توركیا بۆ گه‌شتیاران شوێنێكی مه‌ترسیداره!
په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا ئووللا یه‌لپكه داوای بایكۆتكردنی گه‌شتیاریی توركیای كرد و وتی: ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په، توركیای كردۆته دیكتاتۆره‌تییه‌كی فاشیست.
په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا ئووللا یه‌لپكه داوای بایكۆتكردنی گه‌شتیاریی توركیای كرد و وتی: ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په، توركیای كردۆته دیكتاتۆره‌تییه‌كی فاشیست.
سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، وه‌رزشكار و داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤی ئه‌ڵمانی، كوردستانی و توركیایی كه له ئه‌ڵمانیا ده‌ژین، ده‌رباره‌ی بایكۆتكردنی شمه‌كی توركی و گه‌شتیاریی توركیا بۆ ڕۆژنامه‌ی «یه‌نی ئۆزگور پۆلتیكا» قسه‌یان كرد.
ئووللا یه‌لپكه په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا ده‌ستنیشانی كرد كه ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی ئاكه‌په توركیای كردۆته دیكتاتۆره‌تییه‌كی فاشیست. وتیشی: بایكۆتكردنی گه‌شتیاریی توركیا، له‌پێناو ڕێگرتن و ته‌نگاوكردنی ڕژێمی ئه‌ردۆغان هه‌نگاوێكی گرینگه.
یه‌لپكه ده‌پرسێت: له وه‌ڵاتێكدا كه بووه به ئه‌شكه‌نجه‌خانه، ئایا مرۆڤ چۆن ده‌توانێت پشوو بدات و ماوه‌ی پشووی تێدا به‌سه‌ر ببات؟ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد هه‌ر یۆرۆیه‌ك كه بۆ توركیا ده‌چێت، ڕژێم به‌هێز ده‌كات و ده‌بێته هاوكارییه‌ك بۆ شه‌ڕی دژ به گه‌لی كورد.
توركیا شوێنێكی مه‌ترسیداره
په‌رله‌مانتاری پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا كۆرنایلا مۆیهرینگ-یش وتی: من تێده‌گه‌م كه مرۆڤه‌كان بۆچی نایانه‌وێت بچنه وه‌ڵاتێك كه زیندانیی سیاسی لێ هه‌یه و خه‌ریكن سزای له‌سێداره‌دان سه‌رله‌نوێ ده‌كه‌نه ڕۆژه‌ڤ. من توركیا به شوێنێكی مه‌ترسیدار بۆ ئه‌و كورد و توركانه ده‌بینم كه خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌ڵمانیان. مۆیهرینگ ده‌ستنیشانی كرد كه ئه‌و هیچ جارێك نه‌چووه بۆ توركیا و پلانیشی نییه كه بچێت. وتیشی: «ئه‌گه‌ر بچم بۆ توركیا ته‌نیا بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردن ده‌چم.»
پاره‌كه‌ی له دژی منداڵانی كورد ده‌بێته فیشه‌ك
هه‌روه‌ها جانسوو ئۆزده‌میر په‌رله‌مانتاری هه‌رێمی هامبۆرگی پارتی چه‌پی ئه‌ڵمانیا ئاماژه بۆ سیاسه‌ته شه‌ڕخوازانه‌كانی ڕژێمی ئه‌ردۆغان ده‌كات و ده‌ڵێت: بۆ ڕێگرتن له سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه، پێویسته ئابووری توركیا ته‌نگه‌تاو بكرێت. ئۆزده‌میر ده‌ستنیشانی كرد كه ڕێی هه‌ره كاریگه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، بایكۆتكردنی كه‌لوپه‌لی توركی و بایكۆتكردنی گه‌شتیاریی توركیایه.
جانسوو ئۆزده‌میر وتیشی: پێویسته به‌باشی ڕای گشتی تێبگه‌یه‌نرێت كه ئه‌و پاره‌یه‌ی به شمه‌ك و كه‌لوپه‌لی توركی ده‌درێت یان له گه‌شتی توركیا خه‌رج ده‌كرێت، له دژی منداڵانی كورد ده‌بێته فیشه‌ك.
«پشووی خۆم له توركیا به‌سه‌رنابه‌م»
بابارا شمیدت نوێنه‌ری پارتیی چه‌پی ئه‌ڵمانیا له بیله‌فێلد ده‌رباره‌ی بایكۆتكردنی شمه‌ك و گه‌شتیاریی توركیا وتی: له ڕاستیدا من زۆر حه‌زم له گه‌شت و گه‌ڕانه بۆ وه‌ڵاتانی دیكه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا بیرم له‌وه نه‌كردۆته‌وه به‌مه‌به‌ستی پشوودان بچم بۆ توركیا.
«من چووم بۆ هه‌رێمی كوردستان له توركیا. له‌وێ بینیم كه زه‌ختێكی چۆن له مرۆڤه‌كان ده‌كرێت. له بارودۆخێكی وه‌هادا بیر له‌وه ناكه‌مه‌وه بچم بۆ توركیا و پشووی خۆم له‌وێ به‌سه‌ر به‌رم. نا بۆ گه‌شتیاریی توركیا... بۆ گه‌شت و پشوودان نه‌چن بۆ توركیا!»
چوون هه‌یه، به‌ڵام له‌وانه‌یه گه‌ڕانه‌وه نه‌بێت
كلاوس رێز، سیاسه‌تمه‌داری پارتی سه‌وزی ئه‌ڵمانیا هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه زۆر جار چووه بۆ توركیا، به‌ڵام توركیا بۆ ئه‌و و خانه‌واده‌كه‌ی شوێنی پشوودان نییه. رێز ده‌ستنیشانی كرد كه ئه‌و له دژی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان هه‌ڵوێستێكی سیاسی هه‌یه و وتی: «له ڕاستیدا ده‌ترسم كاتێك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م بچین بۆ توركیا، نه‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه.»
توركیا وه‌ڵاتی گه‌شت و گه‌ڕان نییه، وه‌ڵاتی شه‌ڕه
رالف داسكی داكۆكیكاری مافه‌كانی مرۆڤ باس له‌وه ده‌كات كه هه‌تا ئێستا به‌مه‌به‌ستی گه‌شت و پشوودان نه‌چووه بۆ توركیا. ناوبراو وتی: من هه‌میشه توركیام وه‌ك وه‌ڵاتێكی شه‌ڕ بینیوه. وه‌ڵاتێك كه بۆمبی لێ ده‌ته‌قێته‌وه، وه‌ڵاتێكی گلادیۆ، ئایینپه‌رست و فاشیست كه بۆمبی لێ ده‌ته‌قێننه‌وه. له‌به‌رئه‌وه قه‌ت بیر له‌وه ناكه‌مه‌وه بۆ گه‌شت و گه‌ڕان بچم بۆ توركیا.
داسكی داوای له‌و كه‌سانه كرد كه پلانی گه‌شتی توركیایان هه‌یه، نه‌چن بۆ توركیا.
عه‌له‌وییه‌كان پشتگیری له بایكۆت ده‌كه‌ن
حوسه‌ین یڵدز یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی عه‌له‌وییه‌كان له بیله‌فێلد-ی ئه‌ڵمانیا ده‌ستنیشانی كرد كه كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌له‌وی پشتگیری له هه‌ڵمه‌تی بایكۆتكردنی شمه‌ك و گه‌شتیاریی توركیا ده‌كات.
یڵدز وتی: ده‌وڵه‌تی توركیا سه‌رچاوه‌سیاسی و ئابوورییه‌كانی گه‌لان به‌كاردێنێت و له دژی كوردان شه‌ڕ ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ئابووری و سیاسی به فاشیزمی ئاكه‌په - مه‌هه‌په نه‌درێت، پێویسته هه‌موو كه‌سێك بایكۆتكردنی ئابووری و گه‌شتیاریی توركیا وه‌ك ئه‌ركێك ببینێت.
بایكۆت به‌شێكه له خۆپاراستن
گاریپ نوورهاك هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی شتوتگارت ده‌ڵێت: وه‌ك كوردستانییه‌كی عه‌له‌وی پشتگیری له كه‌مپینی بایكۆتكردنی شمه‌ك و گه‌شتیاریی توركیا ده‌كه‌م.
«ئه‌وانه‌ی دوێنێ گه‌لی مه‌زڵوومی ئه‌رمه‌نییان قڕ كرد، ئه‌مڕۆش ده‌یانه‌وێت هه‌مان شت له به‌رانبه‌ر كوردان بكه‌ن. سبه‌ینێ هه‌مان مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر عه‌له‌وییه‌كان. له‌و شوێنه‌ی زووڵم هه‌یه، خۆپاراستن ڕه‌وایه و مافێكی مرۆییه. بڕیاری بایكۆتیش به‌شێكه له خۆپاراستن.»
s.m