تورکیا کەمپەینى "نەبە بە شوان ببە بە جەردەوان" بەڕێوەدەبات

دەوڵەتى تورکیا لە ناوچەکانى پایزئاڤا و ئەدرەمێنت لە پارێزگاى وان بە دروشمی "نەبە بە شوان ببە بە جەردەوان" بە دواى جاشدا دەگەڕێت.

لیژنەى جەردەوانیى دەوڵەتى تورکیا لە پارێزگاى وان دەیەوێت شوانەکان و هاووڵاتییانى گوندەکان بکات بە جەردەوان و بۆ ئەوەش دەستیان بە هەڵمەتێک بە ناوی "تۆ تا ماویت دەتەوێت شوانی بکەیت؟ نەبە بە شوان، ببە بە جەردەوان" و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە جەردەوانى بەسەر کورد دا بسەپێنن.

گروپێک بە ئۆتۆمبیل چوونەتە گوندی خۆشابی ناوەندی جەردەوانەکان لە ناوچەى پایزئاوای پارێزگاى وان داوایان لە هاووڵاتییان بە تایبەتى شوانەکان کردووە ببن بە جەردەوان.

عوسمان دۆگرمانجی قائیقمامی پایزئاڤا لەگەڵ ئەنجوومەنى گوندەکان کەوتوونەتە کار بۆ ئەوەى قەناعەت بە هاووڵاتییان بکەن تاوەکو ببنە جەردەوان.

 لیژنەى جەردەوانیى دەوڵەتى تورکیا لە پارێزگاى وان داوای لە هاووڵاتییانی گوندەکان کردووە تا ماون شوانی نەکەن و ببنە جەردەوان و بۆ ئەوەش چەندین بەڵێنى ئابوورییان داوە و دەیانەوێت لە رێگەى ئەو بەڵێنە ئابوورییانەوە خەڵک بۆ جەردەوانى رابکێشن.  

لە مەولودیشدا خەڵک هان دەدەن ببنە جەردەوان

دۆگرمانجی هەفتەى رابردوو و بە پاساوی موحەڕەم چوو بۆ گوندی خۆشاب و مەولودی لەو گوندەدا کردبوو و لە مەولودەکەدا باسی گرنگیى جەردەوانیى کردبوو.

بۆ ئەوەى بیانکەنە جەردەوان پێشبڕکێى راکردنیان بۆ دانان!

ئەوانەى لە ناوچەى ئەدرەمێنت قەناعەتیان پێکراوە ببنە جەردەوان، هەفتەى رابردوو تاقی کرانەوە. دوای ئەوەى پێشبڕکێى راکردن بەڕێوەچوو، ٤٨ کەس کە لە تاقیکردنەوەی باشیی تەندروستی و تۆکمەییدا دەرچووبوون کران بە جەردەوان. پێشبڕکێیکە راستەوخۆ لەلایەن قائیمقام و عاتف چیچەکلی قەیومی ئەدرەمێنتەوە بەڕێوەچوو!.

"برسییان بکە و دواتر بیانکە بە جەردەوان و سیخوڕ"

موراد ساری ساچ پەرلەمانتاری هەدەپەى وان رایگەیاند، ئاکەپە هەژاریى گەل بەشێوەیەکى خراپ بۆ خۆی بەکاردەهێنێت. سیاسەتى 'برسییان بکە و دواتر بیانکە بە جەردەوان و سیخوڕ" لەسەر خەڵکى هەژار بەڕێوەدەبات. لەو رێگەیەشەوە دەیەوێت فیتنەیى و دووبەرەکێ بخاتە ناو کوردەوە.

ساری ساچ راشیگەیاند "لە ئێستاوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەش جەردەوانى بەسەر گەلدا دەسەپێنن. دەیانەوێت لە هەموو گوندەکاندا جەردەوانیان هەبێت. لەو رێگەیەوە دەیانەوێت یەکێتیى نێوان گروپە بچووکەکانى کۆمەڵگەش تێکبدەن".

ر.م