بەرپرسانی هەرێم کارەبای حەفتانیان بڕیوە و رێگانادەن هاووڵاتییان بە خۆراک و پێداویستییەوە بچنە ناوچەکانی خۆیان

لەو رۆژەوە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین دەستی پێکردووە بەرپرسانی باشووری کوردستان کارەبای ناوچەى حەفتانیان بڕیوە و رێگاش نادەن هاووڵاتییان هاتووچۆی ئاسایی بۆ گوندەکانیان و بە پێداویستی و خۆراکەوە بچنە ناوچەکانیان.

ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامیی هەیە.

سوپای تورک لە ١٦ی حوزەیراندا بە پشتیوانیی ئاسمانی هێرش و ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی کردە سەر ناوچەى حەفتانین لە باشووری کوردستان و لەو کاتەوە رووبەڕووی بەرخودانێکى گەورەی گەریلا بووەتەوە، ئەو رژێمە فاشیستە بەرپرسانی هەرێمیش دەکاتە هاوکار و یارمەتیدەری هێرشە داگیرکەرییەکەى.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکەمان لە سەرچاوە هەرێمییەکانەوە، بەرپرسانی هەرێم لە باشووری کوردستان لەم چەند رۆژەى رابردوودا کارەبای ناوچەى حەفتانینیان بڕیوە و رێگاش بە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە نادەن خواردەمەنی و پێداوێستی لەگەڵ خۆیان بۆ ناوچەکەی خۆیان ببەن.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا شێلادزێی بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە ٥ هاووڵاتیی شەهید کردبوو، گەلیش لە دژی ئەو تاوانەی دەوڵەتى تورک راپەڕین، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچەیەدا بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیان پاراست و رێگایان نەدا گەلی راپەڕیو لێیان نزیک ببنەوە.

بڕینی کارەبای ناوچەى حەفتانین و کەمکردنەوەى هاتووچۆی هاووڵاتییان بۆ ناوچەکەیان و رێگریکردن لەوەى هاووڵاتییانی ئەو سنوورە خۆراک و پێداویستی لەگەڵ خۆیان نەبەن بۆ ناوچەکەیان و هەروەها پاراستنی بنکە سەربازییەکانى سوپای تورکی داگیرکەر لە توڕەیی خەڵکی راپەڕیو، بە هاوکاریکردنی بەرپرسانی هەرێم بۆ دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و یارمەتیدانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لێکدەرێتەوە، کە دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاک و سەروەریی باشووری کوردستان.

ژ.ت