جموجوڵی سەر سوریا زیادیکرد و چەند هێزێک هێرشیان کردە سەر یەکتر

دواى هێرشە مووشەکییەکە بۆ سەر چەند شارێکى سوریا راگەیاندرا، فڕۆکەیەکى رووسیا خراوەتە خوارەوە. باس لەوەش دەکرێت هێرشەکە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنسا و ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت.

ئاژانسى هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر دامەزراوە پیشەسازی و تەکنەلۆژییەکانى سوریا لە شاری لازقیە.

ئاماژە بەوەدەکرێت، بەشێک لەو مووشەکانەى لە دەریاوە ئاراستەى سوریا کراون لەلایەن سیستمى بەرگریى ئاسمانیى سوریاوە تێکشکێنراون، بەڵام لەبارەى ئەو مووشەکانەى کە تێکنەشکێنراون هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.

فڕۆکەیەکى رووسیا لە دەریاى سپی "ون" بووە

سەرچاوە جۆراجۆرەکان، بە تایبەتى میدیاکانی رووسیا و سوریا باس لەوە دەکەن هێرشەکە بۆ سەر سوریا لەلایەن ئەمریکا و فەرەنسا و ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە.

لەوبارەیەوە وەزیرى بەرگریى رووسیا رایگەیاندووە، یەکەیەکى فەرەنسا لە رۆژهەڵاتى دەریاى سپیى ناوەڕاست بەشداریى لە هێرشەکەدا کردووە.

راشیگەیاندووە، لە کاتى هێرشەکەى سەر لازقیەدا فڕۆکەیەکى سەربازیى رووسیا لە جۆری Il-20  (فڕۆکەی ئیلۆشین ٢٠ تایبەتە بە کاری چاودێری و هەواڵگری و کۆکردنەوەى زانیاری) کە ١٤ کەسی سەربازیی تیادا بووە هێرشى کراوەتە سەر و "ون" بووە و لە کاتژمێر ٢٣:٠٠ەوە پەیوەندیى لەگەڵ ناوەندەکەى پچڕاوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو فڕۆکە رووسییە لە ٣٥ کیلۆمەتریى کەنارئاوەکانى سوریادا پەیوەندیى لەگەڵ ناوەندەکەى پچڕاوە و  هەر لەو کاتەدا ٤ فڕۆکەى ئێف ١٦ى ئیسرائیلی لازقیەیان بۆردومانکردووە.

ر.م