جان: تێکۆشانی سەربازی دەگەیەنینە بەرزترین ئاست

فەرزاد جان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری هەبەدەهە رایگەیاند، لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانى ئاکەپە تێکۆشانی سەربازی دەگەیەننە بەرزترین ئاست. راشیگەیاند "بۆ تێکشکاندنی ئەو هێرشە فاشیستییانە، پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەش هەیە".

- بادینان

فەرزاد جان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) لەبارەى چالاکییەکانى ئەمدواییەی هەبەدەهە و تێکۆشانەکانیان لە ئێستا بە دواوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

فەرزاد جان رایگەیاند، دەوڵەتى تورکی قڕکە لە رووی سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە قەیران و گێژاوێکى گەورەدایە، ئەو شەڕە کە ساڵەهای ساڵە لە باکووری کوردستان دەیکات گواستویەتییەوە بۆ سەرتاسەری تورکیا، باکووری سوریا و باشووری کوردستان.

جان راشیگەیاند، دەسەڵاتێک کە نەتوانێت کێشەکانى وڵات چارەسەر بکات و رۆژ بە رۆژ پشتیوانی کۆمەڵگە لە دەست بدات، ئەوە یانی لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت کۆمەڵگە بەڕێوەببات. لەبەر ئەوەیە دەسەڵات هێرشە داگیرکەرییەکانى دەکاتە سەر رۆژئاوا و باشوور و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە قەیرانە ئابوورییەکەى بشارێتەوە و باجی ئەو قەیرانەش لە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەسەنێت.

جان ئەوەشی راگەیاند، "بە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانى گەلی کورد لە ناو ببات، بۆ ئەوەش سەرەتا دەیەوێت بزووتنەوەى ئازادیی کورد و هێزە شۆڕشگێرە پێشەنگەکان، حیزب و بزووتنەوە دژە فاشیستییەکان و رێکخستنەکانى ژنان بێ ئیرادە بکات، کرێکاران و زەحمەتکێشان نا ئومێد بکات و بەو شێوەیە دەسەڵاتی خۆی بەهێز بکات".

فەرزاد جان باسی ئەوەشیکرد "لە کاتی دەسەڵاتی ئاکەپەدا کۆمەڵکوژکردنی ژنانیش زیادیان کردووە. تەنها تێکۆشان لە دژی فاشیزم بەشی بەرەنگاریی ئەوە دەسەڵاتە ناکات و دەبێت بۆ تێکشکاندنی ئەو هێرشە فاشیستییانە هەموو بەشەکانى کۆمەڵگە و هێزەکان پێکەوە تێبکۆشن".

'توندوتیژیی شۆڕشگێڕی لە دوێنێ زیاتر رەوایە'

فەرزاد جان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕی یه‌كگرتووی گەلان (هەبەدەهە - HBDH) ئاماژەى بەوەکرد، لە بەرامبەر ئەو ئاستە لە فاشیزم، کە هەلومەرجی تێکۆشانی ناتوندوتیژیی نەهێشتووەتەوە و لەو دۆخێکدا کە بواری تێکۆشانی رەوا لە ناوبراوە، توندوتیژیی شۆڕشگێڕیی لە دوێنێ زیاتر رەوایە.

جان باسی ئەوەیکرد، "جگە لە توندوتیژیی شۆڕشگێڕیی رێگایەکی تر لە دژی هێرشە هەمەلایەنەکانى فاشیزم لە گۆڕێدا نەماوە، بۆیە ئەو چالاکییانەى ئەنجام دەدرێن گرنگن. هەبەدەهە لە چالاکییەکانی ئەمدواییەدا رۆژەڤی خوڵقاندووە. مەترسیی دایە پێش چاوی خۆی و ئەو چالاکییانەى کە ئەنجامیداون هەم لە رووی ئازایەتی و هەم لە رووی چۆنیەتییەوە چالاکیی گرنگن".

فەرزاد جان رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە بە شێوەیەکى ئاشکرا کۆمەڵکوژی و ئەشکەنجە دەکەن، چونکە دەیانەوێت گوشار لە کۆمەڵگە بکەن و بە چاوترساندن کۆمەڵگە ملکەچی دەسەڵاتەکەیان بکەن، بۆیە دەبێت چالاکییەکانیان لە گەورە شارەکاندا بکەن.
فەرزاد جان ئەوەشی راگەیاند، "دەبێت شەڕ لە ناو دڵی فاشیزمدا بەڕێوەببرێت. جگە لەوە رێگایەکى تر و ئەڵتەرناتیڤێکی تر نییە. ئەوە بەو مانایە نییە کە چالاکییەکانى گۆڕەپانی تێکۆشانی رەوای فیعلی گرنگ نین، بەڵکو هەڵەیە مرۆڤ چاوەڕێ بێت فاشیزم بە چالاکیی لەو جۆرە لاواز بکرێت. بۆیە بە گەورەکردنی چالاکیی سەربازی، بە بەهێزکردنی بەشداربون لە ناو ریزەکانى گەریلا لە چیاکان و شارەکاندا، بە بەرفراوانکردنی گۆڕەپانی تێکۆشانی گەریلایی، بە رێکخستنکردن لە دەوری کۆمیتەکانى بەرخودان و لایەنگران، دەتوانین تێکۆشانی ئەنجامگیر بەڕێوەببەین".

فەرزاد جان ئەوەشی خستەڕوو، بۆ تێکشکاندنی فاشیزم دەبێت هەڵمەتە سیاسی و رێکخستنییەکانمان بەهێز بکەن و وتی "ئێمە هێزەکانمان بەپێی هەلومەرجی خۆسەر و دۆخی نوێ و لەسەرنوێ دابڕێژینەوە و جێگیریان بکەینەوە. لەو رێگەیەوە دەمانەوێت تێکۆشانی سەربازی و سیاسیی زۆر زیاتر بەرەو پێش ببەین. ئێمە ئەو چالاکییانەى کە لایەنگران و جەنگاوەرانی هەبەدەهە تاوەکو ئێستا ئەنجامیانداوە بەرفراوان دەکەین و ئەوانە دەگەیەنینە بەرزترین ئاست و رێبازێکى لەو شێوەیە دەئافرێنین، کە زۆر بە هێزتر گورز لە رژێمى زۆردار و ملهوڕ بدەن".

فەرزاد جان ئەوەشی دەستنیشانکرد، بۆ تێکشکاندنی فاشیزم و مسۆگەرکردنی داهاتووی گەل ناچارن ئەوە بکەن و هەموو کەس و هەموو دام و دەزگاکانی سەر رژێمی ئاکەپە و مەهەپە و سوپا دەکەنە ئامانجیان.

لەو چوارچێوەیەدا داوا لە گەلانی بندەست، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان و گەنجان دەکەین، کە لە دەوری بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی گەلان، بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی ژنان و بزووتنەوەى یەکگرتووی گەنجان کۆببنەوە و تێبکۆشن.

ژ.ت