جۆناسۆن: دەمانەوێت ببین بە دەنگ و هاواری لەیلا گیوڤەن

ئۆگموندور جۆناسۆن وەزیرى پێشووی ناوخۆ و دادی ئایسلەندا کە بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان چووە بۆ تورکیا رایگەیاند، گۆشەگیری قبوڵ ناکرێت. راشیگەیاند، دەیانەوێت ببن بە دەنگ و هاواری لەیلا گیوڤەن.

ئەندامانى شاندی ئاشتیى نێونەتەوەیى بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتن، کە لە پێناو کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەدەچن، گەیشتنە تورکیا و بۆ ئەوەى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەن نامەیەکیان بۆ وەزیری دادی تورکیا نارد.

ئۆگموندور جۆناسۆن وەزیرى پێشووی ناوخۆ و دادی ئایسلەندا یەکێکە لە ئەندامانى شاندی ئاشتیى نێونەتەوەیی  و وەڵامى پرسیارەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

 

"گۆشەگیری لە تورکیا رێگا بۆ ناکۆکی و دووبەرەکێ خۆش دەکات"

جۆناسۆن رایگەیاند، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان لە تورکیا رێگا بۆ ناکۆکی خۆش دەکات و حکومەتیش سوود لەو ناکۆکی و دووبەرەکییە وەردەگرێت. راشیگەیاند، هەوڵەکانى ئۆجالان بۆ ئاشتى زۆر گرینگن و وتى "هەوڵەکانى ئۆجالان بۆ ئاشتی لە نێوان ساڵانى ٢٠١٣ – ٢٠١٥ زۆر گرینگ بوون و زۆر بە ئەنجامەکانى دڵخۆش بووم. لە کاتى پرۆسەى ئاشتیدا رێزدار ئۆجالان و ئەردۆغان پێکەوە کاریان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ سەیر دەکەین، کە دۆخی تورکیا باش دیار نییە. دوێنێ ئێمە لەگەڵ رێزدار لەیلا گیوڤەن و رێکخراوە مەدەنییەکاندا دانیشتین، تاکە شتێک کە زۆر خۆی دایە پێش بابەتى گۆشەگیری بوو. ئەگەر ئەمڕۆ گۆشەگیری لاببرێت ئەوا رێگا بۆ دیالۆگ دەکرێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئامانجێکى باش و ئاشتی لە تورکیاین. ئێمە داوامان ئەوەیە کە هەموو گەلانى تورکیا لە ئاشتی و ئارامیدا بژین".

"ئۆجالان ژیانێکى ئازاد و دیموکراتیک پێشنیاز دەکات"

جۆناسۆن ئەوەشی راگەیاند، ئۆجالان نەک تەنها بۆ تورکیا، بەڵکو بۆ ئێمە و هەموو مرۆڤایەتى رێنوێنیى ژیانێکى نوێی ئافراندووە و وتیشی "ئۆجالان مۆدێلی ژیانى نوێ، ئازادی، دیموکراسی و پێکەوە ژیانى پێشنیاز کردووە. بە تایبەتى تێکۆشانێکى بێ هاوتای بەڕێز ئۆجالان بۆ دیموکراسی و ژیانى ئازادی ژن لە گۆڕێدایە. رێزدار ئۆجالان لە وتەیەکیدا دەڵێت 'کۆمەڵگەیەک ژن تیایدا ئازاد نەبێت، ئەو کۆمەڵگەیە ئازاد نییە'. ئەو وتە و داخوازییە رێگا بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە دەکاتەوە و ژیانى ئازاد پێشنیاز دەکات. ئەو هەڵمەتە نەک تەنها بۆ تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، بەڵکو هەڵمەتێک بۆ هەموو گەلانى جیهانە".

"حقوقێکى تایبەت"

جۆناسۆن ئاماژەى بەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک گۆشەگیری قبوڵ ناکرێت و ئەوەى خستەڕوو "بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان یاسا و حقوقێکى تایبەت جێبەجێ دەکرێت. دەبێت ئەو یاسایە، کە بەپێى کەسەکان بەڕێوەدەبرێت زۆر بە توندی رەخنە بکرێت، چونکە ئەوە لە دژی مافەکانى مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە. بۆیە دەبێت بە شێوەیەکى توند رەخنە بکرێت. بە بڕواى من ئۆجالان بۆ ئەو کەسانەى، کە دەیانەوێت لە ئاشتیدا بژین، مەترسی نییە. من لە دژی هەموو شێوازەکانى گۆشەگیرکردنم. من لەگەڵ بیری ئازاد و کۆمەڵگەى ئازاد دام. داواى چالاکییەکانى مانگرتنى بێسنوور روون و ئاشکران. تەنها دەیانەوێت تورکیا بەپێى یاساکانی خۆی بجوڵێتەوە و گۆشەگیریى سەر رێزدار ئۆدالان کۆتایى پێبهێنرێت. ئەوانەش داواى رەوان".

"کارى شاراوە و ژێربەژێر قبوڵ ناکرێن"

جۆناسۆن لێکدانەوەى بۆ هەڵوێستى رێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) کرد و وتی "هەموو کات من لە دژی بێدەنگیى سی پی تی-م. دەبێت سی پی تی بەشێوەیەکى ئاشکرا و روون و بەپێى ئەرکەکانى خۆی بجوڵێتەوە و ئەوەش ئەرکە سەرەکییەکەیەتى. لە بابەتێکی ئەوەندە گرینگى لەمشێوەیەدا کردەوەى شاراوە و ژێربەژێر قبوڵ ناکرێن".

"دەبێت گۆشەگیری نەمێنێت"

جۆناسۆن باسی ئەوەیکرد، ئەنجوومەنى پەرلەمانتارانى ئەوروپا چەند رۆژ لەوە پێش لەبارەى تورکیاوە بڕیارێکى دەرکرد و سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریى سەر ئۆجالان. جۆناسۆن وتى، ئەنجوومەنى پەرلەمانتارانى ئەوروپا داوایانکرد بە خێرایى گۆشەگیری کۆتایى پێبهێنرێت و ئەوانیش بەناوى شاندەکەوە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى پەرلەمانتارانى ئەوروپا قبوڵ دەکەن و پشتیوانیى لێدەکەن.

"دەبێت هەموو دونیا راستییەکانى تورکیا ببینن"

جۆناسۆن ئەوەشى خستەڕوو، لە بەرامبەر بە گوشارەکانى تورکیا لە دژی کوردان سەری سوڕماوە و وتی "دەبێت هەموو دونیا راستیى تورکیا ببینێت و لە دژی ئەو زوڵمە دەستبەکار ببن. رێزدار لەیلا گیوڤەن دەڵێت 'رەنگە بە مردنی من گۆشەگیری کۆتایى پێنەیەت، بەڵام دەبێتە هۆی دروستبوونى مشتومڕێکى زۆر لەسەر گۆشەگیری'. لێرەدا ئەرکی ئێمە دیموکراسی و داکۆکی لە مافەکانى مرۆڤە. دەنگدانەوەى هاوارەکەى لەیلا گیوڤەنە".

ر.م