان کرد و بەشێوازی عوسمانیەکان نۆژەندیان کردەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک بەڵگەیەک بەکاری بێنن و بە موڵکی عوسمانی بەناوی بکەن.
هاوکات تورکیا لە ڕێگای بەرەی تورکمانیەوە لۆبی بۆ کۆمپانیا تورکیەکان دەکات بۆ ئەوەی شوێنە گرنگ و ئاسەوارەکانی شارەکە کەسانی سەربەخۆی دابمەزرێنێت، بەو شێوازە بەرەی تورکومانی و تورکیا زیاتر لە ١٠ ساڵە دەستیان بەسەر بنکەی ئاسەواری لقی قەڵادا گرتووە و کادرانی سەر بەدەوڵەتی تورکیایان لەو شوێنە دامەزراندووە هەر گەشتیارێک یاخود لێکۆڵەری مێژووی و شوێنەوارناسی کە سەردانی قەڵای کەرکووک دەکات، ئەو کادرانەی تورکیا بە شێوازێکی چەواشەکارانە مێژووی قەڵاکەیان بۆ باس دەکەن دەیکەنە بەشێک لە مێژووی عوسمانی، لە ئاستی ئەم کارەش هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردی و حکومەتی عێراق بێدەنگن و هەنگاوێکی پێویستیان لەو بوارە نەناوە.
لە لایکی تریشەوە شەوی ٢٦ مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە ڕووداوێکی تەموو مژاوی و گوماناویدا قەیسەری کەرکووک بە شوێنەوارێکی مێژوویی سەدان ساڵەی کەرکووکە لە سەر دەستی جولەکەکان دروستکراوە سوتێنرا، ڕۆژێک دوای ئەو سوتانەی راستەوخۆ فاتح یەڵدز سەرۆک کۆنسوڵی تورکیا لە عێراق چۆیە شوێنی ڕوداوەکەوە و ئەو ئاسەوارەی بە موڵکی عوسمانیەکان بەناو کرد، بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق فەرمانگەی ئاسەواری کەرکووک وەک خاوەن ماڵ ڕەفتاری کرد و ڕایگەیاند، کۆمپانیای تیکای تورکی ئەو شوێنەوارە نۆژەن دەکاتەوە.
شوێنەوارناسان و مێژوونووسان گومانیان لەو هەنگاوەی تورکیا هەبوو لەوەی کە دەستکاری ئەو شوێنەوارە بکەن، هەرواش دەرچوو لەدوای دوو ساڵ ئەو کۆمپانیا تورکیە قەیسەری کەرکوکی نۆژن کردەوە و کۆمەڵیک گۆڕانکاری تێدا کردووە لە شێوازی تەلارسازی جولەکەکانەوە بۆ شێوازی عوسمانی، زمانی کوردی لەسەر تابلۆی قەیسەریەکە هەڵگرت، دواتر لە ژێر فشاری خەڵکی شارەکە جارێکی تر زمانی کوردیان لەسەر زیاد کرد، هەر ئەوەندە نا بەڵکوو لە دەرگای چونە ژورەوەی قەیسەرێکە ئاڵای تورکیایان هەڵکۆڵیوە.
لە ئێستادا کارو بارەکانی ئەو شوێنەوارە تەواو بووە بەڵام ئەو کۆمپانیا تورکیە ئامادە نیە قەیسەرێکە ڕادەست بکاتەوە، بە بیانوی ئەوەی چاوەڕوانی فاتح یەڵدز سەر کۆنسوڵی تورکیا لە عێراق دەکەن قردێلەی کردنەوەی ئەو قەیسەریە بپچڕێنێ، ئەوەش چاودێرانی سیاسی و خەڵکی شارەکەی نیگەران کردوە و دەڵێن ئەوە بەتەواوەتی داگیرکاریە.
٢-ئامادەکاری سەربازی دروستکردنی چەتە و مورتەزیقە
لە دوای ١٦ ئەکتۆبەرەوە پاشەکشێی هێزەکانی پێشمەرگە و جێگرتنەوەی هێزەکانی عێراق لە ناوچەی مادەی ١٤٠ لە خانەقین تاکو دەگاتە شەنگال بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی دروست کرد کە تورکیا ئەو بۆشاییەی قۆستەوە، ئەندامانی میت و بەرەی تورکمانی ناردە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی هەژموونی سەربازی و سیخوڕی خۆی لە ناو ڕیزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی پەرە پێبدات.
لە لایەکی تریشەوە تورکیا لە ڕێی (بەرەی تورکمانی )١ هێزێکی سەربازی دروستکردووە کە زیاتر لە ٦٠٠ کەس دەبن سەرجەمیان لە تورکیا لە لایەن دەزگای سیخوڕی میت پەروەردە کراون و گەڕێندراونەتەوە کەرکووک و کار بۆ ڕێکخستنی سیخوڕی میت دەکەن.
شوان داودی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی عێراق دەربارەی چۆنیەتی دروستکردنی ئەوهێزە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاندبوو:" ئەو هێزە پێش دروستکردنی لەلایەن بەرپرسانی بەرەی تورکومانی بانگەشەی بۆکرابوو، دواتر ئەو کەسانە لە ناوچەی (یایچی ) سەر بە ناحیەی تازە لە کەرکووک ناوی خۆیان تۆمارکردووە، هەرلەوێشدا چاویان بە بەرپرسانی بەرەی تورکومانی (حەسەن تۆران، ئەرشەد ساڵحی) کەوتووە، ٥٦٨ کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، دواتر هەر ئەو کەسانە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بەسەرپەرشتی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ڕێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە گواستراونەتەوە بۆ تورکیا بۆ ناوچەی سلۆپی، لەوێش براون بۆ سەربازگەی ( Genal kuramy baskanligi)٢
میت ڕاهێنانی سەربازی بەو هێزە دەکات
هەر بەپێی زانیاریەکانی شوان داودی لەو سەربازگەیە بەرپرسانی بەرەی تورکومانی و بەرپرسانی دەزگای هەواڵگیری میتی تورکیا سەرپەرشتی مەشق و ڕاهێنانی ئەو هێزە دەکەن دوای تەواوبوونی ڕاهێنان جارێکی تر دەیانگەڕێننەوە بۆ کەرکووک و دابەش دەکرێن بەسەر بنکە و بارەگاکانی بەرەی تورکومانی لە ژێر ناوی پاراستنی بنکەکان، لەوشارە جێگیر دەکرێن.
مووچەی چەکدارەکان لە تورکیاوە دێت
داودی لەبەردەوامی قسەکانی وتویەتی: ئەو چەکدارانە لەلایەن تورکیاوە مووچە و چەکیان بۆ دابین دەکرێت، مووچەی هەرچەکدارێك لە ٤٠٠بۆ ٧٠٠ دۆلارە.
تورکیا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە هێزەکەی خۆیان بدات خۆیان دایە پاڵ حەشدی شەعبی بەڵام سەرکەتوو نەبوون، بۆیە ئێستا دەڵێن هێزەکەمان سەر بە کۆمپانیایەکی پاراستنە، ئەو هێزەی کە تورکیا و بەرەی تورکمانی بە کۆمپانیای پاراستن بەناوی دەکەن زۆر جار بۆ ململانێی سیاسی بەکارهێنران بۆ نموونە لەڕووداوەکانی دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان لە کەرکووک ئەوهێزە بەکارهێنرا و بارەگای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان لە کەرکووک گەمارۆدا."
هاوکات لە کاتی شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر ناوی شەڕی دژی داعش، تورکیا هێزێکی لە ناوچەی بەعشیقەی سەر بە پارێزگای موسڵ جێگیر کرد، لە ڕاستیدا ئەو هێزە پشتیوانی داعشی دەکرد نەک شەڕی دژی داعش، هێچ کەسێک نەیبینی ئەو هێزە ڕۆژێک شەڕ دژی داعش بکات، لە ئێستاشدا کە خەلافەتەکەی داعش بە شێوازێکی فەرمی کۆتای هاتووە ئەو هێزەی تورکیا لە بەعشیقە پشتیوانی شانە نووستووەکانی داعش دەکات، هێزکی بەناوی حەشدی وەتەنی بۆ سونەکانی موسڵ و تورکومانەکانی تەلەعفەر دروستکردوە بەناوی (حەشدی وەتەنی)٣ بەرپرسانی ئەو هێزە لەلاین هێزە ئەمنیەکانی عێراق داواکراون بە تۆمەتی گەندەڵی و خیانەتی نیشتیمانی، تورکیا ئەو هێزەش بەکار دەهێنێت بۆ مەبەستی دەوڵەتەکەی لە عێراق و دەستێوەردانی زیاتر.
٣-ئامادەکاری و ڕێکخستنی فکری و دروستکردنی کادری سیاسی کۆمەڵایەتی
جیاواز لەو هەوڵانەی پێشووتر باسمان کرد لە لایەکی ترەوە لە ڕێگای بەرەی تورکمانی و چەند پارتێکی ئیسلامی کوردی هاوفکری ئاکەپە هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی کادری سیاسی و کۆمەڵایەتی پەروردە بکات لە ڕێگای ئەو کادرانەوە مێشکی هاوڵاتیانی شارەکە ئامادە بکات بۆ داگیرکاری داهاتوو لەسەر شارەکە، بۆ ئەو مەبەستەش کادران و ئەندامانی ئەو پارتانە دەبات لە شارەکانی تورکیا پەروردەیان دەکات لەسەر فکری ئیخوانی و عوسمانی، پاشان دەیانگەڕێنێتەوە ناو کەرکووک، ئەوانیش بە ئاوازی ئەجیندای تورکیا لە شارەکە کار دەکەن و زەمینە سازی بۆ داگیرکاری تورکیا ساز دەکەن.
جیاواز لەوەش تورکیا بە پشتیوانی ئەرشەد ساڵحی کە سەرۆکی بەرەی تورکومانیە و ئەندام پەرلەمانی عێراقە چەند ناوەندێکی بەناوی ڕێکخراوی مەدەنی و فێرکردنی قورئان کردۆتەوە، یەکێک لەو ناوەندانە دەکەوێتە کۆڵانی سەرچنار و لەگەڕکی ڕەحیماوەی کورد نشینی شاری کەرکووک، دوانەکەی تریش یەکیان لە گەڕەکی غەرناتە و ئەوی تریان لە دۆمیزی باشوری شارەکەیە، ئەو ناوەندە چەند کوردێکی بەکرێگیراوی باکووری کوردستان کە سەر بەفکری ئەردۆغانن تیایدا کار دەکەن، منداڵانی ئەو شارە لە نەتەوە جیاوزەکان لە خۆیان کۆدەکەنەوە لەسەر ناوی فێربوونی قورئان و سونەت.
ئامانجی کۆکردنەوەی ئەو منداڵانە پەروەردە کردنیانە لەسەر فکری سیاسی و ئاکەپە و ئیخوان و ئامادەکردنیانە بۆ بوون بە سەربازی تورکیا و کاری سیخوڕی پێکردنیان و ناردنیان بۆ تورکیا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک بەکرێگیراوێکی تورکیا لە کەرکووک کار بکەن.
چەند هاوڵاتیەکی شاری کەرکووک کە سەردانی ئەو ناوەندەیان کردبوو پێیان ڕاگەیاندین، ناوەندەکانی تورکیا لە کەرکووک بە دەیان منداڵی تەلەعفەر، کەرکووک، یایچی، تازە و خورماتووی لێبوو و کوردە بەکرێگراوەکانی تورکیا کە لە ناوەندەکان کار دەکەن لە گەڵ کادرانی بەرەی تورکمانی وانەی ئیخوانی فکری ئاکەپەیان بە منداڵەکان دەوتەوە و پێیان ڕاگەیاندوون لە داهاتوو دەیاننێرین بۆ تورکیا.
کۆکردنەوەی ئەو منداڵانە و پەروەردەکردنیان لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە، سوپای (ئینکشاری)٤ عوسمانیەکان بە بیری مرۆڤەکان دەهێنێتەوە.
ئەوەی لە کۆتای دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە: شاری کەرکووک لە مەترسی گەورەی داگیرکاری تورکیادایە، لایەنە سیاسیەکانی کوردیش لە هەموو کەس ئەو ڕاستیە باشتر دەزانن بەڵام لە ئاستی ئەو هێرشانەدا تا ئێستا هەنگاوی جدیان نەناوە، ئایا دەبێت تاکەی چاوەڕوان بن و چاوەڕوانی چین؟
.................................
پەراوێز
١-بەرەی تورکومانی: پارتێکی تورکمانی نەژاد پەرستە لەلاین ئەرشەد ساڵحی سەرپەرشتی دەکرێت، کار بۆ سیاسەتی تورکیا دەکات لە کەرکووک.
٢- genal kurmay basknlgy :ناوەندێکی سەربازی سوپای تورکیایە دەکەوێتە ناوچەی سلۆپی لە باکوری کوردستان
٣-حەشدی وەتەنی: پێک دێت لەو گروپە چەتەی کە تورکیا دروستیکرد بە سەرپەرشتی ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشوی موسڵ.
٤-سوپای ئینکشاری: هێزێکی سەربازی بوون سوڵتانەکانی عوسمانیەوە دروستیان کردبوون،هەندێک مێژوو نوسان دەڵێن هێزە هەر لە سەردەمی سوڵتان عوسمانی کوڕی ئورتوغرلی دامەزرێنەری عوسمانیەکانەوە دامەزراوون لەسەر ئەو بنەمایەی کە ( هەر هۆز و قەبیلەیەک یەکەیەکی سەربازیە) لەسەر ئەو بنەمایە هەموو هۆزێک دەبوایە کوڕەکانیان ئامادە بکەن بۆ ناو یەکە سەربازیەکان و کە دەگەیشتنە کاتی باڵغ بوون دەیانبردنە ناو ئەو سوپایەوە. یاخود ئەو گەلانەی کە لە ژێر دەستی عوسمانیەکان بوون وەک باج دەبوو هەموو ماڵیک کورێکی خۆێ پێشکەشی سوپای عوسمانی بکردبا کە پێ دەوترا باجی (شێورمە)
……………………………….
سەرچاوە
ئەرشیفی ئاژانسی هەواڵی فورات ANF NEWS
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوس ROJ NEWS
لێکۆڵینەوەی مێژووی (ئومێد نەجم ) لە سایتی پەیسەر بڵاو کراوەتەوە.
ف.ق