بەرەی عەرەبیی کەرکوک سکاڵا لە دژی لیستی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک تۆمار دەکات

بەرەی عەرەبیی یەکگرتوو لە شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لیستی هاوپەیمانیی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک ناوەکەی نەتەوەپەرستی دروست دەکات، بۆیە لە کۆمسیۆن سکاڵا لە دژی ناوەکەی تۆمار دەکەین".

لە بارەگای کەرکوکی بەرەی عەرەبیی یەکگرتوو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرا دەربارەی چەندین بابەت لەوانەش لیستە هاوبەشەکەی لایەنە کوردستانیەکانی کەرکوک و دواین پێشهاتەکانی کەرکوک.

سەفا عوبێدی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرەی عەرەبی لە کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: "کە بەرەکەیان ناوی خۆی لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی ‌هەڵبژاردنەکانی عیراق تۆمار کردووە وە کاردەکەین بۆ کۆکردنەوەی نێو ماڵی عەرەبی لە کەرکوک و هەمووان هەوڵدەدین بۆ بەرژەوەندیی گشتی نەتەوەیی کار بکەین و بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بین."

هەروەها سەفا عوبێدی راشیگەیاند: "ئەو کەسانەی کە تۆماری کردووە لە سەرۆک و هۆز و کەسانی ئەکادیمی و و کەسایەتی بەناوبانگ پێکهاتووە وهێڵی سورمان لەسەر کەس نیە، دەرگا کراوەیە بۆ هەموو کەسایەتییەکان کە دەیانەوێت بەشداربن لە لیستەکەمان."

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی بەرەی عەرەبی شێخ وەسفی عاسی دەربارەی ناوی لیستی هاوبەشی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک وتی: "ئێمە کێشەمان هەیە لەگەل ئەو ناوە و رەتیدەکەینەوە، چونکە ناوەکەی نەتەوەپەرستی قوڵ دەکاتەوە، بۆیە هیچ یاسایەک ڕێگا نادات نەتەوەپەرستی پێش بکەوێت، بۆیە ئێمەش لە کۆمسیۆن بالای هەڵبژاردنەکان سکالا تۆمار دەکەین لە دژی ئەو ناوەی حزبە کوردستانیەکان هەڵیانبژاردوە بۆ لیستەکەیان."

هەروەها وەسفی عاسی ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەکو بەرەی عەرەبیی یەکگرتوو لە کەرکوک هەوڵ دەدەین هەموو لایەنەکان کۆبکەینەوە لە ژێر یەک چەتردا دەستخۆشی لە هەر لایەنێک دەکەین هاوکاریمان بکات بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەشی عەرەبی لە کەرکوک."

ژ.ت