'بەو ئیمزایانە ئیرادەی گەلی باشوور دەردەکەوێت'

"لە رێگەى ئیمزاوە ئیرادەی گەلی باشووری کوردستان دەردەکەوێت. ئەوە دەردەخات، کە داگیرکەری و دوژمن قبوڵ ناکات".

پەرلەمانتاری پێشوی هەرێمی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) عەبدوڵا مەلا نوری و مامۆستای زانکۆی سلێمانی هاوژین مەلا ئەمین پشتیوانی و واژۆی خۆیان بۆ کەمپەینی کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر خستەڕوو و شیکارییان بۆ هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک و کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەکە کرد.

عەبدوڵا مەلا نوری ئەندامی کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوەى بە کارێکى زۆر باش و مەدەنی و جەماوەری لێکدایەوە و وتی، هیوادارم هەموو گەلی کورستان، پەرلەمانتاران، رۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و ئایینی، کرێکاران، خوێندکاران پشتیوانی لەو کەمپەینە بکەن و ئەو کەمپەینە واژۆ بکەن. ئەوەى تورکیا دەیکات داگیرکەری و دوژمنایەتییە. ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیان بنکە و بارەگای سوپای تورک هەیە. بە شێوەیەکى دوژمنانە هەڵسوکەوت لەگەڵ باشووری کوردستان دەکات. دوژمنایەتیی تورکان ئاشکرا بووە. فڕۆکەکانی خۆیان دەنێرن لە سلێمانی و زۆرێک لە ناوچەکانى تر هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییان و شەهیدیان دەکەن. بۆ دەرکردنی سوپای تورک، وەک سوپای دوژمنێک ئەرکی هەموومانە پشتیوانی لە یەکتر بکەین.

عەبدوڵا مەلا نوری ئەوەشی وت، زۆر گرنگە ئەو ئیمزا کۆکراوانەوە بگەیەنرێنە پەرلەمان و حکومەتى هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانتاران و حکومەتى عێراق و باڵیۆزخانەکان و وتیشی "لە رێگەى ئەو ئیمزایانەوە ئیرادەی گەلی باشووری کوردستان دەردەکەوێت. ئەوە دەردەکەوێت، کە داگیرکەری و دوژمن قبوڵ ناکات".

ئەوەشی وت "لە راستیدا پەکەکە تیرۆریست نییە، بەڵکو ئەردۆغان و رژێمەکەى تیرۆریستن. هاتنی سەربازانی تورک بۆ باشووری کوردستان پەیوەندیی بە کوردبوونمانەوە هەیە و پەیوەندیی بە پەکەکەوە نییە. پێش ئەوەى پەکەکە لە باشووری کوردستان بێت هێرشە داگیرکەرییەکانى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان هەر هەبووە".

عەبدوڵا مەلا نوی بەم قسانەى هەڵوێستی لە دژی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و بەرپرسە فاشیستەکانی ئەردۆغان خستەڕوو و وتی "پەکەکە لە لیبیا نییە، پەکەکە لە سوریا نییە، پەکەکە لە ئەفریقا نییە، پەکەکە لە بەغدا نییە. جوڵەى سیاسیی ئەردۆغان جموجوڵی داگیرکەرییە. لە چوارچێوەى هێرشەکاندایە بۆ سەر باشووری کوردستان. تورکیا پەکەکەى کردووەتە پاسا بۆ لەناوبردنی هەرێم. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت، کە شەڕی تورکیا راستەوخۆ بۆ لەناوبردنی هەرێمی کوردستانە. راستییەکیش هەیە، کە دەبێت مرۆڤ بڵێت، پەکەکە نوێنەرایەتیی رەوای کێشەى کورد دەکات".

عەبدوڵا مەلای نوری وتی "بێدەنگیی پەرلەمانتاران و حکومەتی هەرێم و حیزبە سیاسییەکان، بە شێوەى جۆراجۆر خزمەت بە داگیرکەر دەکەن. ئەرکی ئەوانە، کە هەڵوێستیان هەبێت".

هاوژین مەلا ئەمین مامۆستای زانکۆ کەمپەینی واژۆکردنی بە گرنگ زانی و وتی "گەلی باشووری کوردستان و هێزە سیاسییەکانی پێکەوە هێزیان بۆ ئەو چالاکییە یەکبخەن و ئەوە دەتوانێت داگیرکەر لەسەر خاکی باشووری بکاتە دەرەوە".

هاوژین مەلا ئەمین مامۆستای زانکۆی سلێمانى لە دژی ئەوەى کە دەوترێت "پەکەکە تیرۆریستە، پەکەکە با لە خاکی باشووری کوردستان بڕواتە دەرەوە" هەڵوێستی نیشان دا و وتی "پەکەکە شکۆیەکە بۆ کورد و کوردستان. پەکەکە هێزی رزگاریی گەلی کوردستانە. لە هەر چوارپارچەى کوردستان شەڕی پەکەکە شەڕە بۆ رزگاریی گەلی کورد. هاتنی سەربازانی تورک بۆ باشووری کوردستان پەیوەندیی بە پلانی تورکیاوە هەیە لە چوارچێوەى ئەوەى پێی دەڵێن، میساقی میللی. پەیوەندیی بە خۆسەپاندن نەخشەی نوێیانەوە هەیە. شەڕی پەکەکە بۆ ئەوان تەنها پاساوە. تورکیا لە بەرامبەر شەڕی پەکەکەدا شکستی هێناوە، بەڵام بەو پاساوەوە هاتوە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات".

هاوژین لە بەردوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت "حکومەتى هەرێمی کوردستان، هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە بەرامبەر ئەوەدا نابێت بێدەنگ بن. پێشمەرگەکانى کوردستان نابێت بێدەنگ بن و دەبێت هەڵوێستان هەبێت، عێراق دەبێت بە روونی و ئاشکرا هەڵوێستی بەرامبەر بەو داگیرکەرییە هەبێت. ئەو داگیرکەرییە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە و جینۆسایدی گەلی کوردی کردووەتە ئامانج".

لە ٣٠ی حوزەیراندا لە بناری قەندیل بە پێشەنگایەتیی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و لە چوارچێوەى هەڵمەتی "بیڕوخێنە" سەفەربەری بۆ حەفتانین و بۆ دەرکردنی سوپای تورکی داگیرکەر لە خاکی باشوور و عێراق کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە دەستیپێکرد.

کەمپەینەکە لە سەرتاسەری باشووری کوردستان بەردەوامیی هەیە.

ژ.ت