وابڕیارە لە ٣٠ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی خوولی نوێی پەرلەمانی هەرێـمی کوردستان بەڕێوه‌بچێت. لە کۆی ٢٨ لیست کە خۆیان ئامادەکردبوو بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەکان، تەنها لیستی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان ڕێی پێنه‌درا بەشداری هەڵبژاردنه‌كه بکات.
دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و پارته له هه‌ڵبژاردن، به بیانووی ئەوەیه كه تەڤگەری ئازادی مۆڵه‌تی فەرمی نییە بۆ بەشداربوون، ئەوە لە کاتێکدایە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگه‌ی کوردستان مۆڵەتی فەرمی وه‌ك پارتێكی سیاسی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنه‌كانی عێراق وەرگرتووه و مافی کارکردنی لە تەواوی سنووری عێراق و هەرێـمی کوردستانیش هەیە.
حوسێن کەرکووکی ئەندامی دەستەی سەرۆکایه‌تیی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات ANF دوا و ڕایگه‌یاند: وەک ئەرکێكی ئه‌خلاقی و سیاسی بە ئامانجی چاره‌سەری و پێشكه‌شكردنی پرۆژەکانمان بۆ رزگارکردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ویستمان به‌شداربین لە هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئه‌یلوول. كه‌ركووكی گوتیشی: هەوڵی زۆرمان لەو پێناوە داوه، بەڵام بەداخەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی ته‌ڤگه‌ری ئازادی دوورخستەوە لەو پرۆسەیە.
حوسێن کەرکووکی گوتی: نە دادگه‌كانی هه‌رێم نە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەربەخۆ نین و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بە پیلانێك تەڤگەری ئازادییان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دوورخستووه‌ته‌وه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی، پارتی دیموكراتی کوردستان - په‌ده‌كه تۆمەتبار دەکات بەوەی کە نەیهێشتووه تەڤگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت. ناوبراو ڕایگه‌یاند: بریارەکەی پارتی بڕیارێكی سیاسییە، بەڵام دەیانه‌وێت بیكه‌نه بڕیارێكی قانوونی. حوسێن كه‌ركووكی ڕەخنە لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دەگرێت و ده‌ڵێت: لایه‌نە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان بە دیموكراتیخواز ئازادیخواز دادەنێن، بەڵام له به‌رانبه‌ر ئەو پیلانگێڕییه جگە لە «نەوەی نوێ» هیچ لایه‌نێكی سیاسی هه‌ڵوێستی نەبوو.
حوسێن كه‌ركووكی هێمای بۆ ئه‌وه كرد، دۆخی سیاسیی هەرێم چەقی بەستووە و لە ٢٠١٤-ه‌وە پەرلەمان پەکخراوە و سەرۆکایەتیی هەرێم بێ سەرۆک ماوەتەوە، هەرێمەکە تووشی ئاڵۆزییه‌کی سه‌ختی ئابووری و سیاسی بووە.
لە بەردەوامی لێدوانه‌كه‌یدا حوسێن کەرکووکی ئەندامی دەستەی سەرۆکایه‌تیی تەڤگەری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ڕایگه‌یاند، بە قەدەغەکردنی ته‌ڤگه‌ر لە بەشداریكردنی پڕۆسه‌ی هەڵبژاردنەکان، تەواوی پرۆسەکە و کۆمسیۆن و دادگه‌ش ده‌كه‌وێته ژێر پرسیارەوە، هه‌روه‌ها له ماوه‌یه‌كی نزیکدا ئێمە دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ پێگەی جەماوه‌ریی ناوخۆمان، هەڵوێستمان دەربارەی هەڵبژاردنەکان ڕاده‌گه‌یه‌نین.
s.m